بەناوبانگترین براندی خۆراک لە کوردستان ساختەچی دەرچوو

:: AM:10:15:06/11/2019 ‌
شەوی رابردوو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی هەولێر دەستیان بەسەر کۆگای کۆمپانیای زێڕی تورکیدا گرت و بە دەیان تۆن خۆراکی ئیکسپایەریان دۆزییەوە کە کۆمپانیاکە سەرقاڵی دەستکاریکردنی رێکەوتی بەسەرچوونەکەی بووە.

لەڕێی تێكردنەوە و گۆڕینی ڕێكەوتی تازە ئامادە كراون و رەوانەی بازاڕەكان كراون
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی تشرینی دووەم، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، قایمقایەتی هەولێر و لیژنە هاوبەشەكان دەستیان گرت بەسەر كۆگایەك لەسەر ڕێی گوێڕ، ئەو كۆگایە بەكۆگاكردنی خۆراك و خواردنی جۆراوجۆر و پاكەرەوە بەكار دەهات، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان سەرجەم ئەو خۆراك و خواردنەوانە ماوەیان بەسەرچووە، بەڵام لەڕێی تێكردنەوە و گۆڕینی ڕێكەوتی تازە ئامادە كراون و رەوانەی بازاڕەكان كراون.

قایمقامی هەولێر گوتی، چەند كرێكارێك ددانیان ناوە بەو ڕاستییانە و ڕێكاری یاسایی گیراوەتە بەر، هاوكات لەسەر ئەم كەیسە سێ كەس گیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخراوە و رەوانەی بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە كراون.

باسی لەوەش كرد كە فەرمانی گرتن بۆ كەسێكی تر دەرچووە تا ئێستە نەگیراوە، بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە لەلایەن لیژنەكان بەردەوامە و تەندروستی هاووڵاتییان لەپێش هەموو شتێكەوەیە.

گرتنی ئەو كەسانە لە كاتێكدایە سەرجەم كاڵاكانیان بەرهەمی وڵاتی توركیایە و بە گۆڕینی ڕێكەوتی بەرهەمە بەسەرچووەكان لە بازاڕ ساغیان كردووەتەوە.




وشە - رامیار جەواد