ڕووداوەكەی ئەزمەڕ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامی داوە

:: PM:01:12:22/10/2019 ‌
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا هێرشی كردووەتە لەسەر چیای ئەزمەڕ و دوو سەركردەی پەكەكەی كردۆتە ئامانج.

ئەمڕۆ سێشەم 22ـی تشرینی یەكەم، لە ڕاگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان هاتووە، رووداوەكەی 15ی ئۆکتۆبەری 2019 ی چیای ئەزمڕ لە سەعات  5:10 خولەكی دوانیوەڕۆ، دوو كادیری باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان بەناوەكانی (جەمیل) و (دەمهات) لەسەر شاخی ئەزمەر لە ناوچەیەكی گەشتیاری و لەناو خەڵكی مەدەنیدا بەشێوەیەكی دڕندانە كراونەتە ئامانج.
 
لە شاری سلێمانی لە شوێنی گەشتیاریدا كراونەتە ئامانج 
ئاسایش ڕوونی كردووەتەوە، ئەو دوو ئەندامە بەبێ ئاگاداری لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتە ئەو ناوچەیە و دوای لێكۆڵینەوەی چڕوپڕ و بەدەستهێنانی بەڵگەی پێویست لە شوێنی روودانی تاوانەكە، بۆمان دەركەوتووە كە ئەو دوو ئەندامە باڵایەی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەلایەن فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی توركیا و لەناو خەڵكی مەدەنی و لە شاری سلێمانی لە شوێنی گەشتیاریدا كراونەتە ئامانج و ئەمەش پێشێلكاری و دەستپێشخەری و پێشهاتێكی مەترسیدارە و بە هیچ جۆرێك خزمەت بە ئاسایشی هاوبەش و پێكەوەژیان ناكات.
 
باس لەوەیش كراوە، داوا لە هەموو لایەك دەكەین خاكی عێراق و كوردستان بەكار نەهێنن بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دراوسێمان، هەرچەندە پێویستە هاووڵاتییان ئاگاداربن لەو راستییەی كە ئاسمانی هەرێمی كوردستان لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراقییە و ئەو رادارەی كە كەشفی ئاسمانی كوردستان دەكات لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان نییە، لە هەمان كاتدا دڵنیایی دەدەین بە كۆمەڵانی كوردستان، دڵسۆز و تێكۆشەر و ئاشتیخوازی كوردستان و دانیشتووانی شاری سلێمانی كە بە هەموو توانا كار دەكەین بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایش و ئارامی خەڵكی كوردستان و هەموو هەوڵێك دەدەین ئەو كردەوە مەترسیدارە دووبارە نەكرێتەوە.

لەکاتی ڕووداوەكەی 15ـی ئۆكۆتبەر پۆلیسی سلیمانی بڵاوی كردەوە كە نارنجۆكێك بووە و ئەو دوو هاووڵاتییەی كردووەتە قوربانی.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 2011 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌