عێراق.. كەمترین مووچەی خانەنشینی دەكرێتە 550-600 هەزار دینار

:: PM:06:27:06/11/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوامن كە هۆكاری سەرەكیان خراپی خزمەتگوزاری و دۆخی بژێوی و دابەزینی ئاستی دارایی خەڵك و بێكاری بوو، ئێستە حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لە كێبەركێدان بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە بەتایبەتی كە كاریگەری ئابووری خۆپێشاندانەكان بەسەر عێراق توندتر دەبن، پەرلەمانتارێكی عێراق دووپاتی دەكاتەوە لە هەموواری یاسای خانەنشینی كەمترین ئاستی مووچە لەنێوان 550-600 هەزار دینار دەبێت.  

تەمەنی خانەنشینبوون دادەبەزێت و مووچەش زیاد دەكرێت
حوسێن عیقابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم رایگەیاند كە لیژنەكەیان هەموو پێشنیاز و تێبینی پەرلەمانتارانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای گشتی خانەنشینی خستووەتە ناو پڕۆژەكە و دوا داڕشتنی هەموواری یاساكە كۆتایی هاتووە و رەوانەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كراوە بۆ دەنگدان لەسەری لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا.

زیاتر گوتی، هەمواركردنەكە چەند مادە و بڕگەیەكی یاساكەی گرتووەتەوە، بەڵام گرنگترین شت كە لە هەمواركردنەكەدا هاتووە، كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینبوونە بۆ فەرمانبەران، لە پیاوان كراوە بە 60 ساڵ كە ئێستە 63 ساڵە و بۆ ژنان كراوە بە58 ساڵ كە ئێستە 60 ساڵە، دووپاتیشی كردەوە كە كەمترین ئاستی مووچەی خانەنشینی لە نێوان 550-600 هەزار دینار دەبێت. 

ئەمە و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دەست بە دانیشتنەكانی بكاتەوە بۆ تێپەڕاندنی یاساكانی پێوەست بە چاكسازییەكانی دوایی حكوومەت لەسەر داوای خۆپێشاندانەكان و دەنگدان لەسەر هەموواری یاسای خانەنشینی.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل