جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان هاوكاری مرۆیی گه‌یاندووه‌ته كورده‌كان، كه له ئه‌نجامی هێرشی داگیركاری توركیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان، ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی كورد له‌و ناوچه‌یه ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ربوون.
تسیپی هۆتڤیلی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له گوتارێكی بۆ په‌رله‌مانتارانی وڵاته‌كه‌ی له كنێستی ئیسرائیل ئاشكرای كرد، كه ئیسرائیل به هه‌موو جۆرێك هه‌وڵی یارمه‌تیدانی كورد ده‌دات و هه‌ر ڕێگایه‌كی گونجاویش هه‌بێت، درێغی ناكات و كۆمه‌كیان پێ ده‌گه‌یه‌نێت.
زیاتر گوتی، نامانه‌وێ ورده‌كاری چۆنیه‌تیی یارمه‌تیدانی ئیسرائیل بۆ كورد به ڕوونی بڵاو بكه‌ینه‌وه، چونكه ده‌زانین بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه زیان به دۆزی كورد له وڵاته جیا جیاكانی ناوچه‌كه ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌باره‌ی ئه‌و داوایانه‌ی كنێستی ئیسرائیل له حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌ی ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی پێشكه‌شی كورد بكه‌ن، هۆتۆڤیلی گوتی، ئه‌و پێشنیاز و داوایانه‌ی كنێست به گرنگی وه‌رگیراوه و ئێمه یارمه‌تیمان داون و ده‌یده‌ین، له ڕێی كه‌ناڵی جیا جیاوه.
له ڕێی كه‌ناڵی جیاوازه كۆمه‌كمان گه‌یاندووه‌ته كورده‌كان
ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه، كه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل، له ڕێی ڕێكخراوه مرۆییه ناحكوومییه‌كان كۆمه‌ك و هاوكاری مرۆیی بۆ كوردانی باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ڕه‌وانه كردووه.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی ئاماژه‌ی به‌وه دا، كه سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین نه‌تانیاهۆ به توندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشی توركیای بۆ سه‌ر ناوچه كوردییه‌كان كرد و دژی پاكتاوی نه‌ژادی كورد وه‌ستایه‌وه، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا له گفتوگۆی به‌رده‌وامدایه، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری بكات له‌وه‌ی كورد جارێكی تر كۆمه‌ڵكوژ بكرێن.
ئه‌و قسانه‌ی جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل له كنێستی
ئیسرائیل دوای ئه‌وه هات، ئه‌ندامانی فراكسیۆنی شین و سپی له كنێستی ئیسرائیل داوای لێپێچینه‌وه‌یان له حكوومه‌ت كرد و تۆمه‌تباریان كرد، له‌وه‌ی شكستی هێناوه، له یارمه‌تیدانی كورد و ڕێگری له هێرشكردنه سه‌ریان.
ڕۆژی نۆی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ر دۆناڵد تره‌مپ گڵۆپی سه‌وزی بۆ توركیا هه‌ڵكرد، تا هێرش بكه‌نه سه‌ر ڕۆژئاوای كوردستان و ناوچه‌كه داگیر بكه‌ن، به‌وهۆیه‌وه توركیا بۆمبی فۆسفۆری سپی به‌كارهێنا و چه‌ندان هاووڵاتی زامدار كردووه و جیا له‌وه‌ی به‌هۆی بۆردمانی فڕۆكه و تۆپخانه‌ی توركیا سه‌دان هاووڵاتی شه‌هیدبوون و سه‌دانی تریش برینداربوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سی تریش ئاواره‌بوون.