پۆمپیۆ: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی

:: PM:04:09:07/11/2019 ‌

ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر چەندان پرس بەردەوامە، دوای سزاكانی دوایی ئەمەریكا بۆ سەر ژمارەیەك بەرپری ئەو وڵاتە و بڕیاری ئێران بە كەمكردنەوەی پابەندییەكانی بە رێككەوتنی ئەتۆمی، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.

ئەمەریكا لە هەموو لایەك گوشارەكانی بۆ سەر ئێران زیاد كردووە
ئەمڕۆ پێنجشەم پۆمپیۆ لە بەیاننامەیەك رای گەیاند كە ئەو هەنگاوانەی دوایی ئێران لەبارەی پەرەسەندنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی، مایەی نیگەرانین و پێویستە هەموو وڵاتان جموجۆڵ بكەن و گوشاری زیاتری بخەنە سەر، ئەوەش دوای ئەوەی تاران لە یەكێك لە دامەزراوە ئەتۆییەكانی دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم كردەوە.

زیاتر گوتی، فرەوانكردنی ئێران بۆ چالاكییە هەستیارەكانی پێوەست بە بڵاوكردنەوەی چەكی ئەتۆمی نیگەرانی لەبارەی ئەگەری خۆسازدانی بۆ بژارەی جیابوونەوەی بەپەلەی ئەتۆمی دروست دەكات و روونی كردەوە، كاتی ئەوە هاتووە كە هەموو وڵاتانی دنیا ئەو گوشارە ئەتۆمییەی ئێران رەت بكەنەوە و هەنگاوی رژد بەرەو زیادكردنی گوشارەكانی سەری باوێن. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل