منداڵێك بەڕووداوی هاتوچۆ گیانی لە دەست دا

:: AM:08:02:13/11/2019 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی دەڤەری ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات شەوی ڕابردوو بەهۆی ڕووداوێكی هاتوچۆ منداڵێكی تەمەن حەوت ساڵان گیانی لە دەست دا.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی تشرینی دووەم، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی دەڤەری ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، شەوی رابردوو لە شارەدێی حاجیاوا لە رووداوێكی هاتوچۆدا لە جۆری شێلان، ئۆتۆمبێلێك لە جۆری جێب گراند شۆفێرەكەی بەناوی "هـ .ع" لە رەگەزی نێر تەمەن 22 ساڵ دانیشتووی حاجیاوا گەڕەكی راپەڕین خۆی كێشا بە منداڵێك بە ناوی "ح.ی" لە رەگەزی نێر تەمەن حەوت ساڵ، لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

تەرمی منداڵەكە رادەستی كەسوكاری كرایەوە
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، دوای توێكاری لە پزیشكی دادی رانیە تەرمی منداڵەكە رادەستی كەسوكاری كرایەوە و رێكاری یاسایی گیرایەبەر و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێكردووە.

ئاشكرای كرد، لە ئێستەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 24 لەیاسای هاتوچۆ راگیراوە و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە.

زۆربوونی ڕووداوەكانی هاتوچۆ بە گوتەی بەرپرسان پاپەندنەبوونە بە ڕێنوێنییەكانی هاتوچۆ و زیاتر خێرایی لێخوڕینە لە خێرایی دیاری كراو.



وشە - رامیار جەواد

ئه‌م بابه‌ته 312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌