گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕای گه‌یاند، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كه‌مئه‌ندامی نوێ مووچه‌یان بۆ نه‌براوه‌ته‌وه و ئێسته نزیكه‌ی 30 هه‌زاری تر ناوی خۆیان تۆمار كردووه.
له ساڵی 2013 تا ئێسته هیچ كه‌مئه‌ندامێكی نوێ نه‌بووه‌ته خاوه‌ن مووچه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م حه‌وتی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، ئاریان محه‌مه‌د گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ "وشه" گوتی، له پێشینه‌ی كاره‌كانمان بۆ كه‌مئه‌ندامان داناوه ئه‌وانه‌ی تازه ناویان تۆماركراوه و هێشتا مووچه‌یان بۆ نه‌براوه‌ته‌وه، چونكه ئه‌وان زیاتر پێویستیان به مووچه هه‌یه و توانای كاركردنیان نییه.
ڕوونیشی كرده‌وه كه له ساڵی 2013 تا ئێسته هیچ كه‌مئه‌ندامێكی نوێ نه‌بووه‌ته خاوه‌ن مووچه، بۆیه ناوی تۆمار كراوه كه نزیكه‌ی 30هه‌زار كه‌مئه‌ندام ده‌بن و خراوه‌ته به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات و په‌سه‌ندبكرێن و ببنه خاوه‌ن مووچه.
به‌رپرسه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی گوتی، هه‌ر كاتێك ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ره‌زامه‌ندی دا ده‌ست به ئه‌نجامدانی مامه‌ڵه ده‌كه‌ین بۆیان و مووچه‌یان بۆ ده‌بردرێته‌وه.
ئه‌وه له‌كاتێكدایه كه له ماوه‌ی ڕابردوویش پێداچوونه‌وه به كه‌مئه‌ندامان كرا و ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌مئه‌ندام له كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی بڕاویان بۆ گه‌ڕێنرایه‌وه.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراهیم