لە میانه‌ی كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وڵه‌تی، زیاد ڕه‌ئووف نوێنه‌ری حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له پۆلۆنیا ھه‌موو به‌شدارانی كۆنفرانسه زانستییه‌كه‌ی بۆ كۆنسێرتێكی موزیكی كوردی و نانخواردنی ئێواره بانگهێشت كرد.
كۆنفرانسێكی زانستی نێوده‌وڵه‌تی به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 100 ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی خوێندنی ڕۆژھه‌ڵاتناسی له زانكۆی یاگیلۆنیان ساز كرا، له‌و كۆنفرانسه‌دا زیاتر له 150 ڕۆژھه‌ڵاتناس و توێژه‌ری پۆڵۆنی، عه‌ره‌ب، تورك، ئێرانی و وڵاتانی تری دنیا، هه‌روه‌ها ھه‌ندێك له دیپلۆماتكاران له ناویان باڵوێزی ئیماراتی عه‌ره‌بی و كۆنسولی گشتی ئۆكراینا به‌شدارییان كردبوو، تێیدا سوڵتان بن محه‌مه‌د ئه‌لقاسمی به‌شدار بوو وه مه‌دالیای زێڕی زانكۆی یاگیلۆنیانی پێ به‌خشرا.
هه‌ر له‌و كۆنفرانسه‌دا زیاد ڕه‌ئووف نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له پۆڵۆنیا، هه‌موو به‌شدارانی كۆنفرانسه‌كه و دیپلۆماتكار و باڵوێزه‌كانی بانگهێشتی كۆنسێرتێكی موزیكی كوردی كرد، كه سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك له ڕه‌وه‌ند و قوتابیانی كوردستان، به‌شێكیان به جلوبه‌رگی كوردی پێشوازییان له میوانان كرد.
نوێنه‌ری حكوومه‌تی ھه‌رێم له وتارێكدا به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كرد
نوێنه‌ری حكوومه‌تی ھه‌رێم له وتارێكدا به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی كرد، دواتریش سوپاسی ئاماده‌بووانی كرد بۆ توێژینه‌كانیان له بواری ڕۆژھه‌ڵاتناسی له‌و كاته ھه‌ستیاره‌ی كه ھه‌موو ڕۆژھه‌ڵات و به‌تایبه‌ت ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پێی تێپه‌ڕ ده‌بێ. گوتی له ھه‌موو كات زیاتر پێویستمان به له یه‌كتێگه‌یشتن و دیالۆگ و پێكه‌وه‌ژیان هه‌یه.
له لایه‌كی تره‌وه، سوپاسێكی تایبه‌تی زانكۆی یاگیلۆنیانی بۆ كردنه‌وه‌ی كورده‌لۆجی و گرنگیدانیان به زمان و كولتووری كوردستان و ھاوكاری و ھاوئاھه‌نگییان له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ھه‌رێمی كوردستان كرد.
ڕاگری به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتناسی زانكۆی یاگیلۆنیانیش له وتارێكدا سوپاسی نوێنه‌ری حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی و ڕێكخستنی ئه‌و كۆنسێرته و بانگھێشتكردنی به‌شداران بۆ نانخواردنی ئێواره و ناساندنی كولتوور و موزیكی ڕه‌سه‌نی كوردی، كه زیاتر له 20 ساڵه ھاوئاھه‌نگی و یارمه‌تی به‌شی ڕۆژھه‌ڵاتناسی زانكۆی یاگیلۆنیان له كراكۆڤ ده‌كات.
له دواییدا تیپی موزیك و گۆرانی ''سیانه‌ی هه‌مه‌دان'' به به‌شداریی سه‌عدوڵا نه‌سیری هونه‌رمه‌ندی ناسراو كۆنسێرتێكی موزیك و گۆرانی كوردی پێشكه‌ش كرد و ئاماده‌بووانی سه‌رسام كرد.
ئاماده‌بووان له‌كاتی نانخواردنی ئێواره ده‌رفه‌تیان بوو زیاتر یه‌كتر بناسن و ئاڵوگۆڕی بۆچوونیان له‌سه‌ر بارودۆخی كوردستان و ڕۆژھه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ن.
شایه‌نی باسه سه‌رۆكی زانكۆ به‌ڕێز ڤۆیچیخ نۆڤاك له وتاره‌كه‌ی له كاتی به‌خێرھاتنكردنی نوێنه‌ری حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به بارودۆخی سووریا و ڕۆژئاوا دا و گوتی، نابێ جدنیا ڕێ بده‌ن كورد وا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێ و دیسان تووشی كاره‌سات بێته‌وه.