سووریا.. ئەڵمانیا ناوچەیەكی ئارام بە چاودێری توركیا رەت دەكاتەوە

:: PM:06:18:22/10/2019 ‌

ئەڵمانیا رای گەیاند كە دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام بە سەرەپەرشتی توركیا رەت دەكاتەوە و لەو بارەوە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەكانی دەكات، هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەواوبوونی وادەی پاشەكشەكردنی هێزەكانی سووریا دیموكرات لەو ناوچەی بۆیان دیاری كراوە، سەرۆكی توركیا رەتی كردەوە كە ماوەی ئلگربەست درێژ بكرێتەوە.

هایكۆ ماكس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە دامەزراندندنی ناوچەیەكی ئارام لە سووریا كە باڵادەستی توركیا لەو وڵاتە پێشان بدات رەت دەكەینەوە و لەو بارەوەش گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانەكانمان دەكەین. لەو كاتەی پێشتر هێرشە سەربازییەكەی توركیای بە داگیركاری و پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی وەسف كردبوو.

ئەمشەو وادەی ئاگربەستی هێرشەكەی توركیا كۆتایی دێت
بڕیارە سەعات 19:00 بەكاتی گرینیج وادەی ئاگربەستەكەی نێوان سوپای توركیا و هەسەدە لە رۆژئاوای كوردستان تەواو بێت كە لە 17ی ئەم مانگە مایك پێنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە ئەنكەرە پێی گەیشتن بۆ وەستانی هێرشەكەی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ئەردۆغانیش دووپاتی كردەوە كە ئاگربەست درێژ ناكەنەوە. 

ئەردۆغان ئەمڕۆ سێشەم رای گەیاند كە تا ئێستە سەدان شەڕوانی كورد لە نزیك سنوورەكانی توركیا هەن و ئەگەری هەیە دوای تەواوبوونی وادەی ئاگربەست سوپای توركیا دەست بە هێرشەكانی بكاتەوە، بۆیە پێویستە ئەوان لەو ناوچەیە پاشەكشە بكەن.

ئەردۆغان لە فڕۆكەخانەی ئەنكەرە بەر لە چوونی بەرەو رووسیا بۆ دیداری ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی رووسیا بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دۆخی سووریا گوتی، پاشەكشەی شەڕوانانی كورد بەردەوامە و بەپێی زانیارییەكان 700-800یان پاشەكشەیان كردووە و ئەوانەشی ماون 1200-1300ن و ئەوانیش دەیانەوێ پاشەكشە بكەن. بۆیە پێویستە هەموویان بڕۆن، چونكە ئۆپراسیۆنەكە كۆتای نایەت تا ئەوان دەرنەچن.   

لای خۆیەوە ئۆلیج سیرۆمۆلۆتۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا رای گەیاند كە هێرشەكەی توركیا پێشێلی یەكپارچەیی خاكی سووریا دەكات و تەنیا هێزەكانی رووسیا و ئێران بۆیان هەیە بەپێی یاسا لە سووریا بمێننەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 153 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌