حەمكۆ ئازاد دەكرێت

:: PM:03:06:05/11/2019 ‌

 

بەپێی بڕیاری دادوەر  حەمكۆ چەند رێوشوێنێکی یاسایی بۆ داندراوە و ئەگەر جێبەجێیان بکات ئازاد دەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەم پێنجی تشرینی دووەم، سەرچاوەیەك لە نزیك ئەو كچەی حەمكۆ دەستدرێژی كردووەتە سەری بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دادوەری دادگا بڕیاری ئازادكردنی حەمكۆی دەركردووە.
ئەگەر ئەو ڕێوشوێنانە جێ‌بەجێ‌ بكات ئەوا ئازاد دەكرێت


ئەو سەرچاوەیە گوتی، بڕیاری دادگا لە جێ‌بەجێكردنی كۆمەڵێك ڕێوشوێنی یاسایی خۆی دەبینێتەوە ئەگەر ئەو ڕێوشوێنانە جێ‌بەجێ‌ بكات ئەوا ئازاد دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، تانە لەو بڕیارەی دادوەر دراوە و چاوەڕوانین بزانین ڕووداوەكان بەكوێ‌ دەگەن.

دوێنێ‌ ئەو كچەی لەلایەن حەمكۆ دەستدرێژیی كرایە سەر، نامەیەكی ئاڕاستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان کرد و تیایدا كۆمەڵێك كەس ئاشكرا دەكات كە هەوڵی گۆڕینی كەیسەكە دەدەن.

لە نامەی ئەو كچەدا هاتووە، لەلایەن حەمكۆی هونەرمەندی كۆمیدی دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەر و تێیدا ئاشكرا كراوە، من كچە كوردێكی زوڵملێكراوی كوردستانم، لەلایەن كەسێكی نابەرپرس و بێویژدانەوە دەستدریژیی سێكسم كراوەتە سەر، ماوەی هەشت مانگ لەلایەن تاوانبارەوە بێدەنگ كرام، بە هەڕەشەكردن بە كوشتن و ئابڕووبردن و ترساندن و چەوساندنەوەم.

لەنامەكەدا باس لەوەیش كراوە، لە كۆتاییدا بە هەوڵی كەسانێكی دلسۆز دەنگم هەڵبڕی، دادگام بە تاكە شوێنی سەندنەوەی مافەكانم زانی، سكاڵای یاساییم لەسەر تاوانبار تۆماركردووە، كۆڵم نەداوە سەرەڕای بەردەوامیی هەڕەشەكان لەلایەن كەسانی دیار و نزیك لە تاوانبار.

ڕوونی كردووەتەوە، من قوربانیی یەكەمی دەستی تاوانبار نیم، تاوانبار "محەمەد جۆرج" ناسراو بە "حەمكۆ"، دەستدرێژیی سێكسی و تووندوتیژی بەرانبەر چەندان ژن و كچی دیكەی ئەم وڵاتە كردووە، بەڵام بە هەڕەشەكانی بە پشت بەستن بە كەسانی بەرپرس و باڵای كوردستان بێدەنگی كردوون و بەشێكیشی بە پارە بێدەنگ كردوون.

" پێتان رادەگەیەنم حەمكۆ كەسێكی مەترسیدارە بەسەر ئاسایشی كۆمەڵاتی و ناوی كوردستان و هەموو داودەزگاكان، بۆیە تكاتان لێدەكەم رێگری بكەن لە دەستوەردان و سووكکردنی مادەكەی، پێویستە بە تووندترین شێوە سزای خۆی وەربگرێت" لە نامەكە وا نووسراوە.


 



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 1806 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌