ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ له ڕێی پاشه‌كشه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا كردی و پشتی كورده‌كانی به‌ردا، به هیچ شتێك ڕه‌وشتی به‌رز بۆ ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌رانبه‌ر به هاوپه‌یمانه‌كانی ناگه‌ڕێنێته‌وه، ته‌نیا به پێدانی به‌ڵێنێك بێ هاوشێوه‌ی به‌ڵێنی لۆرد به‌لفۆر كه له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان به جووه‌كانی دا و قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ له‌لایه‌ن به‌ریتانیاوه بۆ جووه‌كان دروست كرا.
سه‌رۆك ده‌توانێ دۆخه‌كه پێچه‌وانه بكاته‌وه و ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی كه له ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا و له جیهانیش به‌رانبه‌ر جێهێشتنی كورده‌كان و كۆمه‌ڵكوژكردنیان دروست بووه، به ته‌واوی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی بقۆزێته‌وه، به گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پێشووی به‌ریتانیا "ئارسه‌ر به‌لفۆر" كه له دووی تشرنی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 1917 ته‌نیا به 67 وشه به‌ڵێنی به جووه‌كان دا كه شانشینی مه‌زنی به‌ریتانیا ده‌وڵه‌تێكیان بۆ داده‌مه‌زرێنێ و دواتریش ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی لێ كه‌وته‌وه، ئێسته‌یش سه‌رۆك تره‌مپ ده‌تانه‌وێ هاوشێوه‌ی به‌لفۆر پشتی كورده‌كان بگرێ و به‌ڵێنێكی له‌وجۆره‌یان پێ بدات.
بێگومان پێدانی به‌ڵێن بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بۆ كورده‌كان كاردانه‌وه‌یه‌كی توندی ناوچه‌كه و ڕه‌نگه نێوده‌وڵه‌تیشی لێ بكه‌وێته‌وه، چونكه جیا له ئیسرائیل هیچ وڵاتێك به فه‌رمی پشتیوانی خۆی بۆ دروستكردنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورد له ناوچه‌كانیان ده‌رنه‌بڕیووه. به‌ڵام تره‌مپ له‌ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی زۆر سه‌ركێشی گه‌وره‌ی ئه‌نجام دا و دواجاریش هه‌موو دۆخه‌كانی هێوركرده‌وه و هیچ گرفتێك به‌هۆی ئه‌و بڕیاره سه‌مه‌رانه‌ی بۆ ئه‌مه‌ریكا دروست نه‌بوو.
بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شكۆی ئه‌مه‌ریكا تاكه ڕێ به‌ڵێنی دروستكردنی ده‌وڵه‌ته بۆ كورده‌كان
ئه‌و كه‌سێكی سه‌ركێشه و له پێدانی به‌ڵێنێكی له‌مجۆره ده‌توانێ ئه‌وروپییه‌كانیش له‌گه‌ڵ واشنتن ئاشت بكاته‌وه، بڕیار و به‌ڵێنی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك بۆ كورده‌كان، هیچی له سه‌ركێشی گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ته‌لئه‌بیبه‌وه بۆ قودس زیاتر نییه، كه هه‌موو دنیا ڕه‌تی كرده‌وه دژی وه‌ستایه‌وه، به‌ڵام دواجار قبووڵكرا و كێشه‌یه‌یه‌كی ئه‌وتۆی لێ نه‌كه‌وته‌وه، ورده ورده وڵاتانی تریش باڵوێزخانه‌كانیان بۆ قودس ده‌گوێزنه‌وه، تره‌مپ نه‌ك هه‌ر باڵوێزخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی گواسته‌وه، به‌ڵكوو قودسی وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ناساند، دواتر به‌رزاییه‌كانی جۆڵان كه له دوای شه‌ڕی ئۆكتۆبه‌ری 1967ه‌وه ناكۆكیان له‌سه‌ره و هیچ وڵاتێك دانی به‌وه‌دا نه‌ناوه كه به‌شێك بێ له خاكی ئیسرائیل، بێ هیچ سڵه‌مینه‌وه‌یه‌ك وه‌ك به‌شێك له خاكی ئیسرائیلی هه‌ژمار كرد، هه‌رچه‌نده كاردانه‌وه‌كانی ئه‌و دوو بڕیاره زۆر گه‌وره و فره‌وانبوون، به‌ڵام دواجار كۆتایی‌یان هات و واقیعه‌كه قبووڵكرا، بێ ئه‌وه‌ی هیچ كێشه و جه‌نگێكی گه‌وره‌ی لێ بكه‌وێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌یش كشانه‌وه‌ی واشنتن له ڕێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران، ئاڵۆزییه‌كی گه‌وره‌ی جیهانی دروست كرد، كشانه‌وه له ڕێككه‌وتنی بازرگانی باكوری ئه‌تڵه‌سی، جه‌نگی بازرگانی له‌گه‌ڵ چین، هه‌موو ئه‌وانه بڕیاری ئاسایی نه‌بوون، بگره زۆریش كارلێكی لێ كه‌وته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام قسه‌كانی تره‌مپ و بڕیاره‌كانی جێبه‌جێ كران.
پێدانی به‌ڵێنێكی هاوشێوه‌ی به‌ڵێنی به‌لفۆر به كورده‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسینی خۆیان دیاریی بكه‌ن، ده‌كرێ بۆ ڕێگری له كاردانه‌وه‌ی توندی وڵاتانی ناوچه‌كه كه كوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، هاوشێوه‌ی دامه‌زراندنی ئیسرائیل نهێنی بێ، ده‌كرێ سه‌ره‌تایش ئه‌و ده‌وڵه‌ته كوردییه له جیوگرافیایه‌كی ئاسایی بێ، نه‌ك هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ی كورده‌كان له سووریا و عێراق و ئێران و توركیا، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه، ئێسته سووریا و عێراق ئاماده‌ن بۆ ئه‌و هه‌نگاوه، ده‌كرێ دواتر وه‌كو ئیسرائیل ورده ورده په‌ل بهاوێژن و فره‌وان بكرێن، تا به ته‌واوی سنووره‌كانی خۆیان به‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه.
كاردانه‌وه‌ی بڕیاره‌كه هه‌ر هێنده‌ی ناساندنی قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ده‌بێت
دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئیسرائیل و ته‌نیا به‌ڵێن دان به دروستكردنی ده‌وڵه‌ت بۆ كورد، بێ باسكردن له سنوور و شوێنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته و نه‌خشه‌كه‌ی، وا ده‌كات كاردانه‌وه‌كان زۆر توند نه‌كات، ده‌كرێ تره‌مپ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر ده‌نووسێ، له شوێنی 67 وشه‌كه‌ی ئارسه‌ر به‌لفۆر، ئه‌و 280 وشه بۆ نووسینی ئه‌و به‌ڵێنه به‌كاربهێنێت.
پشتیوانیكردنی كورده‌كان، شكۆ بۆ ئه‌مه‌ریكا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، پێویسته واشنتن له هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌كی ده‌ره‌كیش بیانپارێزێت، ئه‌مه سه‌رۆك تره‌مپ زۆر گه‌وره‌تر ده‌كات له نێو دڵی ئه‌مه‌ریكییه‌كان و جیهان به گشتی و له دڵی كورده‌كان به تایبه‌تی.
ئه‌م كاره جیا له‌وه‌ی سوودی گه‌وره‌ی بۆ كورد ده‌بێ و شكۆی
ئه‌مه‌ریكا ده‌پارێزێ، هاوكات ڕێ له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خه‌ونی عوسمانییه‌كان ده‌گرێ، به‌و هۆیه‌وه‌یش ئه‌وروپییه‌كان كه ترسیان له هه‌ڕه‌شه‌كانی ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان هه‌یه به ناردنی په‌نابه‌ران و خواستی فره‌وانخوازی له قوبڕس، به ته‌واوی پشتیوانی ستراتیجێكی له‌وشێوه‌یه ده‌كه‌ن، تا بۆ هه‌میشه خه‌ونی عوسمانییه‌كان له‌ناو بچێ و قه‌واره‌یه‌كی بچووكی توركیا بمێنێته‌وه، كورده‌كان كه توندڕۆ نین و زۆر دیموكراسی و باوه‌ڕیان به ئازادییه له ناوچه‌كه ده‌بنه نموونه‌یه‌كی باڵا كه جیهانی ڕۆژئاوا شانازی پێوه بكات.
ماسیۆ ماینن نووسه‌ر و توێژه‌ر له كۆڕبه‌ندی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نووسیویه‌تی.