پەیامێك لە حزبی سینگڵانی كوردستانەوە

:: AM:09:40:11/11/2019 ‌
حزبی سینگڵانی كوردستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی سینگڵان بەیاننامەیەك بڵاو دەكاتەوە و دووپات لە بەتانی یەك نەفەری و هێزی پۆڵاین و حەماسی ئاگرین و ورەی بەرزیان دەكەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 11ـی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەكی حزبی سینگڵانی كوردستان هاتووە، بەناوی حزبی سینگڵانی كوردستان ــ عێراقەوە پیرۆزبایی لە هەموو سینگڵە مووڕەق و چاو قلەترێ و تێكۆشەر و كۆڵنەدەرەكانی دنیا و بەتایبەت كوردستان دەكەین.

ڕەوڕەوەی خۆ تەسلیم نەكردن و موو نەرم نەكردن بەردەوام دەبێ
ئاشكرا كراوە، خەباتی ڕەوای سینگڵان و ڕەوڕەوەی خۆ تەسلیم نەكردن و موو نەرم نەكردن بەردەوام دەبێ و هیچ كۆلیژ و پەیمانگا و كافتریا و مۆڵێك و هیچ سناپ و چات و پۆبجی و پەیجێك ناتوانێ چۆكمان پێ دابدا و ورەی بەرزی نەبەردیمان پێ نەوی بكات. نە كڕێوەی بەفر و نە ساردی زستان، نە فولكەی چاو مۆنان و نە ڕێی سەخت و نە چیا و دۆڵ و دەشت نامانوەستێنێ و نامانچەقێنێ.

لە بەیانامەكە باس لەوەش كراوە، بەتانی یەك نەفەری هێزی پۆڵاین و حەماسی ئاگرینمانە و ورەی بەرزمان ناهێنێتە خوارێ،  وەك سەفین بڵندین و وەك قەرەچووغ پتەوین و وەك ئەزمەڕ سەركەشین و وەك كێوەڕەش كێوماڵی هەموو لووت تەجمیل و فلاش لێدەرەكان دەكەین و هەرگیز نابەزین و كۆڵ نادەین لە خەباتی شەرعی سینگڵایەتی.

نە هێزی ناتۆ و نە كەناڵەكانی راگەیاندن ناتوانن لە رێی تەوژمی موو نەرمكردن، سینگڵە نەبەردەكانمان لە خشتە بەرن 
ڕوون كراوەتەوە، نە هێزی ناتۆ و نە كەناڵەكانی راگەیاندن ناتوانن لە رێی تەوژمی موو نەرمكردن، سینگڵە نەبەردەكانمان لە خشتە بەرن، ئێمە هێزیكین نە دەسەڵاتین نە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز باوەڕی گەل نادۆڕێنین، هێز و ورەی ئێمە ئەو سینگڵانەن كە تاتۆ و سلیكۆن و عەدەسە و لەزگەی لووت زەڕەیەك لە مەبدەئیان ناگۆڕێت، تاكە هێزین نەوە دوای نەوە لە نوێبوونەوەوەداین، نە بارەگامان هەیە نە بودجەی زەبلاح و نە رێككەوتنی ژێربەژێر.
 
"هێزی ئێمە دڵۆپ دڵۆپە، بەڵام بەیەكەوە ئۆقیانۆسێكە گشت كەنارەكان دەهەژێنێ و هەموو خڵتەوپڵتەكان رادەماڵێ، رێی خەباتمان چەندە دوور و سەخت بێ لەو رێ پیرۆزە هەرگیز لانادەین و بۆ مردنیش ئامادەین". ئەوە لە بەیانامەكەی حزبی سینگڵانی كوردستان هاتووە.

ئاواتمان كەشفبوون و دەست بەسەركردنی كەپڵدارانی موونەرمە 
لە كۆتایی بەیانامەكەی حزبی سینگڵانی كوردستان ئاشكرا كراوە، ئاواتمان كەشفبوون و دەست بەسەركردنی كەپڵدارانی موونەرمە لە مەوعید و شین و مۆركردنی دەموچاویان.

كۆمەڵێك گەنج لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەك پێشەنگی سینگڵانی كوردستان خۆیان پێشان دەدەن و لە ڕۆژی جیهانی سینگڵان بەناوی بەیاننامە تەنزی لەو شێوەیە بڵاو دەکەنەوە.



وشە - رامیار جەواد