فراكسیۆنه كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ڕای ده‌گه‌یه‌نن، هاوپه‌یمانێتییه‌كی نه‌نووسراو له نێوان سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كاندا هه‌یه و هه‌وڵیش ده‌ده‌ن بیگه‌یه‌ننه ئاستی نووسراو و پێڕه‌و و پرۆگرامی هه‌بێت. له‌م به‌دواداچوونه‌دا سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی كورد له به‌غدا، ئه‌و هه‌نگاوه به گرنگ و پێویست بۆ به‌هێزبوونی پێگه‌یان به پێویست ده‌زانن.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی دروستكردنی یه‌ك هاوپه‌یمانی كوردستانی هه‌بووه
له سه‌ره‌تای مانگی ڕابردووه‌وه بارودۆخی عێراق به‌هۆی خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌وه به‌ره‌و ئاڵۆزی ڕۆیشتووه، له‌و نێوانه‌دا پرسی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و هه‌ندێ داواكاریی تر له دژی هه‌رێم، وایكردووه فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بن و هاوپه‌یمانێتییه‌كی ڕانه‌گه‌یه‌نراو له‌سه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كانی پێوه‌ست به كورد و كوردستان دروست بكه‌ن.
به‌هار مه‌حموود په‌رله‌مانتاری عێراق له فراكسیۆنی گۆڕان به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، ئه‌وه ڕاسته كه ئێمه به‌تایبه‌ت له‌و بارودۆخه‌ی ئێسته عێراقی تێدایه، كوردیش مه‌ترسیی له‌سه‌ره. وه‌ك به‌هار ده‌ڵێ "بۆیه هه‌موو لایه‌نه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌كی ڕانهگهیهنراومان هه‌یه و له‌سه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كان ئاگامان له یه‌كه و یه‌كهه‌ڵوێست و یه‌ك به‌ره و یه‌كده‌نگین، ئه‌وه‌ش گرنگ و پێویسته".
ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، "تا ئێسته ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه نه‌بووه‌ته نووسراو، به‌ڵام هه‌وڵ هه‌یه هاوپه‌یمانێتییه‌كی كوردی به نووسراو و پێڕه‌وه‌وه دروست بكه‌ین و له به‌رانبه‌ر به‌غدا كورد به‌هێزتر ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئێسته هه‌موو لایه‌ك به‌شی ئه‌وه هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌كات كه له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا یه‌ك هاوپه‌یمانی بین."
كورد له په‌رله‌مانی عێراق 59 كورسیی هه‌یه، به‌سه‌ر حه‌وت فراكسیۆندا دابه‌ش بوون، فراكسیۆنی پارتی 26 ئه‌ندام، فراكسیۆنی یه‌كێتی 17 ئه‌ندام، فراكسیۆنی گۆڕان پێنج ئه‌ندام، فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ كه ئێسته بووه به دوو به‌شه‌وه چوار ئه‌ندام، هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتووی ئیسلامیش، هه‌ریه‌كه و دوو ئه‌ندام.
"كێشه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌كێتی هه‌یه، ئه‌وان حزبه‌كانی تر ته‌نیا وه‌ك به‌رپرسیارێتییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه ده‌بینن، به‌ڵام كه دێته سه‌ر پرسی پۆست و دابه‌شكردنیان، ته‌نیا خۆیان ده‌بینن و له نێوان خۆیاندا دابه‌شی ده‌كه‌ن". به‌هار وای گوت.
له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی خۆپێشانده‌رانی عێراق له زیاتر له 60 خاڵدا ڕایان گه‌یاندووه، سێ خاڵی تایبه‌ته به هه‌رێمی كوردستان، كه پرسی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم و قه‌واره‌ی هه‌رێم ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌وه‌ش هۆكارێك بووه تا فراكسیۆنه كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ببن به هاوپه‌یمان و هاوهه‌ڵوێست.
به‌ختیار شاوه‌یس په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له عێراق به"وشه"ـی گوت، "ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه ئه‌ركی هه‌مووانه به‌رانبه‌ر پرسه چاره‌نووسسازه‌كان به‌تایبه‌ت له‌م بارودۆخه‌ی عێراقدا، به‌رانبه‌ر مافی كورد یه‌كهه‌ڵوێست بین و یه‌كگوتار و قسه‌مان هه‌بێت."
ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو، "هه‌ر له سه‌ره‌تاوه هه‌وڵی دروستكردنی یه‌ك هاوپه‌یمانی كوردستانی هه‌بووه له په‌رله‌مانی عێراق، به‌ڵام ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه ڕانه‌گه‌یه‌نراوه پێشهاتێكی نوێیه و بێگومان هه‌نگاوه‌كانی تریش پێش ده‌خات."
ئه‌و پرسه ته‌نیا له‌ناو فراكسیۆنه‌كانی به‌غدادا باس نه‌كراوه، به‌ڵكو له نێوان حزبه سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه و دووپاتیان له گرنگی و پێویستی دروستكردنی ئه‌و "هاوپه‌یمانێتییه كوردستانییه" كردووه‌ته‌وه.
ڕێبوار هادی په‌رله‌مانتاری پارتی له به‌غدا به"وشه"ـی گوت، "له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته كۆبوونه‌وه كراوه و لێكنزیكبوونه‌وه‌ی باش هه‌یه، به‌ڵام دانیشتنه‌كان ته‌واو نه‌بوون و ئه‌و پرسه له نێوان حزبه سیاسییه‌كانیشدا باس كراوه و فراكسیۆنه‌كانیش له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی خۆیان له‌وباره‌یه‌وه گفتوگۆ ده‌كه‌ن."
"هیچ كام له فراكسیۆنه كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق لارییان نییه له دروستكردنی هاوپه‌یمانێتییه‌كه و ڕاگه‌یاندنی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی، بگره سه‌رجه‌ممان به گرنگ و پێویستی ده‌زانین، به‌ڵام میكانیزم و شێوازی دامه‌زراندن و هه‌یكه‌له‌كه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌كرێت". هادی وای گوت.
پێشی وابوو به ئاسانی ئه‌و پرسه بچێته پێشه‌وه، چونكه بارودۆخه‌كه وا ده‌خوازێت و هه‌موو لایه‌كیش هه‌ست به به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌ن.
وشه/ سلێمانی- هه‌ستی كه‌مال