لە ساڵوەگەڕی شەماڵ سائیب و یەكەم كلیپی كوردی

:: AM:09:03:05/11/2019 ‌

 شەماڵ سائیب ئەو هونەرمەندە لێهاتوو و داهێنەرەی توانی گۆڕانكاری لە هونەری گۆرانی و موزیكی كوردی دروست بكات. لە ساڵی ١٩٥٦ وەك دەنگێكی نوێ و هونەرمەندێكی نوێكار هاتووەتە گۆڕەپانی ئاواز و گۆرانی كوردی و گەلێك گۆرانی بڵاو كردەوە و سەركەوتنی گەورەی وەدەست هێنا.

شەماڵ سائیب یەكەم گۆرانیبێژی كوردە بۆ یەكەمجار لە دەرەوەی ستۆدیۆ كلیپ بۆ گۆرانییەكانی بكات، ئەمەش بۆ كورد دەسكەوتێكی گەورە و هەنگاوێكی ناوازە بوو لە مێژووی هونەری كوردی.

 لە ساڵی 1972 توانی بۆ یەكەم جار لە هاوینەهەوارەكانی كوردستان و بەشێوازی نواندن و سینەمایی چەند گۆرانییەك كلیپ بكات، ئەویش بەهاوكاری دەرهێنەرێكی فڕەنسایی بەناوی "شیراك" و هەندێ‌ لە گۆرانییەكان بە دویت لەگەڵ گەلاوێژ "1" تۆماری كردووە /گەلاوێژ دەنگەكەی تۆمار كردووە و خاتوونە ئەكتەرێكی میسری رۆڵەكەی بینیوە/.

 ئەو گۆرانییانەی كلیپی كردوون ئەمانەن، "ئازیز بەهارە- هاوار سەد هاوار- پێم بڵێ‌- بەردە بەردە- هەرە لەیلێ‌- هاتی بۆ هاتی- لە یارەوە و زوڵەیخا 2". دواتر شەماڵ بوو بە پێشمەرگە لە شۆڕشی ئەیلوول و سروودی بۆ كوردستان تۆمار كرد، ناودارترینیان سروودی "بارزانی" بوو لە هۆنراوەی قەدری جان.

شەماڵ لە منداڵییەوە فێری عوودژەنین بووە و لە سەرەتای ژیانی هونەریدا لاسایی موزیكزان  و گۆرانیبێژی میسری بەڕەگەز لبنانی "فەرید ئەترەش"ی كردووەتەوە، لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردوویش بووەتە خاوەنی هونەر و دەنگی تایبەت بەخۆی و ئاوازی نوێی بۆ گەلێ گۆرانی تازە داناوە و سوودێكی زۆری لە شیعر و ئاوازی فۆلكلۆری كوردیش وەرگرتووە.
شەماڵ جەلال سائیب لە ساڵی 1931 لە سلێمانی لە دایك بووە

شەماڵ جەلال سائیب لە ساڵی 1931 لە سلێمانی لە دایك بووە، بەهۆی ئەوەی باوكی قایمقام بووە، لە زۆر شار و شارۆكەی كوردستاندا ژیاون. بۆیە زۆر سوودی لە گۆرانی و هۆنراوە فۆلكلۆرییە رەسەنەكانی كورد بینیوە. دوای تەواوكردنی قۆنا‌غی خوێندنی سەرەتایی، چووەتە قوتابخانەی مەلیك فەیسەڵ لە بەغدا كە قوتابخانەیەكی دواناوەندیی بوو و بە زمانی ئینگلیزی وانەی تێدا دەخوێنرا و تەنیا قوتابییە یەكەمەكانی عێراقی وەردەگرت.

پاش تەواوكردنی قۆناغی خوێندنەكەی، شەماڵ لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان وەرگیراوە و لە ١٩٥١ لە كۆلێژی ئاداب بەشی مێژوو لە زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، لە ساڵی ١٩٥٦ خوێندنی زانكۆی تەواو كردووە و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە مێژوو وەرگرتووە و كراوە بە مامۆستا لە دواناوەندی ئەعزەمییە‌ی كوڕان، لە ساڵی ١٩٥٩ بووەتە مامۆستای ڕۆشنبیریی موزیك لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی بەغدا.
لە كۆتایی ساڵی ١٩٦٣دا چووەتە ئەمەریكا بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا و بڕوانامەی ماستە‌ری لە ئەدەبدا وەرگرتووە. 

كە گەڕاوەتەوە كوردستان، لە ساڵی ١٩٧١دا لە زانكۆی سلێمانی كراوە بە مامۆستای یاریدەدەر لە كۆلێژی ئاداب، كاتێك ئەو زانكۆیە گوازرایەوە بۆ هەولێر و كرایە زانكۆی سەڵاحەدین، ئەویش گوێزراوەتەوە بۆ ئەو زانكۆیە. 

لە 7/11/1986 بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەن لە هەولێر كۆچی دوایی كردووە، تەرمەكەی برایەوە سلێمانی و لە گۆڕستانی بنەماڵەكەیان نێژراوە.
 
 پەراوێز و سەرچاوە:
 1- بەداخەوە هیچ لەبارەی ئەم گەلاوێژ ناوەی بەدووقۆڵی لەگەڵ شەماڵ سائیب گۆرانی گوتووە نازانین، لە كتێبی "لەگەڵ شەماڵ سائیب" كە كۆمپانیای چەقماقچی لە ساڵی 1960 چاپ و پەخشی كردووە، تەنیا وێنەی گەلاوێژ دانراوە و هیچ شتێك لەبارەیەوە نەنووسراوە.
2- زوڵەیخا بە زاراوەی كرمانجی گوتوویەتی و لە هۆنراوەی "ئەحمەد موخلیس".
وشە/ كەركووك- ستار جەباری 









وشە - وشه‌