ئەندامێكی نوێنەرایەتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایدەگەیەنێت كە ڕێككەوتنی ڕووسیا و توركیا ناروونی پێوە دیارە و هێزەكانی سووریای دیموكرات هیچ بەرچاوڕوونییەكیان لەو ڕێككەوتنەدا نییە و چاوەڕێی قسەی فەرمی دەكەن لەو بارەوە.
ئەمڕۆ سێشەم فەتحوڵا حوسێنی، ئەندامی نوێنەرایەتی باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕێككەوتنی نێوان ڕووسیا و توركیا كە ئەم ئێوارەیە لەبارەی پرسی ڕۆژئاوای كوردستان كراوە، ڕێككەوتنێكی ناروونە و هێزەكانی سووریای دیموكرات هیچ بەرچاوڕوونییەكیان لەبارەوەی نییە.
بەڕێوەبەری خۆسەری رۆژئاوا قسەی نییە
زیاتر گوتی، تا ئێستە بە فەرمی قسەی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا نییە، بۆیە ناتوانین پێوەی پابەندبین، بەڵام دیارە ئەو ڕێككەوتنە وەك وەڵامدانەوەی ڕێككەوتنی توركیا و ئەمەریكایە، كاتێك بمانەوێ یان نا، ڕووسیا خاوەنی دۆسیەی سووریایە.
حوسێنی دووپاتی كردەوە، شتێكی باشە سوپای سووریا بێتە سەر سنوورەكان و بڵاو ببێتەوە كە بەشێكە لە ڕێككەوتنەكە، هەروەها سوپای ڕووسیا لەگەڵ هەندێك هێزی سووریا و پاسەوانی توركیا جموجۆڵ دەكەن، ئەوەش وەك دڵنیاییەكە بۆ توركیا.
روونی كردەوە، توركیا بیانووی هەیە بەوەی كە یەپەگە مەترسییە لەسەر توركیا، كەچی توركیا هەمیشە حەزی بەوەیە دەسكەوتەكانی كورد تێك بدات، بەڵام بەپێی ڕێككەوتنەكەی ڕووسیا و توركیا دەسكەوتەكانی كورد كە لە ڕابردوو بە دەستهاتوون، وەك خۆیان دەمێنەوە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی