سەرۆكی پەرلەمان روونكردنەوە لەسەر رووداوەكەی هوتێل رۆتانا دەدات

:: PM:12:22:07/11/2019 ‌
دوای ئەوەی دەنگۆی رێگرتن لە پاسەوانانی سەرۆكی پەرلەمان بڵاو كرایەوە كە لەلایەن تیمی پاسەوانی سەرۆكی حكوومەت رێیان پێ نەدراوە بچنە ناو هوتێل رۆتانا بۆ بەشداری لە پانێڵێكی دیداری ساڵانەی مێری. نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان، ئەوە رەت دەكاتەوە و دەڵێ، رووداوەكە دوور و نزیك پێوەندی بە پاسەوانانی سەرۆكی حكوومەت نەبووە.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی تشرینی دووەم، نووسینگەی دكتۆرە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لەسەر رووداوەكەی بەیانی دوێنێ چوارشەم، نەهێشتنی چوونە ژوورەوەی یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هوتێل رۆتانا و بەستنەوەی بە تیمی پاسەوانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رەت دەكاتەوە.

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ "وشە" باسی لە رووداوەكە كرد كە كێشەكە لەگەڵ تیمی پاسەوانی هوتێل رۆتانا بووە، گوتی "تیمی پاسەوانی هوتێل گوتیان، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێلێكی زۆر لە گەراجی هوتێلەكەیە، ناتوانین رێ بە هەموو ئوتۆمبێلەكان بدەین"، زیاتر گوتی "سەرۆكی پەرلەمانیش، بڕیاری گەڕانەوە و بەشداری نەكردنی لە پانێڵێكی دیداری مێری كرد".

پێوەندی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكوومەت پێوەندییەكی زۆر باشە


رووداوەكە سەعات هەشت و 45 خولەكی سەر لە بەیانی رووی دا، لەو كاتەی سەرۆكی پەرلەمان بە مەبەستی بەشداری لە پانێڵێكی دیداری ساڵانەی مێری چووە هوتێل رۆتانا، بەڵام وەك نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان دەڵێ، رووداوەكە لەگەڵ پاسەوانی هوتێل بووە و سەرۆكی پەرلەمانیش هیچ وەڵامدانەوەیەكی لەگەڵ پاسەوانی هوتێلەكە نەبووە و تەنیا بڕیاری بەشداری نەكردنی داوە.

نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر رووداوەكە لەگەڵ تیمی پاسەوانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووایە، ئەوا سەرۆكی پەرلەمان كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ ئەنجام دەدا، گوتی "پێوەندی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆكایەتی حكوومەت پێوەندییەكی زۆر باشە، ئەوەیشی رووی داوە پێوەندی بە تیمی پاسەوانی سەرۆكی حكوومەت نەبووە، چونكە سەرۆكی حكوومەت سەعات چواری پاش نیوەڕۆ پانێڵی هەبووە نەك بەیانییەكەی تا تیمی پاسەوانی رێگری لە ئۆتۆمبێلەكانی سەرۆكی پەرلەمان بكەن".

زیاتر روونی كردەوە، سەرۆكی پەرلەمان جگە لە خۆی، ژمارەیەك لە راوێژكاران و پاسەوانی لەگەڵ بووە و رازی نەبوو بەوەی ئۆتۆمبێلی ئەوان رێی هاتنە ژوورەوەیان پێ نەدرێت.

دیداری مێری، دیدارێكی ساڵانەیە و تێیدا تاوتوێ و گەنگەشەی پرسەكانی پێوەند بە هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە دەكات. 

بۆ ئەمساڵیش هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت و رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمان پانێڵی تایبەتیان هەبوو لە دیدارەكە، هاوشانی چەندان پانێڵی تری پێوەند بە دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق و پرسی ژن و چەندان پرسی تر.

دوێنێ چوارشەم شەشی تشرینی دووەم، بە پانێڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم و ستراتیجی چوار ساڵەی ئایندە، كۆتایی بە دیداری 2019ـی مێری لە هوتێل رۆتانا هات.



وشە - فه‌رمان سادق

ئه‌م بابه‌ته 2970 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌