یەک لە دادوەرە مانگرتووەکان لە تاوانی کوشتن تێوەگلاوە

:: PM:01:41:10/11/2019 ‌
ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان لەسەر مانگرتنی ژمارەیەك دادوەر لە سنووری گەرمیان، زانیاری ئاشكرا دەكات و دەڵێ،یەكێك لەو دادوەرانە كار ناكات و لە كوشتن تێوەگلاوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 10ـی تشرینی دووەم، لە ڕوونكردنەوەیەكی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان هاتووە، لە دادگا پێداچوونەوەی هەرێم هەموو دۆسیەكانی بەردەم دەستەی سزای گشتی و دەستەی شارستانی گشتی دەدرێنە گشت ئەندامانی دادگا، یەكێكە لەو ئەندامانە و بە پێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ناكرێت ئەو داوایانە پێشكەش بەو نەكرێن، جگە لەو كاتانە نەبێت كە مۆڵەتی ئاسایی یان نەخۆشی هەبێت و ئەویش جگە لەوەی كە ئەندامە لە هەردوو دەستەی سەرەوە، هەروەها سەرۆكی دەستەی نەوجەوانانیشە لە دادگای پێداچوونەوە.

ئاشكرا كراوە، لەبارەی بابەتی گواستنەوەی دادوەر رزگار محەمەد ئەمین بۆ دادگای فیدراڵی لە بەغدا، ئەم بابەتە پێوەندی بە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە نییە و ئەو باش دەزانێت لە چۆنیەتیی داواكاری گواستنەوە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێم بۆ دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی لە بەغدا، بۆیە ناكرێت هەموو بابەت و زانیارییەك بۆ راگەیاندنەكان باس بكرێت. بۆیە ئەم هەواڵە لەسەر زاری ئەو كەسە دوورە لە راستی.

ئەو بە دۆسیەیەكی كوشتن تێوەگلاوە لەسەر زار و گوتەی كەسوكاری تاوانلێكراو 
باس لەوەش كراوە، لەبارەی كێشەی ئەندامی داواكاری گشتی نزار حەسەن عەلی كە یەكێكە لە مانگرتووەكان، ئێمە لێرەدا رادەگەیەنین كە ئەو بە دۆسیەیەكی كوشتن تێوەگلاوە لەسەر زار و گوتەی كەسوكاری تاوانلێكراو (سەرعێل بەكر رەفعەت) كە كوژراوە و گوتەشیان وەرگیراوە و ئەم دۆسیەیەش لە دادگای تاوانەكانی گەرمیان تۆمار كراوە بە ژمارە (182/ج/2019)، دادوەر (ئەكرەم ئەمین فەرەج) (تنحی) كردووە لە بینینی داوایەكە ‌و ئێستەش دۆسیەكە لە دادگای پێداچوونەوەیە بە ژمارە (1550/دەستەی سزایی دووەم/2019)، لە كاتی خۆی داوا لە وەزارەتی داد كرا كە رازی بێت رێكاری یاسایی بەرانبەر ئەندامی داواكاری گشتی سەرەوە وەربگیرێت، بەڵام وەزارەتی داد بەپێی نووسراویان ژمارە (20/513/ لە 26/2/2019) رازی نەبوو.

ئەوەش ڕوون كراوەتەوە، لە كاتی خۆیدا ئەندامی داواكاری گشتی سەرەوە داوای گواستنەوەی كێشەكەی كردبوو لە دادگای تاوانی كەركووك-گەرمیان بۆ دادگایەكی دیكەی تاوانەكان لە هەرێم، بەڵام داواكارییەكەی رەت كرایەوە بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم ژمارە (1542/دەستەی سزایی دووەم/2018 لە 15/1/2019) كە هاوپێچە لەگەڵ نووسراوی سەرەوەی وەزارەتی داد. هەروەها لەسەر ئەم بابەتە (داوای سەرەوە) كێشە لە نێوان سەرۆكی دادگای كەركووك-گەرمیان دادوەر (ئەكرەم ئەمین فەرەج) و ئەندامی داواكاری گشتی (نزار حەسەن عەلی) دروست بوو.

لە كۆتایی ڕاگەیەنراوەكە ڕوون كراوەتەوە، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتێكی سەربەخۆیە بەپێی یاسای ژمارە (23ی ساڵی 2007)ی دەسەڵاتی دادوەری كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، بۆ كەس نییە دەستێوەردان لەو دەسەڵاتەدا بكات و ئەوانەی كە مانیان گرتووە، ئەوانەن كە پەنایان بۆ دەزگای حزبی و ئیداری بردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لەگەڵ سەرۆكی دادگای تێهەڵچوونەوەی كەركووك-گەرمیان و لابردنی.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 13868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌