وەزارەتی دارایی عێراق دابەشكردنی زەوی ڕاگەیاند

:: AM:11:03:22/10/2019 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق دابەشكردنی 40 هەزار پارچە زەوی ڕاگەیاند و چەند شوێنێكی تریش دیاری دەكرێت بۆ دابەشكردنی .

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووری كە جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراقیشە هاتووە، بەمەبەستی جێبەجێكردنی كارنامەی حكوومەت لەبارەی دابەشكردنی زەوی بەسەر هاووڵاتییان، فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەتی سەر بەوەزارەتی دارایی و بەهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ  و شارەوانی گشتی و وەزارەتی بەرگری دەستی بەئامادەكردنی زەوی بۆ دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان لەناوچەی زهور (حوسەینیە) كرد.

كار بۆ ئامادەكردن ودروستكردنی 40 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێت
وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای كردووە، كار بۆ ئامادەكردن ودروستكردنی 40 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێت.

باس لەوەشكراوە، كەرتی ژمارە 1501 و 1505 لە ناوچەی زهور حوسەینیە كە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە ئامادەكراوە بۆ دابەشكردن بەسەر ئەوانەی شایستەن و فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەتی سەر بەوەزارەتی دارایی بەردەوامە لە هەژماركردنی زەوی وتەواوكردنی هەموو رێ و شوێنە تەكنیكی و یاساییەكان بۆ دابەشكردنی ئەو زەویانە دەستی پێ‌ كردووە.

ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی عێراق لە كاتێكە لە خۆپیشاندانەكانی سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم حكوومەت بەڵێنی پێدانی زەوی بەسەرجەم ئەو كەسانە دابوو كە هیچ موڵكێكییان نیە.



وشە - رامیار جەواد