به‌رپرسی به‌شه ناوخۆییه‌كانی زانكۆی سلێمانی ڕای ده‌گه‌یه‌نێت، خوێندكارانی به‌شه ناوخۆ چه‌ندین ئامێر و كه‌لوپه‌ل ده‌به‌نه ناو به‌شه ناوخۆییه‌كان كه له‌گه‌ڵ مه‌رج و ڕێنماییه‌كان ناگونجێت و ده‌شڵێت، دیاردەی بردنی نێرگه‌له بۆ ناو به‌شه ناوخۆیی زۆر بووه و به‌رده‌وام خوێندكار سزا ده‌درێت.
خوێندکاران نێرگەلەکان لەناو جانتای جلوبەرگەکانیان دەشارنەوە
ئه‌مڕۆ سێشه‌م پێنجی تشرینی دووه‌م، نه‌ژاد حه‌سه‌ن به‌رپرسی به‌شه ناوخۆییه‌كانی كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی له قلیاسان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئاگاداری ئه‌وه‌ین هه‌ندێك له خوێندكاران كه‌لوپه‌ل و ئامێری نایاسایی ده‌به‌نه ژوره‌وه كه له‌گه‌ڵ مه‌رج و ڕێنماییه‌كان ناگونجێت و به‌دووره له كه‌رتی خوێندن و له‌گه‌ڵ خوێندكاری زانكۆ ناگونجێت.
زیاتر روونی دەکاتەوە، یه‌كێك له‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی كه خوێندكاری به‌شه ناوخۆیی ده‌یباته ژووره‌وه نێرگه‌له‌یه، بردنی نێرگه‌له بۆ ناو به‌شه ناوخۆییه‌كان زۆر بووه و لیژنه‌كانی به‌شه ناوخۆییش له گه‌ڕاندان و به‌رده‌وام ده‌ست به‌سه‌ر نێرگه‌له‌دا ده‌گیرێت و له رابردووش چه‌ندین نێرگه‌له ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه.
"ئه‌و نێرگه‌له‌یه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت هی هه‌ر خوێندكار و له هه‌ر ژوورێك بێت، نووسراو به‌رز ده‌كرێته‌وه بۆ سه‌ره‌وه و دواتر له‌لایه‌ن كۆلێژ و به‌شه‌كان سزا ده‌درێن بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ تا هه‌فته‌یه‌ك دوور ده‌خرێنه‌وه لە خوێندن" نەژاد حەسەن وای گوت.
به‌رپرسی به‌شه ناوخۆییه‌كانی كه‌مپی نوێی زانكۆی سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە، به‌شێك له خوێندكاران نێرگه‌له ده‌كه‌نه ناو جانتای جلوبەرگ و ده‌یبه‌نه ژووره‌وه، له‌و حاڵه‌ته‌دا له پرسگه پشكنین ناكرێت بۆ جانتاكان یان له ڕێگه‌ی تره‌وه ده‌برێته ژووره، ئه‌گه‌ر ئامێری تر یان كه‌لوپه‌لی تر ده‌ستی به‌سه‌ردا بگیرێت خوێندكاره‌كه به توندی سزا ده‌درێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی