پەكەكە گەنجێكی هەولێری ڕفاند

:: AM:08:54:23/10/2019 ‌
ماوەی 13 ڕۆژە چەكدارانی پەكەكە گەنجێكی دەڤەری باڵەكایەتییان ڕفاندووە و براكەشی داوای ئازاكردنی دەكات.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ـی تشرینی یەكەم، دڵشاد مستەفا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، لە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆی ڕۆژی شەموو 10ـی تشرینی یەكەم مەفرەزەیەكی پەكەكە بێ لە دەرگادان، بەسەر دیواری حەوشەی ماڵەكەیاندا چوونەتە ژوورەوە و عەبدوڵا مستەفای برامیان لە گوندی (وەسان)ی دەڤەری باڵەكایەتی، لە پێش چاوی هاوژین و منداڵەكانی بردووە.

بەڵام گوێیان لێ نەگرتوون و دەستی دەستییان پێ دەكەن
ڕوونی كردووەتەوە، تا ئێستە براكەم بێ سەر و شوێنە، چەندان كەسایەتی ناوچەكە داوایان لە پەكەكە كردووە ئازادی بكەن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتوون و دەستی دەستییان پێ دەكەن.

باس لەوەش دەكات، چەند ڕۆژێكە بێدەنگیم كردووە، نەك كەسانێك بڵێن كاتی ئەوە نییە باسی هیچ حزبێك بكرێ، بەڵام كە گرتنەكە 10 ڕۆژی تێپەڕاند و تا ئێستەش چارەنووسی نازانین، ناچار بووم قسە بكەم، عەبدوڵای برام نەخۆشە و دەرمانی چارەسەری هەیە، كەسوكارمان پێیان گوتبوون دەرمانی بۆ ببەن، بەڵام بەداخەوە ئەو جەماعەتە ئامادە نەبوون دەرمانەكە وەربگرن و بۆی ببەن، گوتبوویان نازانین لە كوێیە.

ئەو كارەی پەكەكە لە كاتێكدایە ژمارەیەكی زۆری گوندەكانی سنووری سیدەكانی بێزار كردووە ئەوەیش وایكردووە زیاتر لە 300 گوندی سنووری لە هەرێمی كوردستان چۆڵ ببن.





وشە - رامیار جەواد