ساڵی 2019 بەبێ کۆنگرەی هیچ حزبێک تێپەڕ دەبێت

:: AM:08:53:11/11/2019 ‌

ساڵی ٢٠١٩ لەلایەن حزبە سیاسییەكان و پسپۆڕانی سیاسییەوە، بە "ساڵی كۆنگرەی حزبەكان" ناو برا، بەڵام لە كۆتایی ساڵەكە نزیك دەبینەوە و تا ئێستە هیچ حزبێك كۆنگرەی نەكردووە. بەپێی بارودۆخی ناوخۆیی حزبەكان و هەرێم و عێراقیش بێت، پێ ناچێ ئەمساڵ هیچ كام لە حزبەكان كۆنگرە ئەنجام بدەن.

لە هەرێمی كوردستاندا ٣٨ حزبی سیاسی مۆڵەتیان لە حكوومەتی هەرێم وەرگرتووە، لەو ژمارەیە پێنج حزبی سەرەكی كە پێك هاتوون لە "پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی" خاوەنی زۆرترین پێگەی جەماوەرین، لە ماوەی ڕابردوودا هەریەكە لەو حزبانە جگە لە پارتی، بڕیاری بەستنی كۆنگرە یان كۆنفرانسیان لەمساڵدا دا، بەڵام تا ئێستە هیچ كام لەو كۆنگرانە بوونیان نییە، لەبەرئەوەی ئەمساڵ كەمتر لە دوو مانگی ماوە، پێ ناچێ حزبەكان بتوانن كۆنگرە بكەن.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری داوە لە مانگی داهاتوو كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2019 كۆنگرەكەی ببەستێت، بەڵام تا ئێستە هیچ هەڵبژاردنێكی ناوخۆیی لە كۆمیتە و مەڵبەندەكانی نەكردووە كە بەلای كەمەوە مانگێكی پێویستە، بۆیە پێ دەچێ بڕیارێكی نهێنیی مەكتەبی سیاسیی ئەو حزبە بۆ دواخستنی كۆنگرە هەبێت.

جەمیل هەورامی ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی ئەوەی ڕەت كردەوە بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی حزبەكەی درابێت و بۆ "وشە" دووپاتی كردەوە، "یەكێتی تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەكەی دەبەستێت".

هەورامی زیاتر گوتی، "ئێستە سەرقاڵی تەواوكردنی ئامادەكارییەكانین بۆ هەڵبژاردنی كۆمیتە و مەڵبەندەكان بۆ دیاریكردنی نوێنەریان بۆ كۆنگرە، لە وادەی خۆیشیدا كۆنگرەكە دەكەین."
دەبوو پێنج حزب لە 2019دا كۆنگرە ببەستن

ئەنجامنەدانی كۆنگرەی حزبەكان لەمساڵدا، لە كاتێكدایە لەگەڵ هاتنی ساڵی ٢٠١٩ بە "ساڵی كۆنگرەكان" ناسێنرا، چونكە هەم وەك پێڕەو هەم وەك بەڵێن و بڕیار، زۆرینەی حزبەكان كۆنگرەیان خستبووە ساڵی ٢٠١٩وە.

سەردار محەمەد ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند كە جڤاتی نیشتمانی بڕیاری داوە لە مانگی یەكی ساڵی داهاتوو 2020، كۆنگرەكەی ببەستێت و ئامادەكارییەكانیش بەردەوامن.

پێش كۆنگرە گۆڕان بڕیاری دا لەمساڵدا كۆنفڕانسە ناوخۆییەكانی ببەستێت، بەڵام تا ئێستە ئەو هەڵبژاردنانەی ئەنجام نەداوە و كاتیشی بۆ دیاری نەكردووە.

بەرپرسەكەی گۆڕان لەوبارەیەوە گوتی، "ئەو بڕیارەی جڤاتی نیشتمانی داویەتی، وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت."

بەهەمانشێوە یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانیش بڕیاری داوە تا كۆتایی ئەمساڵ كۆنگرە ببەستێت، بەڵام تا ئێستە هیچ وادەیەكی ڕانەگەیاندووە و پێ دەچێ ئەویش نەتوانێ كۆنگرەكەی ئەنجام بدات.

قاسم ئەحمەد عیسا ئەندامی سەركردایەتیی یەكگرتوو بە"وشە"ـی راگەیاند، "ڕاستە باسمان لەوە كردبوو كۆنگرە لە ٢٠١٩دا دەكەین، بەڵام ئێمە كە ئەو بڕیارەمان داوە كۆنگرەمان شەش مانگ پێش خستبوو، بۆیە ئەگەر دواش بكەوێت، كۆنگرەی یەكگرتوو لە وادەی یاساییدا كە پێڕەو دیاری كردووە، دەبەسترێت."

"تا ئێستەیش بڕیارەكە وایە ئەمساڵ كۆنگرەكە ببەستین و گفتوگۆ لەوبارەیەوە هەیە". سەركردەكەی یەكگرتوو وای گوت.

هەرچی كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستانە بەهەمانشێوەی ئەو حزبانەی تر، بڕیاری بەستنی كۆنگرەی لەمساڵدا هەیە، بەڵام تا ئاستێك بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیانەوە تەواو یەكلا بووەتەوە كە كۆنگرەكەیان بۆ ناكرێت.

ئەندامێكی سەركردایەتیی كۆمەڵی ئیسلامی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بۆ "وشە"ـی ئاشكرا كرد، كۆمەڵ بڕیاری هەیە ئەمساڵ كۆنگرە بكات، بەڵام كێشە ناوخۆییەكان و بەتایبەت ئەوانەی ناڕازین، كێشەی بۆ دروست كردووین و بۆچوونێك دروست بووە كۆنگرەكە دوا بخەین.

ئەوەیشی ئاشكرا كرد، "لیژنەی زەوینەسازیمان دروست كردووە و زیاتر بۆ هێنانەوە و ئاشتكردنەوەی ناڕازییەكانە تا بە هەموومان كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بۆ كۆمەڵ ئەنجام بدەین و لەسەر ڕێبازی خزمەتكردن بە خەڵك و ئیسلام بەردەوام بین، بەڵام هێشتا ئەنجامی كارەكانیان دەرنەكەوتووە".

ئەوەی تا ئێستە حزبەكان باسی لێ دەكەن یان ئەوەی میدیا دركی پێ كردووە، كێشەی ناوخۆیی و بارودۆخی هەرێم و عێراق، هۆكارەكانی دواكەوتنی كۆنگرەی حزبەكانن.

بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری نەداوە لەمساڵدا كۆنگرە ببەستێت، تەنیا لە كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتیدا لە ناوەڕاستی ئەمساڵ باس لەوە كرابوو كە كار بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی 14 بكەن.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال




وشە - وشه‌