ڕێگەی سەرکەوتن ئەگەر بە پلان بێت ئاسانە

:: PM:09:36:22/10/2019 ‌

جیاوازیی نێوان کەسێک کە لە ژیانیدا سەرکەوتووە و کەسێکی تر کە نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، لە کورتترین پێناسەدا بریتییە لەو کەسەی توانیویەتی بۆ خەونەکانی کۆشش بکات و لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت و وێڕای ئاستەنگەکان، هەرگیز کۆڵ نەدات. 
هەمیشە پسپۆڕانی گەشەپێدانی مرۆیی و ئەو مامۆستایانەی هانی فێرخوازان دەدەن چۆن دەبنە کەسانی سەرکەوتوو لە ژیانیاندا، کۆمەڵێ خاڵ و پێوەر دادەنێن کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کەسانی تر دەبنە ڕێچکە بۆ خەڵکی لە داهاتوودا بەهۆیەوە چەندان کەسی شکستخواردوو لە ژیاندا ڕێگەیان دەگۆڕێ و ئەوانیش هەنگاوەکانی سەرکەوتنی خۆیان دەنووسنەوە.

ڕێگه‌كانی سه‌ركه‌وتوون زۆرن، به‌ڵام وه‌ك كۆمه‌ڵناسان باسی ده‌كه‌ن، هه‌میشه‌ مرۆڤه‌ سه‌ركه‌تووه‌كان كۆمه‌ڵێ خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌ناسرێنه‌وه‌. بەپێی دوایین لێکۆڵینەوەی پسپۆڕانی کۆمەڵناس، مرۆڤی سه‌ركه‌وتوو كه‌ خاوه‌نی كاریزما بێت، پێویسته‌ کۆمەڵێ خاڵی سەرەکیی تێدا بێت، ئەمانەی لە خوارەوە باسیان دەکەین، گرنگترین ئەو خاڵانەن کە دەبنە نیشانە و جیاکەرەوەی مرۆڤی سەرکەوتوو:

سەرکەوتن لەخۆیەوە دروست نابێ، بەڵام بۆ ئەوانەی هەوڵ دەدەن ئاسانە

یەکەم: ئەگەر زانیت بەھۆی کارێک یان خه‌سڵه‌تێكی ئاشکراتەوه‌، خه‌ڵك پێت سەرسامە، بەڵام ئەگەر شاراوەکانت بزانن ئه‌و سه‌رسامییه‌ نامێنێ، ھەوڵ بدە شاراوەکانیشت جێی سەرسامبوون بێت و هیچ شتێكی شاراوه‌ مه‌كه‌ كه‌ خۆشت شه‌رمیان لێ بكه‌یت. ڕێک ئەم خاڵە پێمان دەڵێ، پێویستە ئەوەی دەیکەیت، ئەنجامی کەسایەتیی خۆت بێت و ڕووکەش نەبێ، چونکە ئەمڕۆ بێت یان سبەی، ئەو ڕووکەشە هەڵدەماڵدرێ و ئەو کاتە دەچیتەوە ناو قاوغەکەی خۆت.

دووەم: ئەگەر دەتەوێت بەختەوەر بیت، زۆر ھەڵوەستە لەسەر یادەوەریەکانی رابردوو مەکە، چونکە نه سوودی بۆ داھاتوو دەبێت، نە رێگە دەدات دڵخۆشیی ببینی. ئەوانەی سەرکەوتوون، هەمیشە خەریکی پلانن بۆ سبەی، نەوەک لە ئەنجامی حەسەرەتی ڕابردوو کار بکەن. 

سێیەم: خوازیار مەبە لە خەڵکی باشتر بیت، ھەوڵ بدە لەخۆتی ئێستا باشتر بیت. ڕۆحی ململانێ لەسەر بنەمای خۆ دروستکردن کارێکی باشە، بەڵام ئەگەر هەموو ئامانجەکەت ئەوە بێت لە کەسەکەی نزیک خۆت باشتر بیت، ئەوا هەرگیز هەنگاوی گەورە لە ژیانتدا نانێی.

چوارەم: بچووکیی ژیری لەوکاتەدایه‌ کە به‌ خەڵکییەوە سەرقاڵ بیت، بەخۆتەوە سەرقاڵ ببیت، گەورەیی مسۆگەر دەکەی. مرۆڤی سەرکەوتوو و بە ئەزموون، خەرکی بەهێزکردنی خۆیەتی، هەرگیز کات بەشی ئەوە ناکات کار لەسەر خەڵکی بکات.

پێنجەم: بێدەنگیی لە کاتە دژوارەکاندا، رێز بەرھەم دەھێنێ. به‌ڵام مشتومڕی دژبەیەکی توند، لێکترازان و کینە دروست دەکەن. زۆر کەس دەبینین لە ڕۆژگاری ژیانماندا، بەهۆی جیاوازەوە پۆستی باشیان هەیە، بەڵام دەبینی کەسێکی شڵەژاون و هەمیشە دەمبەبۆڵەن، بۆیە یەکسەر بۆت دەردەکەوێ ئەو مرۆڤانە بە شایستەیی ئەو شوێنانەیان پێ نەدراوە، بەڵکوو بەهۆی کۆمەڵێ خاڵی کۆمەڵایەتی پێیان بەخشراوە.

شەشەم: پیاوێکی قۆز و چوارشانە، به بەرگێکی رێکەوە لەبەردەم سوقڕات وەستا و دەیویست پێی بڵێت من کەسێکی گرنگم، سوقڕات پێی گوت: دیار نیت لەبەرچاوم، قسە بکە با بتبینم، من لەرێگەی وشەکانتەوە دەتوانم سەیرت بکەم. هه‌میشه‌ وشه‌كانت با ڕه‌نگدانه‌وه‌ی مرۆڤێكی به‌رز بێت، هه‌رگیز قسه‌یه‌ك مه‌كه‌ كه‌ شایه‌نی گوتن نه‌بێت.

حەوتەم: لە دانایەکیان پرسی، بۆچی تۆڵە لەوانە ناکەیتەوە کە ئەزێتت دەدەن؟ بە پێکەنینەوە وەڵامی دانەوە: ئاخر دەبێ چ ژیرییەکی تێدا بێت گاز لە سەگ بگرم؟! هه‌رگیز به‌ ڕۆحی تۆڵه‌وه‌ ژیان به‌ڕێوه‌ ناچێت، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه‌ شایسته‌ نین خۆتیان بۆ بڕه‌نجێنی. زۆر ئاسایییە، خەڵکانێک هەیە لە ژیانتدا چاویان بە سەرکەوتنەکانت هەڵنایەت و هەمیشە هەوڵ دەدەن پاشقولت لێ بگرن. تۆ دەبێ تەنیا هەوڵ بدەیت خۆتیان لێ بپارێزی، بەڵام نابێ هەرگیز هەوڵی تۆڵەکردنەوە بدەیت.

ھەشتەم: ھەڵسوکەوت و گفتوگۆت لەگەڵ ھەرکەسێک، بەشێوەیەک بێت وا بزانێ گرنگترین مرۆڤی دونیایە لای تۆ، بەمە دەگەی بە بەختەوەری، چونكه‌ ھۆکارە بۆ ئەوەی زۆرترین كه‌س، تۆ بە گرنگترین کەسی جیهان بزانن. جیا لەوەش، ئەوانەی بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ بۆچوونی هاوڕێکانیان دەکەن، هەمیشە لە بەرانبەردا تووشی ڕێز دەبنەوە.

نۆیەم: لەگەڵ ئەو کەسانه‌ى ئه‌رێیی و گه‌شبینن ھەڵسوکەوت بکە كه کار و قسەی باش دەکەن و سوودبەخشن لە کۆمەڵگه‌، چونكه‌ دەبێتە ھۆی ئه‌وه‌ی جۆری بیرکرنەوەت بگۆڕێت، هزرت فراوان بێت و وردە وردە تۆش ببیته کەسێکی سوودبەخش.  هەندێک مرۆڤ هەیە، هێندە گەشبینن، هەمیشە لە خراپترین دۆخیشدا بیت، ورەت پێ دەبەخشن، هەندێکیش هەیە بەهۆی ڕەشبینییەکەیانەوە، ساتە هەرە باشەکانیشت لێ تێک دەدەن.

دەیەم: زەردەخەنە سەموونێکی پێ ناکڕدرێ، بەڵام رۆحی دەیان مرۆڤی پێ داگیر ده‌كه‌یت، بۆیه‌ هه‌میشه‌ ده‌م به‌ خه‌نده‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا بكه‌.



وشە - كوردۆ شابان