یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كێشە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی دروست دەكات، بەو هۆیەوە حكوومەت نەیتوانیوە تا ئێستە رەوانەی پەرلەمانی بكات. هاوكات داوای ڕێككەوتنی سیاسی دەكات لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە، چونكە ئەو حزبە ١٠٠ هەزار كەسی بە نایاسایی خانەنشین كردووە.
یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی، لە كۆتایی خولی ڕابردووی پەرلەمان پەسند كرا، بەڵام گوشاری شەقام دژی خانەنشینی زۆر بۆ پەرلەمانتار و پلەتایبەتەكان، ناچاری كردن یاساكە بگێڕنەوە، بەڵام حكوومەتی نوێی هەرێم چاكسازی وەك خاڵی سەرەكی كارنامە چوار ساڵییەكەی راگەیاندووە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بە نیاز بوو لە سەرەتای كارەكانیدا پڕۆژەیاساكە رەوانەی پەرلەمان بكاتەوە، بەڵام یەكێتی كۆسپی زۆری بۆ دروست دەكات و لە میدیاوە گێچەڵی تر دەكات و دڵەڕاوكە بڵاو دەكاتەوە لەپێناو دواخستنی پڕۆژەكە. بەڵام هەفتەی رابردوو مەسروور بارزانی دووپاتی كردەوە كە پڕۆژەیاساكە رەوانەی پەرلەمان دەكەن بە ئامانجی بەدیهێنانی دادپەروەری.
232 هەزار خانەنشین لە هەرێم هەن و تەنیا 70 هەزاریان یاسایین
بەپێی ئەو ئامارەی "وشە" لە سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجی هەرێم وەریگرتووە، ٢٣٢ هەزار خانەنشین لە هەرێم هەن و تەنیا ٧٠ هەزاریان یاسایین.
هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی بە تەنیا زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەسی بە نایاسایی خانەنشین كردووە، زۆرینەیش خانەنشینی سەربازین كە مووچەیان بەرزە، ئەمەیش بووەتە هۆی ڕێگری ئەو حزبە لە چاكسازی و وڵاتێك دەكات بە قوربانی ترسی لەدەستدانی ئەو ئەندامانەی بەو مووچەیە پابەندی كردوون بە حزبەوە.
لە خانەنشینی سەربازی كە لە دنیادا زۆرترین رێوشوێن و خزمەتی پێویستە تا پێی بگەیت، لە كوردستان هیچ پێوەرێك رەچاو نەكراوە جگە لە ئینتیمای حزبی, بۆیە تەمەن رەچاو نەكراوە و پلەی سەربازی بەخشراوەتەوە بۆ مووچەی بەرز، كە وایكردووە كوردستان بەرگەی هیچ جۆرە تەنگژەیەك نەگرێ.
پەرلەمانتارێكی پەرلەمانی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، خولی پێشووی پەرلەمان كە رای گشتیی یاساكەی قبووڵ نەكرد، لایەنەكان كۆك بوون كە خانەنشینی پەرلەمانتار و پلەتایبەت كەم بكرێتەوە و تەمەنیش وەك یاساكەی عێراق بێت، لەپێناو پەسندكردنەوەی كە 100 ملیۆن دۆلاری بۆ حكوومەت دەگەڕاندەوە، بەڵام یەكێتی لەوكاتەشدا ڕێگر بوو، جۆرەها گوشار و هاوكات سازشی دەكرد كە لەبەر هەڵبژاردن یاساكە پشتگوێ بخرێت.
پەرلەمانتارەكە ئاماژەی دا، "یەكێتی لە میدیا دەڵێ لەگەڵ پڕۆژەی چاكسازین و پشتگیریی دەكەین، بەڵام كە دێتە سەر كۆبوونەوە حزبییەكان، داوای لە گۆڕان و پارتیش كردووە ڕێككەوتنی حزبی لەسەر بكرێت و بە سازان تێپەڕێنرێت، بۆ ئەوەی خەڵك بخەڵەتێنرێت و یاساكە بەشێوەیەكی سادە پەسند بكرێت و نادادییەكان نەكاتە ئامانج، بەڵام ئەو داوایە ڕەت كراوەتەوە".
"بۆیە دەبینن چەند رۆژێكە یەكێتی بەم جۆرە دەردەكەوێت كە كێشە بۆ پڕۆژەكە و وردەكاریی تەواوبوونی كابینەی نوێ دروست دەكات وەك كارتی گوشار میدیا بەكاری دێنێ". پەرلەمانتارەكە وای گوت.
زۆربەی خانەنشینەكانی یەكێتی بە واژووی د. بەرهەم ساڵح سەرۆك وەزیرانی كابینەی شەشی حكوومەتی هەرێم، عومەر فەتاح سەرۆكی حكوومەت لە ئیدارەی سلێمانی و عیماد ئەحمەد جێگری پێشتری سەرۆك وەزیران كراون و خراونەتە لیستی خانەنشینییەوە.
بەڵام سەرجەم حزبەكان لەو كارە نایاساییەدا پشكیان هەیە، تەنانەت بە حزبە ئیسلامییەكانیشەوە خەڵكی مەدەنییان بە سەربازیی خانەنشین كردووە لە رێی حكوومەتەوە، بەڵام بە هەموو حزبەكان پێكەوە ژمارەیان ناگاتە ژمارەكەی یەكێتی.
پێشەوا هەورامانی پەرلەمانتاری كوردستان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، هەر كەس و لایەنێك كێشە بۆ یاسای چاكسازی دروست بكات، دەبێ خەڵكی كوردستان بیبینێت و بزانێ لە پڕۆژەیەكی ئاوا گرنگدا كێ لەگەڵیەتی و كێ لەگەڵی نییە، چونكە سبەی دەنگدان هاتەوە، بزانێ دەبێت دەنگ بە چ لایەنێك بدات.
روونی كردەوە، "ئەو پڕۆژەیەی ئێستە لای حكوومەتە، زۆری نەماوە رەوانەی پەرلەمان بكرێت و زۆر وردە و زۆر فراوانیش كراوە، ئەو پڕۆژەیە زۆر گرنگە چونكە بە پەسەندكردن و جێبەجێكردنی، هەرێم دەتوانێ ئەوەندە پارە بگەڕێنێتەوە، لە حاڵەتی نەبوونی بودجە و پارەی مووچە لە بەغدا، خۆی كۆنتڕۆڵی بارودۆخی خۆی بكات."
ئێستە حكوومەتی هەرێم لیژنەیەكی بۆ فراوانكردنی ئەو پڕۆژەیە و ئامادەكردن و ناردنەوەی بۆ پەرلەمان ئامادە كردووە، بەڵام هێشتا یەكێتی هەموو هەوڵێك دەدات پڕۆژەكە بەر لە گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕێككەوتنی سیاسی و حزبیی لەسەر بكرێت و ناوەڕۆكەكەی لە دەست بدات.
زیاد جەبار پەرلەمانتاری یەكێتی لە كوردستان، باسی لەوە كرد كە ئەو پڕۆژەیە نەخشی دەستوپەنجەی ئەندامان و كادرانی یەكێتی پێوەیە، هەروەها لە هیچ شوێن و هیچ كۆبوونەوەیەكیش باسی ئەوەی نەكردووە كە لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە نییە و كێشەی بۆ دروست بكات.
زیاد بۆ "وشە" گوتی، "زۆر بەداخەوە حكوومەت 100 ڕۆژە پڕۆژەكەی پێ ئامادە نەكرا و نەیناردە پەرلەمان، ئێستە قەرەبووی ئەو دواكەوتنەیان بەوە دەدەنەوە ئۆباڵەكەی بخەنە ئەستۆی یەكێتی، ئەوە تۆمەتە و حكوومەت خۆی نەیتوانیوە پڕۆژەكە تەواو بكات و یەخەی یەكێتی دەگرێت."
هیواشی خواست حكوومەت هەرچی زووە پڕۆژەكە بنێرێتە پەرلەمان، ئەوكاتە ببینێت یەكێتی نەك هەر دژی نییە، بەڵكو تەواو پشتگیر و لەگەڵیەتی.
لە حكوومەت لیژنەیەك بە سەرۆكایەتیی سەرۆك وەزیران پێكهێنراوە بۆ گەڵاڵەكردنی پڕۆژەیاساكە كە سەرۆكی فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمانیش ئەندامن لەو لیژنەیەدا. چاوەڕوان دەكرێت بەمنزیكانە یاساكە رەوانەی پەرلەمان بكرێت.