دادگای فیدڕاڵ بڕیارێک لە بەرژەوەندی کورد دەردەکات

:: AM:11:10:12/11/2019 ‌
دادگای فیدراڵیی عێراق دوو مادەی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی هەڵوەشاندەوە بۆ دەنگدانی ئاوارەكان لە پارێزگاکانی خۆیان.

ئەمڕۆ سێشەم 12ـی تشرینی دووەم، جوان رۆژبەیانی سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پێشتر تانەمان لە بڕیارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دابوو، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بریكاری لیژنەكەیان، دادگای فیدراڵی عێراق دانیشتنێكی لەسەر سكاڵای پەرلەمان ساز كرد.

ئەو بڕگانەی رێگر بوون لە دەنگدانی ئاوارەكانی ئەو پارێزگایانە، هەڵوەشایەوە
سەرۆكی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكان گوتی، سكاڵای پەرلەمانی كوردستانی لەسەر یاساكە قبووڵ كرا و ئەو بڕگانەی رێگر بوون لە دەنگدانی ئاوارەكانی ئەو پارێزگایانە، هەڵوەشایەوە.

بەپێی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بێت، ئاوارەكانی شارەكانی كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین و مووسڵ دەتوانن لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دەنگ بدەن.

بڕیارە لە یەكی نیسانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق بەڕێوە بچێت و پێشتریش بەهۆی یاساییەكی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق هاووڵاتییانی ئاوارە بۆیان نەبوو لە هەرێمی كوردستان دەنگ بدەن، بەوەش نزیكەی 500 هەزار هاووڵاتی مافی دەنگدانیان نەبوو.



وشە - رامیار جەواد