گەنجێكی سلێمانی ئاژەڵ و باڵندەی مردوو مۆمیا دەكات

:: AM:09:13:05/11/2019 ‌

شێرزاد گەنجێكی سلێمانییە و ماوەی سێ ساڵە دەستی كردووە بە هونەری مۆمیاكردنی ئاژەڵ و باڵندە. ئەو ئاژەڵ و باڵندانەی دەمرن و بۆ ئەو كەسانەی بەخێویان دەكەن دەبنە جێی یادگاری، شێرزاد بە مۆمیاكراوی دەیخاتەوە بەرچاویان.

شێرزاد /28 ساڵ/، لەبارەی چۆنیەتی دەستپێكردنی بە هونەری مۆمیاكردن، بە"وشە"ی گوت، لە منداڵییەوە حەزم لە بەخێوكردنی هەموو جۆرە باڵندە و پەلەوەرێك كردووە، ماوەیەكی زۆر لە دەرەوەی وڵات هەموو جۆرە گیاندار و باڵندەیەكم دەهێنا بۆ سلێمانی و دهۆك و هەولێر و دەوروبەری، كە لە ڕێ نەخۆش دەكەوتن یان دەمردن، نرخیان چەندێك گران بووایە دەبوو فڕێیان بدەم، بەمەش زیانی داراییم پێ دەگەیشت.
لە سلێمانی تاكەكەسم كاری مۆمیاكردن دەكەم

وەك خۆی دەڵێ، پێشتر كاری مۆمیاكردنی نەدەزانی، بۆیە لە دوای ئەو هەموو ڕووداوانەی بەسەری هاتن، بیری لە مۆمیاكردنی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە و دووبارە فرۆشتنەوەیان كردەوە، ئیتر وردە وردە دەستی بە كارەكە كرد. دووپاتی دەكاتەوە "لە سلێمانی تاكەكەسم كاری مۆمیاكردن دەكەم".

ئەو باڵندانەی كە شێرزاد مۆمیایان دەكات پێشتر مردوون، وەك خۆی گوتی "من تا ئەم تەمەنە مریشكێكم سەر نەبڕیوە، چی بگات بەو باڵندە و ئاژەڵە جوانانە كە سروشتی كوردستانیان جوان كردووە و نابێت بە كوشتنیان سروشتی كوردستان تێك بدەین."

ئەو گەنجە هەموو جۆرە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و دڕندە مۆمیا دەكات، ئەوەیش لە ڕێی چەند دەرمانێكەوە، كە سەرەكیترینیان مادەی پۆرێكسی ئەڵمانی لەگەڵ چەند مادەیەكی تردا تێكەڵی دەكات. 

ئەو جگەلەوەی كە ئاژەڵ و باڵندەی خەڵك مۆمیا دەكات، خۆیشی شتی مۆمیاكراوی هەیە و دەیانفرۆشێت.

ئەو ئاژەڵە مۆمیاكراوانە هاووڵاتییان بۆ جوانكاری و ڕازاندنەوەی ناو ماڵ بەكاریان دێنن، هەروەها لە ڕێستۆرانت و كافتریا و هۆتێل و مۆتێلەكان دادەنرێن، چونكە سروشتین و دیمەنێكی جوانیان هەیە.

شێرزاد ئەو ئاژەڵە ماڵییانەیش مۆمیا دەكات كە خەڵكی بەخێویان دەكەن و دەمرن، وەك خۆی دەڵێت زۆر كات ئیش بۆ ئەو كەسانەش دەكەم كە چەند ساڵێكە كەوێك یان كەروێشكێك یان هەر ئاژەڵ و باڵندەیەكیان هەیە و لە ماڵەكانیاندا بەخێویان كردوون و خۆشیان ویستوون، بەڵام كە دەمرن یادگاری زۆریان لەگەڵیان هەیە، دەیهێنن بۆ من و بە جوانترین شێوە بۆیان مۆمیا دەكەم، دواتر ئەوانیش لە شوێنێكی ماڵەكانیان دایدەنێن.

شێرزاد شارەزای هونەری مۆمیایە و ئاماژە بەوە دەدا، "هەموو ئەو شتانەی دەیانكەم سروشتین، هەر لە داری ژێر ئاژەڵ و باڵندەكان، دەتوانم بە گوڵی سروشتی و هەر جۆرە گیایەك مۆمیای بكەم، زۆریش گرنگی بە جوانیی شێوازی دەرچوونی مۆمیاكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان دەدەم".

شێرزاد بە پشتگیری خێزانەكەی ئەم كارە دەكات، براكانی لە ئەڵمانیا دەرمان و كەلوپەلی پێویستی بۆ دەنێرنەوە و دایكیشی وەك پشتگیری مەعنەوی لە پشتیەتی بۆ زیاتر سەركەوتنی لە كارەكەیدا.

وشە/ سلێمانی – ئاریان محەمەد











وشە - وشه‌