ژماره‌یه‌ك ژنی ده‌ڤه‌ری سۆران گه‌شتی شاخه‌وانی بۆ چیا به‌رزه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه ساز ده‌كه‌ن و دواتر هه‌ڵمه‌تێكی ژینگه‌پارێزی به‌یه‌كه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
گەشتەکە بۆ ئاشتکردنەوەی ژنان بوو لەگەڵ ژینگە و سرووشتی کوردستان
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه چین و توێژه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران گه‌شتی شاخی بۆ چیاكانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش لای هه‌ندێ كه‌س بووه‌ته كارێكی رۆژانه و گرووپی شاخه‌وانییان دروست كردووه و رۆژانه مه‌ودایه‌كی زۆر به پێ ده‌ڕۆن و ته‌ندروستی ناوچه‌كه‌ش سوودی گه‌شته‌كه ده‌خاته ڕوو.
نازه‌نین عه‌زیز به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی سۆرانی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، له پێناو گرنگیدان به ته‌ندروستی ژنان و ئاشتكردنه‌وه‌ی ژنان به‌سروشت و ژینگه و به‌ھێزكردنی پێوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی، گه‌شتێكی شاخه‌وانیمان بۆ 50 ژنی سنووری سۆران رێكخست.
نازه‌نین ئاماژه‌شی به‌وه دا، گه‌شته‌كه به درێژایی 10 كیلۆمه‌تر له چیای داڵاشی ده‌ڤه‌ری بارزان به‌ڕێوه چوو، له گه‌شته‌كه‌دا ژنان ئاشنای ژینگه‌ی جوانی ناوچه‌كه كران و بۆ ماوه‌ی سێ سه‌عات به پێ رۆیشتن.
"له كۆتایی گه‌شتی شاخه‌وانیدا ھه‌ڵمه‌تێكی پاككردنه‌وه‌ی ژینگه ئه‌نجام درا و دوای كۆكرنه‌وه‌ی زبڵ و خاشاكی زۆر بۆ شوێنی تایبه‌ت گواسترایه‌وه و له‌ناو برا.
هاوكات د. مه‌قسوود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سۆران بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، رۆیشتنی پیاده سوودی زۆری بۆ ته‌ندروستی هه‌یه، دیارترینیان بۆ دابه‌زاندنی كێش و بۆ توانه‌وه‌ی چه‌وری جه‌سته و سووتانی كالۆری زیاده.
"گه‌شتی شاخه‌وانی بۆ باشكردنی سوڕی خوێن و هێوركرنی میێشك و باشكردنی هه‌ناسه و رێڕه‌وی بۆڕییه‌كانی هه‌ناسه سوودی باشی هه‌یه، هه‌روه‌ها سوودی هه‌یه بۆ به‌هێزكرنی ماسولكه‌ی جه‌سته به‌شێوه‌یه‌ك چه‌ند زۆر جووڵه بكه‌ی ماسولكه‌كانی جه‌سته به‌هێزتر ده‌بێت.
سۆران/ موڕشید برادۆستی