چۆن وا دەکەی هاوڕێکانت ڕقیان لێت بێت؟

:: PM:10:02:12/11/2019 ‌

هەڵبەت ڕەنگە ئەوەی پێش هەموو شتێک سەرنجت ڕابکێشێ، ناونیشانی بابەتەکەیە، ئایا کەس دەیەوێ هاوڕێکانی ڕقیان لێی بێت؟ بەپێچەوانەوە هەموومان دەمانەوێ خوازار و خۆشەویست بین لای هاوڕێکانمان، هیچ نەبێ کەسمان نامانەوێ ڕقیان لێمان ببێتەوە. کەواتە بۆچی باسی ئەمە دەکەین؟
شێوازێکی ڕاکێشانی سەرنج بریتییە پیشاندانی ڕووە نێگەتیڤەکە بۆ ئەوەی بەرانبەر لە ڕێیەوە خۆی ڕووە پۆزەتیڤەکەشی بۆ دەربکەوێ و هەوڵ بدات خۆی لێ لا بدات. ئێمەش لەو ناونیشانە تەنیا ئەوەمان مەبەستە و لە ناوەڕۆکدا ئەوەی دەمانەوێ بیخەینە ڕوو بریتییە لەو ڕەفتارانەی دەبنە هۆی خۆشەویستی و ڕێز لەلای هاوڕێکانت و ئەگەر بتوانی پێوەیان پابەند بیت، ئەوا بە دڵنیایییەوە سەرکەوتوو دەبیت.

ڕەفتار و خووی مرۆڤ هۆكارن بۆ ئەوەی بەرانبەر بە شێوەیەكی ئەرێنیی یان نەرێیی سەیری بكەن، هەندێ ڕەفتار هەیە، هەمیشە دەبنە هۆی ئەوەی بە ڕقەوە سەیر بكرێین، ئێمە لێرەدا كۆمەڵێ ڕەفتار دەخەینە ڕوو كە بەپێی نوێترین توێژینەوەی كۆمەڵایەتی دەری دەخات، دەبنە هۆی رقلێبوونەوە لەلایەن هاوڕێکانتەوە.

یەكەم/ زۆر بڵاوكردنەوەی وێنەی خۆت لە فەیسبووك
توێژینەوەكان دەری دەخەن، بڵاوكردنەوەی وێنەی خۆت بە شێوەیەكی ڕۆژانە لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دەبێتە هۆی دووركەوتنەوە و بێزاریی هاوڕێكانت و زیان بە پێوەندییەكەتان دەگەیەنێ، بۆیە وا باشترە بە هۆکار و بە شێوەیەکی کەمتر وێنەکانت بڵاو بکەیتەوە، چونکە خەڵكی حەز دەكەن بە كەمترین وێنە، زۆرترینت لەسەر بزانن، ئەگەرچی ئێستە سەردەمی بینینە نەوەک خوێندنەوە، بەڵام زۆر پیشاندانی وێنەی خۆت بە بەشێک لە خۆنمایشکردن تەماشا دەکرێ.

دووەم/ ئەگەر هاوڕێت زۆر بێت، یان تەنانەت ئەگەر كەم بێت لە فەیسبووك
لە توێژینەوەیەكدا كە پێش چەند ساڵێك ئامادە كراوە، ئاشكرای دەكات، تا ژمارەی هاوڕێكانت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک مامناوەند بێت، زیاتر جێی بایەخ دەبیت لای هاوڕێكانت، چونكە وایان نیشان دەدەی كە بایەخیان پێ دەدەیت و هەموو كەس بە هاوڕێ قبووڵ ناكەیت. ئەگەر كەمیش بێت هاوڕێكانت كە لە ڕێژەی مامناوەند كەمتر بێت، دیسان دەبێتە هۆی كەمیی هاوڕێ و بە كەسێكی گۆشەگیر تەماشا دەكرێی. هەرگیز کەس ناخوازێ لەگەڵ کەسێکی گۆشەگیر یان کەسێک پێنج هەزار هاوڕێی هەبێ، تێکەڵ بێت، ئاخر دەزانێ تۆ هەرچی بیت بۆ ئەو، یەکێکی لە پێنج هەزار کەس.

سێیەم/ زوو ئاشكراكردنی زانیاریی كەسی
زوو خۆ ناساندن، یەكێكە لە باشترین ڕێگەكان بۆ پەیداكردنی هاوڕێ، بەڵام پێویستە بزانی چ زانیارییەك هەڵدەبژێری تا لە سەرەتادا لەبارەی خۆت ئاشكرایان بکەیت! زۆر جار خەڵك دەپرسێ، دەبێ مەبەستت چی بێت ئەم هەموو زانیارییە لەبارەی خۆت ئاشكرا دەكەیت، ئەمەش وا دەكات نیشانەی پرسیارت لەسەر دروست بكەن. بۆ ئەمە پێویستە فێر بیت ستراتیژێکی قووڵت هەبێ و بزانی چۆن و کەی خۆت دەناسێنی و باسی کەسێتیی خۆتیان بۆ دەکەی.

چوارەم/ زۆر پرسیاركردن بەبێ ئەوەی باسی خۆت بكەیت
توێژینەوە كۆمەڵایەتییەكان دەری دەخەن، لێك نزیكبوونەوە لە نێوان هاوڕێیان، ئەو كاتە پتەو دەبێت كە زانیارییەكانیان لەسەر یەكتر بە یەكسانی دەدەن بەدەستەوە. هیچ مرۆڤێک حەزی لەوە نییە، هەر پرسیاری لێ بكرێ بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو پرسیارانە هەبێ لەبارەی ئەو كەسەی پرسیارەكەی كردووە. لەپێشدا لەخۆت بپرسە، ئایا هەمان ئەو پرسیارانە لەخۆت بکرێ، وەڵامیان دەدەیتەوە؟

پێنجەم/ بڵاوكردنەوەی وێنەی زۆر نزیكی دەموچاو
نەتبیستووە کاتێک دەچیتە بەردەم کەسێکەوە بڵێ: ئادەی قەپۆزت لادە. وێنەی پۆرترێت كە تەنیا ڕووە، ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام ئەو وێنانەی زۆر نزیكن لە دەموچاو و وردەكاریی ڕوو بە تەواوی نیشان دەدات، دەبنە هۆی مایەی بێزهاتنەوەی هاوڕێكانت و تاقەتیان نییە بیبینن.

شەشەم/ شاردنەوەی لایەنی سۆزداری
نیشاندانی لایەنی سۆزداری لە نێوان هاوڕێیاندا، زۆر گرنگە. توێژەران ئاماژە بەوە دەكەن، ئەوانەی كە ئەو لایەنەیان دەشارنەوە، بەرامبەرەكەیان بە هەڵە لێیان تێ دەگەن.

حەوتەم/ زێدەڕۆیی لە هەڵسوكەوتی نەرم
ڕەنگە وا بزانیت ئەگەر زۆر بە نەرمی هەڵسوكەوت بكەیت، هاوڕێكانت خۆشیان بوێیت، بەڵام ئەوە ڕاست نییە. لە توێژینەوەیەكدا كە ساڵی 2010 بڵاو بووەتەوە، دەركەوتووە كە ئەوانەی زۆر نەرمی لەگەڵ خەڵك دەنوێنن، هاوڕێیەتییەكی بەهێزیان بۆ دروست نابێت لەگەڵ خەڵكدا.

هەشتەم/ ستایشی خۆت مەكە و ڕەخنەش لە خۆت مەگرە
زانایانی دەروونناسی، ئامۆژگاریی ئەوە دەكەن كە پێویستە لە بەرچاو خەڵكدا نە ستایشی خۆت بكەیت نە خۆت بشكێنیتەوە، ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی نەرێنی لێت بڕوانن. هەمیشە بە شێوەیەكی مامناوەند لەبارەی خۆت بدوێ.





وشە - كوردۆ شابان