ئیڤان عه‌بدولباقی /21 ساڵ/ نیگاركێش و مامۆستای شێوه‌كاری له قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی فاخیر مێرگه‌سۆری. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه" ده‌ڵێ، تابلۆكانم زۆربه‌یان گوزارشت له خۆشی و ناخۆشییه‌كانی ژیان ده‌كه‌ن. ئه‌و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌دات كه ئامانجی دڵخۆشكردنی خۆیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌و ئاسته‌ی كه شانازی پێوه بكات.
هونه‌ر لای تۆ خولیایه یان پیشه؟
هونه‌ر خولیایه، زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕێچكه‌ی هونه‌ر ده‌گرنه‌به‌ر، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خولیای ئه‌وه‌یان هه‌بووه ببن به هونه‌رمه‌ند، منیش یه‌كێكم له‌و كه‌سانه و له سه‌ره‌تاوه خولیای زۆرم بۆ هونه‌ر هه‌بووه، بۆیه ئه‌و ڕێچكه‌یه‌م گرته‌به‌ر و به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی خۆم پێ گه‌یاند، په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان به‌شی شێوه‌كاریم خوێند.
خاوه‌نی چه‌ند تابلۆ و پێشانگه‌ی؟
تا ئێسته خاوه‌نی زیاتر له 500 تابلۆی جۆراوجۆرم، هه‌روه‌ها دوو پێشانگه‌ی تایبه‌ت كه یه‌كێكیان له هۆڵی "شه‌هید سه‌عد عه‌بدوڵا" و ئه‌ویتریان له قوتابخانه‌ی شه‌هید فاخیر مێرگه‌سۆری نمایش كراون. هاوكات له 18 پێشانگه‌ی هاوبه‌ش به‌شداریم كردووه، پێشانگه هاوبه‌شه‌كان له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، زانكۆی جیهان، كۆلێژی یاسا، زانكۆی لبنانی فڕه‌نسی، قه‌ڵای هه‌ولێر، هۆڵی سه‌عد عه‌بدوڵا، هۆڵی پێشه‌وا، هۆڵی میدیا نمایش كراون.
تابلۆكانت گوزارشت له چی ده‌كه‌ن؟
گوزارشت له هه‌ستی ئه‌و كاتانه‌م ده‌كه‌ن كه به نیگاركێشانه‌وه سه‌رقاڵم، واته هه‌سته‌كانم سنووردار نین و به‌پێی كاته‌كان هه‌سته‌كانم ده‌گۆڕێن، هه‌روه‌ها له كاتی نیگاركێشاندا هه‌ر هه‌ستێكم بۆ بێت، به ڕوونی له‌ناو تابلۆكه به دیار ده‌كه‌وێ و هه‌مووی له‌ناویدا كۆ ده‌بێته‌وه، بۆ نموونه ئه‌و كاتانه‌ی خه‌مبار یان دڵخۆش بم یان هه‌ست به بێزاری بكه‌م، به‌پێی ئه‌و هه‌ستانه‌م خۆم به نیگاركێشان سه‌رقاڵ ده‌كه‌م.
كه‌واته تابلۆكانت تایبه‌ت نه‌كردووه به بابه‌تێكی دیاریكراو؟
نه‌خێر، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرترین تابلۆم كێشاوه و هه‌ر یه‌كێكیان تایبه‌ته به بابه‌تێكی جیاواز، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم زۆربه‌یان تایبه‌تن به ژن و سروشت، هه‌ندێك جاریش تابلۆ به‌پێی خواستی ئه‌و كه‌سانه ده‌كێشم كه داوام لێ ده‌كه‌ن.
له تابلۆكێشاندا چ جۆره كه‌ره‌سته‌یه‌ك به‌كار دێنی؟
هه‌موو جۆره كه‌ره‌سته‌یه‌كم تاقی كردووه‌ته‌وه، هه‌موویشیان به‌پێی حه‌ز و ئاره‌زووی خۆم و به‌پێی كات و شوێنی دروستكردنی تابلۆكه، به‌كار دێنم.
به كام هونه‌رمه‌ندی جیهانی سه‌رسامی و تا ئێسته ڕێچكه‌ی كامیانت وه‌رگرتووه؟
به هیچ هونه‌رمه‌ندێكی جیهانی له بواری شێوه‌كاری سه‌رسام نیم، چونكه وا هه‌ست ده‌كه‌م كاره‌كانیان تووشی دڵته‌نگیم ده‌كه‌ن، ئه‌وه ته‌نیا بۆچوونی خۆمه. بۆیه له كاره‌كانمدا ڕێچكه‌ی هیچ هونه‌رمه‌ندێكی جیهانیم نه‌گرتووه و هه‌میشه له‌سه‌ر ئه‌و ڕێچكه‌یه ڕۆیشتووم كه خۆم حه‌زم لێی بووه و خۆم خاوه‌نی بوومه.
خه‌ون و ئامانجت چییه؟
له كاره‌كانم ئامانجم دڵخۆشكردنی خۆمه، هه‌روه‌ها خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینم بگه‌م به‌و ئاسته‌ی شانازی پێوه بكه‌م. جگه له‌مانه، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌و قوتابیانه‌ی له‌ژێر ده‌ستی من ده‌خوێنن، كه‌سایه‌تی زۆر به‌ناوبانگ و هونه‌رمه‌ندی به توانا له بواری شێوه‌كاریدا ده‌ربچن.
جگه له شێوه‌كاری، به‌هره‌ت له چ بوارێكی تردا هه‌یه؟
ئاره‌زووی زۆرم له ئاماده‌كردنی خواردن هه‌یه و له بواره‌شدا ده‌ستڕه‌نگینم، بۆیه كاتێك وێنه ناكێشم حه‌ز له دروستكردن و ئاماده‌كردنی خواردن ده‌كه‌م، هه‌ر جاره و خۆم به خواردنێكی جیاواز سه‌رقاڵ ده‌كه‌م.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال