بیبەری تیژ لە شیرین باشترە

:: PM:08:30:02/11/2019 ‌


كامیان بخۆین زیاتر، بیبه‌ری تیژ یان شیرین؟ تا ساڵانی ڕابردووش وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ بیبه‌ری شیرین سوودی زۆرتره‌ و هیچ زیانێكیشی نییه‌، به‌ڵام ئه‌م وه‌ڵامه‌ ئێسته‌ گۆڕاوه‌ و ده‌ركه‌وتووه‌، سووده‌كانی بیبه‌ری تیژ، هه‌مان سووده‌كانی بیبه‌ری شیرینی هه‌یه‌ و هه‌ندێك سوودی دیكه‌یشی تێدایه‌ كه‌ له‌ بیبه‌ری شیریندا نییه‌.

بیبه‌ر به‌گشتی پڕییه‌تی له‌ ڤیتامین، به‌ڵام بیبه‌ری تیژ، زۆرێك له‌ خه‌ڵكی به‌ مه‌ترسی بۆ ته‌ندروستییان ته‌ماشای ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا لە توێژینه‌وه‌ پزیشكییه‌كاندا چی ده‌ركه‌وتووه‌؟

توێژینەوە نوێیەکان دەری دەخەن سوودەکانی بیبەری تیژ لە چەندان ڕووەوەن

له‌ دوایین توێژینه‌وه‌ی زانستی كه‌ پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستی و خۆراك له‌ ئوسترالیان ئه‌نجامیان داوه‌، بیبەری تیژ و بەهاراتە تیژەكانی تر ڕۆڵیان هەیە لە سووتاندنی وزە لە لەشدا، ئەمە سەرەڕای كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكری خوێن و ئاستی هۆڕمۆنی ئینسولین و تاودانی كرداری زیندەپاڵ یان میتابۆلزم واتە كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە كه‌ دەبێتە هۆی خه‌رجكردنی بڕێكی زیاتری وزە، دەرەنجام كێشی لەش بەرەو كەمبوونەوە ده‌بات. 

"كاپسیاسین" كه‌ مادەیه‌كی گرنگی ناو بیبەری تیژه‌ فاكتەری سەرەكییە لە تاودانی تێكڕای میتابۆلیزم لە لەشدا و زیاد سووتاندنی كالۆری لەپاش ژەمە خۆراكییەكاندا. 

بیبەری تیژ ئاستی هۆرمۆنی ئینسولین لە خوێندا نزم دەكاتەوە، هەروەها ڕۆڵی هەیە لە هێشتنەوەی شەكری خوێنیش لە ئاستێكی جێگیردا. بیبەری تیژ تایبەتمەندی دژەئۆكسان و دژەهەوكردنی هەیە، ئەمەش سوودی زۆری هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆلكە سەربەستەكان كە لە ئەنجامی كرداری ئۆكساندا پەیدا دەبن و زیانێكی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن. 

دەتوانیت بیبەری تیژ و بەهاراتی تیژ بخەیتە خۆراكتەوە لەجیاتی چەوری بە مەبەستی زیادكردنی چێژی خۆراك.


 



وشە - كوردۆ شابان