یەكێتی ئەوروپا: بەكارهێنانی هێزی لەرادەبەدەر لە عێراق قبووڵكراو نییە

:: PM:04:59:07/11/2019 ‌

كۆمسیۆنی باڵای كاروباری دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا رای گەیاند كە بەكارهێنانی لەرادەبەدەری هێز لەدژی خۆپێشاندەرانی عێراق قبووڵكراو نییە، هاوكات پاڵپشتی بۆ چارەسەركردنی دۆخەكە پێشان دا.

بەرپرسانی ئەو پێشێلكاریانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت
فیدیریكا مۆگیرینی، ئەمڕۆ پێنجشەم لە بەیاننامەیەك كە لە برووكسڵ بڵاو كرایەوە رای گەیاند، پێویستە رێز لە مافە سەرەكییەكانی گەلی عێراق لە كۆبوونەوە و خستنەڕووی داواكارییەكانی بۆ حكوومەت بەپێی دەستوور، بگیرێت، ئاماژەی كرد كە بەداخەوەین بۆ بەكارهێنانی هێزی لەرادەبەدەر لەدژی خۆپێشاندەران و ئەو هەواڵانەی باس لە هێرشی چەكداران بۆ سەر خۆپێشاندەران دەكرێت، كە ئەوانە مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە و ئازادی دەربڕینی داواكارییە رەواكات بەرتەسك دەكاتەوە.

زیاتر گوتی، سەرەڕای چەندان بانگەشە بۆ ئارامبوونەوە، بەڵام قوربانی زیاتری مرۆیی كەوتووەتەوە و ژمارەیەكی زۆری برینداریش هەیە، جیا لە وێرانبوونی موڵكوماڵی تایبەت و گشتی، بۆیە یەكێتی ئەوروپا خوازیارە بەرپرسان لەو پێشێلكاریانەی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت. 

موگرینی رای گەیاند، یەكێتی ئەوروپا دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوان پاڵپشتی لە یەكپارچەیی عێراق و گفتوگۆی فرەوانن و ئامادەشن بۆ پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عێراقی لە جێبەجێكردنی داواكاری خۆپێشاندەران، وەك نەهێشتنی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار و باشتركردنی كارگێڕی.
 
ئەمڕۆ پێنجشەم ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رای گەیاند كە زۆر نیگەرانن لە زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەكانی عێراق و دووپاتی كردەوە كە پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی رژد لەو توندوتیژییە بكرێت.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل