نتانیاهو شکستی حزبەکەی لە پێکهێنانی حکوومەت راگەیاند

:: AM:10:58:22/10/2019 ‌

 

هەوڵەکانی بنیامین نتانیاهو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت سەری نەگرت و فرمانی پێکهێنانی حکوومەتی گەڕاندەوە بۆ سەرۆک کۆماری ئیسڕائیل، ئەوەیش تەنگژەی سیاسیی لەو وڵاتە هێندەی تر قوڵ کردووەتەوە و ئێستا بنی گانتس رکابەری نتانیاهو لەلایەن سەرۆ کۆمارەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکی سیاسی دروست بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

گانتس 28 رۆژ مۆڵەتی لەبەر دەستە رێگەچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بەو تەنگژەیە بدۆزێتەوە

ئەمڕۆ سێشەم 22ی تشرینی یەکەم، ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلە ئاشکرای کردووە، بنیامین نتانیاهو شکستی حزبەکەی لە پێکهێنانی هاوپەیمانی بۆ دروستکردنی کابینەی نوێی حکوومەت راگەیاندووە، نتانیاهوو سەرۆکی حزبی کۆنەپارێزی لیکود لەدوای هەڵبژاردنەکان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە راسپێردرا بۆ پیکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ ئەوەی کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنن.


ئێستا نتانیاهوو دەڵێ، نەیتوانیوە ئەو هاوپەیمانێتییە لەگەڵ لایەنەکان پێک بهێنێت و شکستی حزبەکەی لەو پیوەندییەدا رادەگەیەنێت و فرمانی کۆماری جارێکی تر دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرۆک کۆمار.

لیبەرمەن ئامادە نییە هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ کام لەو لایەنانە پێک بهێنێت

رووین ریوڵین، سەرۆک کۆماری ئیسڕائیل دەستبەجێ رای گەیاند، بنی گانتسی رکابەری نتانیاهوی راسپاردووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ئیسڕائیل.


ئێستا گانتس 28 رۆژ مۆڵەتی لەبەر دەستە بۆ ئەوەی بتوانێت رێگەچارەیەک بۆ کۆتایی هێنان بەو تەنگژە سیاسییەی ئیسڕائیل بدۆزێتەوە و حکوومەتێکی هاوپەیمانی پێک بهێنێت.


ئەو تەنگژەیە لە هەڵبژاردنی یەکەمی پەرلەمانی لە مانگی نیسان/ئەپریلی ئەمساڵدا سەری هەڵدا و لە هەڵبژاردنەکەدا نتانیاهوو و رکابەرەکانی هیچیان نەیانتوانی رێژەی یاسایی بۆ پیکهێنانی حکوومەت بەدەست بهێنن و جارێکی تر هەڵبژاردنەکان لە مانگی ئەیلوول/سێپتەمبەر دووبارە کرایەوە.


بەر لە دووبارەبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان بە ناوبژیوانی سەرۆک کۆماری ئیسڕائیل بڕیار بوو بنی گانتس و بنیامین نەتانیاهوو لەسەر پێکهێنانی "هاوپەیمانی گەورە" گفتوگۆ بکەن، بەڵام گانتس ئەو داوایەی رەت کردەوە و رای گەیاند، ئەوان وەک هاوپەیمانی "سپی و شین" ئامادە نین لەبارەی پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی لیکود هیچ دانوستاندنێک بکەن، ئەوەیش وای کرد تەنگژە سیاسییەکە هێندەی تر قوڵ ببێتەوە و هەڵبژاردنی دووەم لە مانگی ئەیلوول بەڕێوەچوو.


بەڵام هەڵبژاردنی دووەمیش نەیتوانی هیچ گۆڕانکارییەک لە رێژەی کورسییەکانی پەرلەمان دروست بکات، حزبی لیکود بە سەرۆکایەتی نتانیاهو 32 کورسی پەرلەمانی بردەوە و هاوپەیمانی "شین و سپی" بە سەرۆکایەتی گانتس 33 کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا.


جارێکی تر لەدوای هەڵبژاردنی دووەمی پەرلەمان سەرۆک کۆماری ئیسڕائیل داوای پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانی نێوان حزبی لیکود و هاوپەیمانی "سپی و شین"ی کرد، بەڵام هەوڵەکان بۆ پیکهێنانی ئەو حکوومەتە هاوپەیمانە شکستی هێنا و گانتس جارێکی تر ئەو داوایەی رەت کردەوە.


بۆ تەواوکردنی رێژەی یاسایی کورسییەکان بۆ ئەوەی لایەنێکیان بتوانن حکوومەت پێک بهێنن، هەریەک لەو دوو حزبە پێویستیان بە هاوپەیمانێتی حزبی ناسیۆنالیستی "ئیسرائیل ماڵی ئێمەیە" بوو بە سەرۆکایەتی ئاڤیگدۆر لیبەرمەن، بەڵام لیبەرمەن رای گەیاند، پشتیوانی لە هیچیەک لەو دوو حزبە ناکات.


هەر بەهۆی ئامادەنەبوونی لیبەرمەن بوو هەوڵەکانی نتانیاهو لە هەڵبژاردنی یەکەم و لەدوای هەڵبژاردنی دووهەمیش هیچ ئاکامێکی نەبوو و نەیتوانی کابینەی نوێی حکوومەت پێک بهێنێت.


ئێستا کە نەتانیاهو شکستی حزبەکەی لە دروستکردنی کابینەی حکوومەت راگەیاندووە، دیسان سەرجەم چاوەکان بڕاونەتە سەر لیبەرمەن بۆ ئەوەی لەگەڵ گانتس رێک بکەوێت و حکوومەتێکی هاوپەیمانی نوێ پێک بهێنێت.


بەڵام بەپێی ئەو راپرسییانەی لەناو ئیسڕائیل کراوە، لیبەرمەن ئامادە نییە ئەو هاوپەیمانێتییە پێک بهێنێت و شکستی لیستی هاوپەیمانی "سپی و شین" بۆ پێکهێنانی حکوومەت تا رادەیەک مسۆگەرە.


ئەگەر هاوپەیمانی "سپی و شین" نەتوانێت ئەو راسپاردەیەی سەرۆک کۆمار بۆ پێکهێنانی حکوومەت جێبەجێ بکات، ئەو تەنگژە سیاسییەی حەوت مانگە بەرۆکی وڵاتی گرتووە، ئیسڕائیل بەرەو کوێ دەبات؟ ئەوە پرسیاری زۆرێک لە میدیا و چاودێرانی سیاسییە کە لێکدانەوە بۆ دۆخی سیاسی ئیسڕائیل دەکەن.


ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ئاماژەی بە یاسای هەڵبژاردنەکانی ئیسڕائیل کردووە و دەڵێ، ئەگەر گانتس نەتوانێت راسپاردەکەی سەرۆک کۆماری ئیسڕائیل جێبەجێ بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەت، جارێکی تر دەبێ هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ئیسڕائیل ئەنجام بدرێتەوە، واتا سێیەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ ئەوەی رێژەیەکی یاسایی دەست بکەوێت و لایەنێک بتوانێت بەتەنیا حکوومەت پێک بهێنێت.

 



وشە - هیدایه‌ت جان