پووتین و ئەردۆغان لەبارەی سووریا رێك كەوتن

:: PM:08:40:22/10/2019 ‌

ئەمڕۆ سێشەم لەگەڵ تەواوبوونی وادەی 120 سەعاتی وەك ئاگربەست بۆ رێككەوتنی ئەمەریكا و توركیا لەبارەی رۆژئاوای كوردستان دیاریكرابوو، ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا توركیاییەكەی لەسەر چەند خاڵێك لەبارەی سووریا رێككەوتن.

دوای كۆبوونەوەی هەردوو سەرۆك لە سووچی لە رووسیا، ئەوان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا تیشكیان خستە سەر دۆخی سووریا و خاڵەكانی لەسەری رێككەوتوون لەپێشەوەیان نەهێشتنی بوونی سەربازیانەی نایاسایی لەو وڵاتە و پووتین دووپاتی كردەوە كە ئەردۆغان ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی بۆ روونكردووەتەوە و نابێت ئەوەی لەسەر خاك روو دەدات كار بكاتە سەر پلانەكانی كۆبوونەوەی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە جنێڤ لە هەفتەی داهاتوودا و راشی گەیاند كە ناكرێت تیرۆریستان سوود لە ئۆپراسیۆنەكەی توركیا وەربگرن.

لەوكاتەی ئەردۆغان رای گەیاند كە هێرشە سەربازییەكەیان یەكپارچەیی خاكی سووریا ناكاتە ئامانج و ئەوان توانوویان لەو رێگەوە چوار هەزار كیلۆمەتر لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا داگیر بكەن، وردەكاری هێرشەكەمان بە سەرۆك پووتین راگەیاند و بڕیاریشە سبەی چوارشەم شەڕوانانی كورد لە ناوچەكە پاشەكشە بكەن. 

پۆلیسی سەربازی رووسیا لە ناوچەی ئۆپراسیۆنی توركیا بڵاو دەبێتەوە
دوای ئەوە هەریەك لە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا و مەولوود چاوەیشئۆغڵۆی هاوتا توركییەكەی خاڵەكانی رێككەوتنی هەردوو سەرۆكیان ئاشكرا كرد لەوانە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریا و دۆزینەوەی میكانیزمێكی هاوبەش بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە و بڵاوكردنەوەی پۆلیسی سەربازی رووسیا لە ناوچەكە و پارێزگاریكردن لە رێككەوتنی ئەدەنە.

لاڤرۆڤ روونی كردەوە، لە نیوەشەوی 23ی ئۆكتۆبەر پۆلیسی سەربازی رووسیا و یەكەكانی سوپای سووریا دەچنە ناو ناوچەی ئۆپراسیۆنەكەی توركیا و رووسیا و توركیا هێزی گەڕۆكی هاوبەشیان لەناو ناوچەی ئارام لە باكوری سووریا دەبێت. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 910 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌