شارەزایەك: دەبوایە فەرماندە تەناهییەكانی عێراق دادگایی بكرێن

:: PM:05:00:22/10/2019 ‌

ئەمڕۆ سێشەم راپۆرتی لیژنەی باڵای لێكۆڵینەوە لە خۆپێشاندانەكانی سەرەتای ئەم مانگەی عێراق هاتە راگەیاندن و تیایدا چەند خاڵێك لەخۆ دەگرێت لە ژمارەی راستەقینەی قوربانیان و لادانی ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و تەناهی و هیتریش، لەوكاتەی شارەزایەكی ستراتیجی عێراقی دەڵێت دەبوایە ئەو فەرماندانە دادگایی بكرێن نەوەك تەنیا لابدرێن.  

لە سەرەتای ئەم مانگە هەزاران خۆپێشاندەری گەنجی عێراقی دوور لە هێزە سیاسییەكان لە بەغدا و چەند شارێكی عێراق رژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایەتیان لە بەرانبەر بێكاری و هەژاری و نادادوەری دەربڕی، لە بەرانبەردا هێزە تەناهییەكان رووبەڕوویان بوونەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 100 كوژراو و نزیكەی چوار هەزار برینداری لێ كەوتەوە.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە لە رووداوەكانی سەرەتای ئەم مانگە 157 كەس كوژراون كە زۆرینەیان هاووڵاتی بوونە و 70%یان بە گولەی راستەقینە بە قەناسە لە سەر و سنگیانەوە پێكراون، لەو ژمارەیە هەشتیان كارمەندی تەناهین و 3458 كەسیش بریندارن. 

راپۆرتەكە بێ ئەوەی باسی قەناسەكان بكات كە لەسەر تەلارەكان تەقەیان لە خۆپێشاندەران كردووە، بەرپرسیارەتی رووداوەكان و كەوتنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیانی بۆ كەمتەرخەمی فەرماندە تەناهییەكان گەڕاندەوە و رای گەیاند كە دەسەڵاتداران ژمارەیەك فەرماندەی سەربازی و تەناهیان لە حەوت پارێزگا دوورخستووەتەوە، لەوانە لادانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا و جێگرەكەی و رەوانەكردنیان بۆ لێكۆڵینەوە، جیا لە لادانی فەرماندەی پۆلیسی بابل و ناسرییە و دیوانییە و میسان و نەجەف. دوای دەرچوونی راپۆرتەكە دەبێت عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پەسندی بكات بۆ جێبەجێكردنی.

كێ خۆپێشاندەرانی كوشت و كێ فەرمانی تەقەكردنی دا؟
موئەیەد جحێشی، شارەزای ستراتیجی عێراق لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، لە راپۆرتەكە رێنوێنی لادان نەوەك دادگاییكردنی فەرماندە سەربازی و تەناهییەكان هاتووە و ئەوان بە لاوازیی كۆنترۆڵكردن و سەركردایەتی تۆمەتبار دەكات، پرسیار ئەوەیە ئەی بۆ باسی ئەوە نەكراوە كە كێ خۆپێشاندەرانی كوشت و كێ فەرمانی تەقەكردنی دا؟

زیاتر گوتی، ئەو فەرماندە سەربازی و تەناهیانە كە بینیان تەقە لەو خەڵكە دەكرێت، چیان كرد و بۆچی شەقامەكانیان نەپاراست؟، ئەی ئەگەر باسی ئەوانە نەكراوە كە تەقەیان كرد، بۆچی ئەو فەرماندانە دادگایی ناكرێن؟، هەموو ئەوانە لە راپۆرتەكە نەهاتوون، تەنیا ئەوان دوور دەخرێنەوە و دەكرێنە بندیوار. لەوكاتەی راستییەكەی ئەوەیە كە قەناسبەدەستەكانی سەر بە گرووپە چەكدارەكانبوون تەقەیان كرد بە فەرمانی فەرماندەكانیان، بەڵام كێ ئەوە بڵێت؟ 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل