وه‌زیری پێشووی ده‌ره‌وه‌ی میسڕ و ئه‌مینداری پێشووی كۆمكاری عه‌ره‌بی له دیدارێكی له‌گه‌ڵ پێگه‌ی "ئه‌لمۆنیتۆر"ی ئه‌مه‌ریكی باس له گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه سه‌رده‌می فرۆشتنی چه‌ك و قووڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كان به‌سه‌ر چووه، گه‌لانی ناوچه‌كه چاكسازی و پێشكه‌وتن و ژیانیان ده‌وێ، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات له پێنج ساڵی داهاتوو گۆڕانكاری گه‌وره له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕوو بدات، به جۆرێك ئه‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ی ئێسته بوونی هه‌یه، نایناسینه‌وه و گۆڕانكاری ڕیشه‌یی تێدا دروست ده‌بێت.
له دیداره‌كه عه‌مرو مووسا تیشكی خسته سه‌ر ڕه‌وشی عێراق و خۆپێشاندانه‌كان، له‌وباره‌وه گوتی، وڵاته‌كه له قۆناغی ئاماده‌سازی و گۆڕانكاری گه‌وره‌دایه، به جۆرێك ئیتر عێراقییه‌كان خۆیان بڕیار له‌باره‌ی ئێسته و داهاتووی خۆیان ده‌ده‌ن، ناكۆكییه‌كانی شیعه و سوننه له سه‌روبه‌ندی له‌ناوچوونه كه پێشتر به قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكییانه ڕێ له ئارامبوونه‌وه‌ی عێراق ده‌گیرا و به‌رده‌وام شه‌ڕ و ئاڵۆزی تێدا دروست ده‌كرا، به‌ڵام ئه‌مانه له داهاتوویه‌كی نزیك بوونیان نامێنێ و گۆڕانكاری و چاكسازی ڕیشه‌یی ده‌ست پێ ده‌كات، ئه‌مه بۆ لبنانیش هه‌مان شته و دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی تر هه‌نگاو ده‌نێ، كه له جیاتی مه‌زه‌و و جیاوازی ڕه‌گه‌زی و ئیتنی و بیروباوه‌ڕه‌وه، خه‌ڵكی بیر له خاك و نیشتمانه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌و جیاوازییانه‌ی ئێسته هه‌یه به ته‌واوی كاڵ ده‌بنه‌وه.
چاكسازی له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان خواستی خه‌ڵكه و هه‌موو سیسته‌مه‌كانی حوكم ڕاده‌ماڵێت
مووسا كه پێشتر كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی میسڕیش بوو له‌باره‌ی دۆخی میسڕه‌وه ده‌ڵێ، پێویسته قاهیره چاكسازی ڕیشه‌یی ده‌ست پێ بكات، چونكه چاكسازی هه‌ر ته‌نیا بواری ئابووری ناگرێته‌وه، به‌ڵكوو چاكسازی له سیسته‌می خوێندن و ته‌ندروستی و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی ژیان هه‌موو ئه‌وانه خواستی خه‌ڵكن و له هزر و خه‌یاڵیان بوونی هه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌ر حكوومه‌تێكی ناوچه‌كه بۆیان ده‌سته‌به‌ر نه‌كات، ئه‌وا هاوشێوه‌ی عێراق و لبنان ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قام و ناوه‌ستن تا خه‌ونه‌كانیان به‌دی نه‌هێنن.
هاوكات داوایشی له ئه‌مه‌ریكا كرد، سیاسه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێڕه‌و بكاته‌وه، دوور بكه‌وێته‌وه له به‌یه‌كدادانی وڵاتان و گرووپه جیا جیاكانی ناوخۆی وڵاتان، له پێناوی فرۆشتنی چه‌كی زیاتر و ده‌سكه‌وتنی قازانجی گه‌وره‌تر، هه‌نگاوه‌كانی واشنتنیشی بۆ نێوه‌ندگیری نێوان میسڕ و ئه‌سیوپیا و سوودان له‌باره‌ی دروستكردنی به‌نداوی "نه‌هزه" به گرنگ و حه‌كیمانه ناوبرد.
سه‌رۆكی پێشووی كۆمكاری عه‌ره‌بی باسی دۆخی باكوری ئه‌فریقایشی كردووه و هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه گۆڕانكاری گه‌وره چاوه‌ڕوانی وڵاتانی باكوری ئه‌فریقا به گشتی و لیبیا به تایبه‌تی ده‌كات، بوونی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له لیبیا وا له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، كه فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر لایه‌نه ناكۆكه‌كانی لیبیا چڕ بكه‌نه‌وه، تا بگه‌ن به ڕێككه‌وتن و دۆخی وڵاته‌كه ئاسایی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام چۆنیه‌تیی ڕێككه‌وتنیان ئه‌مه پرسێكه ئه‌سته‌مه پێشبینی بكرێ، ئایا لیبیا به یه‌كگرتووی ده‌مێنێته‌وه، یان دابه‌ش ده‌كرێ، یان شێوازێكی جیاواز له پێشوو بۆ حوكمڕانی ئه‌و وڵاته به‌دی ده‌هێنرێت، هه‌موو ئه‌وانه له پێنج ساڵی داهاتوو وه‌ڵامیان له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع ده‌رده‌كه‌وێت.
مووسا جارێكی تر دێته‌وه سه‌ر باسی عێراق و ده‌ڵێ، داخێكی زۆر ده‌خۆم كه عێراق به‌و ڕۆژه‌ی ئێسته گه‌یشتووه و شه‌ڕ و ناكۆكی و توندوتیژی له‌و وڵاته كۆتاییان نایه‌ت، هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر عێراق هاتووه و دێت، به‌هۆی هه‌ڵه‌كانی سه‌دام حوسێنه‌وه بووه، كه نه‌ك ته‌نیا له ناوخۆ بگره له ناوچه‌كه‌یش كێشه و گرژی و شه‌ڕ و ناكۆكی زۆری دروست كرد و به ته‌واوی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی خسته گێژاوێكه‌وه كه ئێسته‌یش ده‌رچوون لێی زه‌حمه‌ته.
له عێراق ناكۆكی شیعه و سوننه كاڵ بووه‌ته‌وه و خه‌ڵكی تێگه‌یشتوون كه ژیان و كار و دادپه‌روه‌ری له‌و ململانێیه به‌سوودتره
ئێسته‌یش دۆخی ئه‌و وڵاته له ژێر هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی گه‌وره‌دایه و كۆتایی نه‌هاتووه، جه‌نگی مه‌زه‌وی و ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی و ناكۆكی له‌سه‌ر داهات و بودجه و به‌ڕێوه‌بردن، هه‌موو ئه‌وانه كێشه‌ی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م هه‌ستانه‌وه‌ی عێراق، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی دڵخۆشییه ئێسته شه‌قامی عێراقی به ته‌واوی هۆشیاره و بێده‌نگی هه‌ڵنابژێرێت.
عێراق وڵاتێكی مه‌زنه و هاوشێوه‌ی توركیا و ئێرانه له ناوچه‌كه و ڕۆڵی هیچ له‌وان كه‌متر نییه، به‌ڵام به ته‌واوی وێران كرا، خۆشبه‌ختانه ئێسته هێزی زۆر هه‌ن كه ده‌یانه‌وێ دووباره عێراق و هێز و پێگه‌ی بگه‌ڕێننه‌وه بۆ لووتكه، ئه‌مه‌یش زۆر گرنگه، بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی وڵاته‌كه به ته‌واوی له ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی بژین، چونكه سامانێكی گه‌وره‌ی سروشتی له‌و وڵاته بوونی هه‌یه.
به بڕوای من ئه‌وه‌ی عێراقی وێران كرد، ئێرانییه‌كان بوون، ئه‌وان ده‌یانه‌وێ هاوشێوه‌ی پێش جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان، به‌غدا بخه‌نه‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان و خه‌ونی دروستكردنی ئیمپراتۆریه‌تی سه‌فه‌وییه‌كانیان هه‌یه و له‌م لاوه‌یش توركیا به هه‌مانشێوه، به‌ڵام پێویسته عێراقییه‌كان و ئه‌و وڵات و گه‌لانه‌ی له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان له ده‌ست عوسمانی و سه‌فه‌وییه‌كان ڕزگاریان بوو ژیرانه كار بكه‌ن و هه‌رگیز ڕێ به دووباره‌بوونه‌وه‌ی مێژوو نه‌ده‌ن.