میدیای یەكێتی بەڵگەیەك لەسەر كەیسی ئامانج لادەبەن

:: PM:03:01:13/11/2019 ‌
سەعات دووی ئەمڕۆ پۆلیسی سلێمانی لە ڕێی كەناڵی ئاسمانی گەلی كوردستانی زمانحاڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڤیدیۆیەكی ئامانج و لانە و منداڵەكەی بڵاو كردەوە، بەڵام دوای چەند خولەكێك ڤیدیۆكەی سڕییەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 13ـی تشرینی دووەم، كەناڵی گەلی كوردستان ڤیدیۆیەكی نوێی کوژرانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەکەیانی بڵاو كردەوە كە باس لە ساتی ڕووداوەكەی دەكرد.

گرتە ڤیدیۆکە لابرا و لە سەرجەم تۆڕەكانی پێوەست بەو كەناڵە سڕایەوە 
دوای 22 خولەک لە بڵاوبوونەوەی، گرتە ڤیدیۆکە لابرا و لە سەرجەم تۆڕەكانی پێوەست بەو كەناڵە سڕایەوە.

لە ڤیدیۆكە ئەوەی جێی پرسیار بوو لای بینەران، دوو كاتی جیاواز هەیە لە كاتی ڕووداوەكە/ كاتێكیان سەعات 19:24 خولەكە و كاتێكی تریش سەعات 20:56 خولەكە و ئامانج و لانە لە ناو ئۆتۆمبێلەكەن.

هەروەها لە كاتی سەرەوە لانە و ئامانج لە سەعات 19:24 دەقە بەیەكەوەن و لە بەشێكی ڤیدیۆكە لە سەعات 20:06 دەقە ئامانج لەبەردەركی ماڵی خۆیانە هێشتە لانەی نەبینیووە.

دواتر ئەو ڤدیۆكە لە پەیجەكەیان دانراوەوە.

هەنر ئیحسان بەڕێوەبەری کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەبارەی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی رووداوەكە بە "وشە"ی راگەیاندبوو، ، بڕیاری دەزگا تەناهییەكانمان بە بڕیاری كۆتایی وەرنەگرتووە لەبارەی چۆنێتی گیان لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەكەیان، پێمان وایە ماویەتی و دەبێت لێكۆڵینەوەی زیاتری لێ بكرێت.

تا ئێستە رای گشتی كوردستان لەبارەی كوژرانی ئەو رۆژنامەنووسە و هاوسەر و منداڵەكەی بێ متمانەییەكی قووڵی پێوە دیارە و پێیان وایە روونكردنەوەی دەزگا تەناهییەكان پەلەی تێدا كراوە و زۆر لە كەسایەتی و ئەندام پەرلەمانەكانی كوردستان ئەو لێدوانانەی پۆلیسیان بە پەردەپۆشكردنی رووداوە راستەقینەكە ناو بردووە.

وەرنەگرتنی بڕیاری كۆتایی دەزگا تەناهییەكانی سلێمانی لەلایەن دامەزراوەی میدیای نالیاوە لە كاتێكدایە كە پۆلیسی سلێمانی رووداوەكەی بەخۆكوژی ناو بردووە.

شەوی 15ی ئۆكتۆبەر لەشاری سلێمانی تەرمی هەریەك لە ئامانج بابانی رۆژنامەنووس و لانە محەمەدی هاوژینی و منداڵەكەیان لەناو ئۆتۆمبێلێكدا بە كوژراوی دۆزرانەوە.










وشە - رامیار جەواد