ڕێنوێنی بۆ زستانێکی بێ نەخۆشی

:: PM:09:29:03/11/2019 ‌


لە وەرزی زستان و کاتەکانی سەرما، ئیدی نەخۆشییەکانی ئەو وەرزە لەگەڵ خۆیدا دێن و ئەوانەی کە خۆپاراستنیان نەکردووە یان جەستەیان بەرگریی لاوازە، زوو تووش دەبن. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، کەواتە ئەوانە کێن کە تووش نابن، چی دەکەن، چی دەخۆن، چۆن خۆیان دەپارێزن؟

زستان و وەزرش
هەندێک جووڵەی وەرزشیی کەم زستاندا، وەک ڕۆیشتن، پاسکیلسواری و ڕاکردن، باشترین خۆپارێزین لە تووشنەبوون بە هەموو نەخۆشییەکانی سەرما. زانایان بەم دواییە گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی، کۆئەندامی بەرگریی کەسانی وەرزشوان، زۆر بەهێزترە لە کۆئەندامی بەرگریی ئەوانەی هەرگیز وەرزش ناکەن و بەڕێژەی 30% تا 50% دەڕوات.
زانایان ئەوەشیان بیر نەچووە، نابێ لە زستاندا زێدەڕۆیی لە وەرزش بکرێ، چونکە ئەوانەی پیشەیان وەزرشە و پرۆفیشناڵن، زۆر جار لە هەموو کەس زیاتر لەبەردەم هەڕەشەی نەخۆشییەکانی سەرمادان، چونکە مەشقی زۆر دەبێتە هۆی لەدەستدانی وزەیەکی زۆر و ئەمەیش کۆئەندامی بەرگریی لاواز دەکات لە زستاندا. هەروەها زۆر خۆماندووکردن، دەبێتە هۆی ئەوەی ئارەق بکەیتەوە و ئەگەری هەیە ئەگەر نەزانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەیت، هەوای سارد لێت بدات و ڕاستەوخۆ نەخۆش بکەوی.
باشترین ڕێگەی وەرزش لە زستاندا ئەوەیە، هەفتەی دوو جار بۆ سێ جار ئەو وەرزشانە بکەیت کە لە سەرەوە باسمان کرد و هیچ جارێکیش لە 30 خوولەک کەمتر نەبێت.

زستان و خۆشۆردن
 بۆ ئەوەی کۆئەندامی بەرگرین بەهێز بێت، پێویستە کاتێک دەچیتە گەرماو، یەکسەر بە ئاوی کوڵاو دەست پێ نەکەیت، بەڵکو لە ئاوێکی مامناوەند دەست پێ بکەیت و وردە وردە گەرمی بکەیت، ئینجا پێش تەواوبوونیش بیگەڕێنیتەوە بۆ مامناوەند و نیمچە سارد. ئەم کردارەش لەماوەی خۆشۆردنەکەتدا سێ جار دووبارە بکرەوە.

دەستشۆردن
یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان بۆ نەهێشتنی نزیکبوونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لە زستاندا بۆ جەستەمان، جوان شۆردنی بەردەوامی دەستەکانمانە. دەستەکانمان ڕۆژانە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە و زۆرترین بەرکەوتەشیان بۆ چەندان جۆری شت دروست دەبێ و هەموویشی ئەگەری هەڵگرتنی میکرۆب و ڤایرۆسیان پێوەیە. 
زانایانی بواری تەندروستیی بریتانی، دووپات لەوە دەکەنەوە، ئەو ڤایرۆسەی دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا، دەتوانێ بە زیندوویی بۆ ماوەی چەندان سەعات لە دەستەکاندا بمێننەوە. کاتێک دەست لە دەسکی دەرگەیەک دەدەی یان کۆنتڕۆڵی تیڤییەک و پێش تۆ کەسێکی هەڵگری ئەو ڤایرۆسە دەستی لێ دابێ، ئەوا ڕاستەوخۆ دەگوازرێتەوە بۆ لای تۆیش.

بەرگی زستانە
ئەوەی ڕوونە لای هەموومان، پێویستە لە زستاندا بەرگی ئەستوور و گەرم لەبەر بکەین بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ هەوای سارد بەر جەستەمان نەکەوێ و دەشبێ ئەو بەرگە زووزوو بشۆرێت، بۆ ئەوەی نەبێتە هەڵگری ڤایرۆس، چونکە لەوانەیە هەرچەند ئەستوور و گەرم بێت، بەهۆی بەرکەوتنێک لەگەڵ کەسێکی نەخۆشەوە تووشت بکات.

ئەی لە زستاندا چی بخۆین؟
بەگشتی هەموو خواردنە ڕووەکییەکانی لە زستاندا پێ دەگەن، سوودیان بۆ جەستە هەیە و دەبنە بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، بە تایبەتی میوەکان. ئەگەر سەرنج بدەی، هەنار و میوە مزرەکان بە گشتی لە زستاندا زۆرن، ئەوان سوودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنن و دەبنە هۆی بەرگرییەکی بەهێز. هەروەها خواردنەوەی گەرم بە تایبەتی شیر بۆ ئەوەی بەردەوام قووڕگ گەرم بکەنەوە و خواردنی شۆربا و خۆپاراستن لە ساردەمەنییەکان.

ئەوانەی تووشی نەخۆشییەکانی زستان بوون وەک ئەنفلۆنزا، دەتوانن هەر بە خواردن خۆیان چارەسەر بکەن بەبێ ئەوەی ناچاری ئەوە بن تووشی بەکارهێنانی دەرمان بن. پسپۆڕانی پزیشکی هەمیشە بە ئامۆژگاریی جۆراوجۆ چەندان جۆر خواردنیان دیاری کردووە.

ئه‌و خواردنانه‌ی توێژه‌ران ئاماژه‌یان پێ كردووه‌ بریتین له‌مانه‌ی خواره‌وه‌:

- شۆربه‌ی مریشك: هاوكاری ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌ وه‌رزییه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌وكردنه‌وه‌ به‌هۆی سه‌رماوه‌.

- ترشه‌كان، وه‌ك لیمۆ، پرته‌قاڵ، لاله‌نگی، سندی، كیو كه‌ پڕیانه‌ له‌ ڤیتامین C، چونكه‌ دژه‌ ئۆكسانن و به‌ ڕێژه‌ی 23% له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشییه‌كانی سه‌رما پاراستووه‌، هه‌ر وه‌ك چۆن هه‌مان ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ له‌ بیبه‌ری سوور، گوێز و ته‌ماته‌شدا هه‌یه‌.

- سیر و پیاز و كه‌وه‌ر، پڕیانه‌ له‌ چه‌ندان جۆر پاككه‌ره‌وه‌ و به‌رگری له‌ نه‌خۆشییه‌كان به‌تایبه‌تی بۆ تووشنه‌بوون به‌ ئه‌نفلۆنزا.

زه‌نجه‌بیل، قوڕگ هێواش و پاك ده‌كاته‌وه‌ له‌ هه‌موو ماده‌ كیمیاییه‌كان و ڤایرۆسه‌كان له‌ناو ده‌بات و نایه‌ڵێ تووشی كۆكه‌ ببیت و ئازارشكێنیشه‌.

- هه‌نگوین، چاره‌سه‌ره‌ بۆ زۆربه‌ی نه‌خۆشییه‌كان و پاككه‌ره‌وه‌یه‌ و دژه‌ ئۆكسانه‌.

- ماست، جۆره‌ به‌كتریایه‌كی تێدایه‌ كه‌ ڕێگه‌ له‌ هه‌موو ڤایرۆسه‌كان ده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ لاشه‌ و بڵاو ببنه‌وه‌.

- قارچك، یاریده‌ده‌ره‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان و كۆئه‌ندامی به‌رگری به‌هێز ده‌كات.



وشە - كوردۆ شابان

ئه‌م بابه‌ته 227 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌