بازاڕی فەرش گەرمە و بەرهەمی توركی خواستی لەسەر نییە

:: AM:09:35:09/11/2019 ‌

لەگەڵ دەستپێكردنی وەرزی باران و هاتنی سەرما، خواست لەسەر فەرش و كومبار بەرز دەبێتەوە و خاوەن پێشانگە و كۆگەكان باس لەوە دەكەن، لەگەڵ باران و سەرما خەڵك ڕوویان تێدەكەن بۆ كڕینی فەرش. بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كڕینی فەرش زۆر بووە و نرخ دابەزیوە، بەڵام خواست لەسەر بەرهەمی توركی نییە و بایكۆت بە سوودی ئێران شكاوەتەوە.

هاووڵاتییان ساڵانە لە وەرزی هاوین فەرش و كومباری ناوماڵ هەڵدەگرن و دواتر لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان وەك ئامادەكارییەك بۆ ڕێكخستنەوەی ماڵ، دەست بە كڕینی فەرش دەكەن، بەڵام بەشێكیان فەرشی ساڵانی ڕابردوو بەكار ناهێننەوە. هۆكارەكەیشی بۆ هەرزانی نرخ و جوانی و كوالێتی رایەخی نوێ دەگەڕێتەوە.

ڕێباز ئازاد خاوەنی كۆگەی فەرش و كومبار لە سلێمانی، باس لەوە دەكات كە ڕۆژانە سەرووی 20 تۆپی فەرش دەفرۆشن. بەگوتەی خۆی "بازاڕیان باشە و رۆژانە بایی 50 ملیۆن دینار دەفرۆشن". 

لە ساڵانی ڕابردوو خواست زیاتر لەسەر كومبار بوو، چونكە فەرش نرخی گران بووە بەتایبەت فەرشی كاشانی ئێرانی، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەوەی نرخی تمەنی ئێرانی دابەزیوە، ماوەی دوو ساڵ دەبێت خواستێكی زۆر لەسەر فەرش دروست بووە بەراورد بە كومبار دوو هێندەیە.
بەگشتی لە مانگی تشرینی یەكەمەوە خواست لەسەر فەرش و كومبار زیاد دەكات و وەك خاوەن كۆگەكە باسی دەكات، رۆژانە لانی كەم 100 كڕیاریان هەیە. نرخی مافوور بەگوێرەی ئەندازەی بچووك لە 75 دۆلارەوە دەست پێ دەكات تا 350 دۆلار كە گرانترینیانە.

بەگوتەی ڕێباز، لە دوای ئەو دۆخەی لە ڕۆژئاوا دروست بووە بەهۆی هێرشی توركیا، فرۆشی فەرش و كومباری توركی كەم بووەتەوە و هەست بەوە دەكەن هاووڵاتییان وەك هەڵوێستێك بەرانبەر بە توركیا، كەمتر فەرشی توركی دەكڕن و لە بەرانبەردا گرنگی بە فەرشی كاشان و ئێرانی دەدرێت.

هاوكات زاخۆ قامیشی خاوەنی فەرشفرۆشی دیوەخان لە سلێمانی، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە نرخی فەرش زۆر هەرزان بووە. وەك ئەو دەڵێ "پێش دوو ساڵ فەرشێكی كاشانی ئێران نرخەكەی 400 دۆلار بوو، ئێستە بە 120 دۆلار دەست دەكەوێت، ئەم هەرزانبوونە وایكردووە هاووڵاتییان لە جیاتی كومبار، فەرش بكڕن".

بەگوتەی ئەو خاوەن پێشانگەیە، خواست زیاتر لەسەر فەرشی ئێرانی لە جۆری 700 شانە و هەزار و 200 شانەیە كە باشترین و كوالێتی بەرزن. 

هەرچەندە لەم پێشانگەیە هەردوو جۆری فەرشی توركی و ئێرانی دەفرۆشرێن، بەڵام بە گوتەی قامیشی، فرۆشیان زیاتر فەرشی ئێرانییە كە بە ڕێژەی 80%ـیە و كەمترین فرۆشی فەرش و كومباری توركییان هەیە. 



بە ئاشكرا كڕیارەكانمان پێمان دەڵێن فەرشی توركیمان ناوێ

"پێشتر هۆكارەكە پێوەست بوو بە نرخەوە، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی كە دۆخی ڕۆژئاوا هاتووەتە پێشەوە، ئەوەش بووەتە هۆكارێك كە هاووڵاتییان وازیان لە كڕینی كاڵای توركی هێناوە لە ناویشیاندا فەرشی توركی" قامیشی وای گوت.

ئەو دەڵێت "هاووڵاتی هاتووە بۆ لامان و پێی گوتووین نامانەوێ فەرشی توركی ئەگەر بە خۆڕاییش بێت، هاووڵاتیی كورد هۆشیار بوونەتەوە لەوەی ئەگەر وڵاتێك دژی بوەستێتەوە، هیچی لە دەست نەیەت، خۆ دەتوانێ بایكۆتی كاڵاكانی بكات، بۆیە بە ئاشكرا كڕیارەكانمان پێمان دەڵێن فەرشی توركیمان ناوێ".

نازدار ئەحمەد كە لەگەڵ هاوسەری هاتوون بۆ كۆگەیەكی فەرش، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، وەك ئامادەكاری بۆ وەرزی زستان، كەلوپەل و پێویستی دەكڕن و دەیانەوێ فەرشیش بكڕن، بەڵام ئەوەی ئەوان دەیانەوێ فەرشی ئێرانییە لە جۆری باش و كوالێتی بەرز. 
نازدار گوتی، "هیچ كات ئامادە نیم فەرشی توركی بكڕم، هەرچەندە كڕینی فەرشی ئێرانیش ناچارییە، چونكە ئێرانیش لەگەڵ كورددا باش نییە، بەڵام بۆ ئەو دۆخەی ئێستە نامانەوێ هیچ كاڵایەكی توركی بكڕین."

وشە/بەدواداچوونی هۆشیار عەلی






وشە - وشه‌