كاتێک خوێنەر دەبێتە نووسەر و لەسەر نووسەران دەدوێ

:: PM:09:22:13/11/2019 ‌

پێش ئەوەی بچینە ناوەڕۆکەوە، با پرسین، خوێندنەوە چییە؟ خێراترین وەڵام ڕەنگە بریتی بێت: لەو کردارە سەرسووڕهێنەرەی لەگەڵ خۆیدا دەمانباتە ژوورە کە شێوەیەکین و کاتێک لێی دێینە دەر، شوێوەیەکی ترین. باشترین و خراپترین بابەتەکانی دەیانخوێنینەوە، هەمان ئەو کاریگەرییەمان لەسەر دروست دەکەن و هەرگیز دوای خوێندنەوە، لەسەر هەمان شت، وەک پێش خوێندنەوە نین. هیچ نەبێ ئەگەر بابەتەکە زۆر خراپیش بێت، پێش خوێندنەوە نەماندەزانی نووسەرەکەی باشە یان خراپ، ئێستە دوای خوێندنەوە دەزانین کە خراپە، کەواتە لێرەشدا، هەر توانی شتێک لە بیرکردنەوەمان بگۆڕێ. لێرەدا گونجاوە بپرسین، خوێنەر کێیە و نووسەر کێیە؟ کەی دەبیتە خوێنەر و کەی دەبیتە نووسەر؟ خاڵی هاوبەش و جیاوازی نێوانیان چییە؟ خۆ هەموومان ئەوە دەزانین، هەموو نووسەرێک خوێنەریشە، بەڵام هەموو خوێنەرێک نووسەریش نییە.

ڕۆجەر گرینیێ (1919-2017) نووسەر و میدیاکاری فڕەنسیی ناسراو، زیاتر وەک خوێنەرێکی پلەیەک دەناسرا نەوەک نووسەر، بەهۆی بەرنامەکەیەوە لە ڕادیۆ، هەمیشە وەک خوێنەرێکی ڕژد خۆی نیشان دەدا. خوێندنەوەی لای ئەو، چالاکییەکی درێژخایەن بوو بە بارتەقای تەمەنی، بۆیە بە سەرەکیترین کارەکانیشی داینابوو کە هیچ شتێکی دیکە گرنگییەکەی لای وی هێندەی خوێندنەوە نەبوو. هەڵبەت ئەوەیشمان بیر نەچێ، خۆی بەرنامەکەی لەسەر باسکردنی کتێب بوو، هەر بۆیە بژێوییەکەشی بەهۆی خوێندنەوەوە دەستەبەر دەکرد.

پەنجا ساڵ یەک کاری کرد، ئەویش بریتی بوو لە خوێندنەوە

گرینیێ، ماوەی نیو سەدە، خوێنەری دەزگەی چاپ و پەخشی گالیمار بوو، هەڵسەنگاندنی کتێبی بۆ دەکردن، بۆیە یەکەم خوێنەری هەموو ئەو کتێبانە بوو کە لەماوەی ئەو دەیان ساڵەدا لە دەزگەکەی چاپ دەکران و هەرگیز جیاوازی لە نێوان کتێبی نووسەرێکی ناودار و نووسەرێکی سەرەتا نەدەکرد و بە یەک چاو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکردن و بە هەمان حەز و خوولیاشەوە دەیخوێندنەوە و پێوەندییەکی هاوڕێیەتیی بەهێزی لەگەڵ ئەو کتێبانە هەبوو کە خەڵکی دەیاننووسی بەبێ ئەوەی هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ خودی نووسەرەکاندا هەبێ. خۆی لە کتێبی "کۆشکی کتێب"ـدا نهێنیی پێوەندیی خۆی لەگەڵ کتێبدا پێش ئەوەی ببێ بە نووسەر ئاشکرا دەکات و لەبەردەستی خوێنەرەکانیدا، ئەزموونی خوێندنەوە پێش نووسین دەخاتە ڕوو، هەروەها بۆچوونەکانی خۆی لەسەر نووسینی خەڵکی دەخاتە ڕوو، بۆیە لەم کتێبەدا تۆ نهێنییەکانی خوێندنەوەت بۆ ئاشکرا دەبێ نەوەک نهێنییەکانی نووسین، بۆیە بە کتێبێکی جیاواز و ناوازە هەژمار دەکرێ.

ئەگەر بۆچوونی گرینیێ لەسەر خوێندنەوە کورت بکەینەوە، دەکرێ بڵێین ئەزموونی خوێندنەوە کاتێک دەگاتە ئەو ئاستە قووڵە، وەک پیشەی لێ دێ، ئەم پیشەیەش بە هەموو کەس ناکرێ، تەنیا ئەوانە دەتوانن پێیوەی پابەندن کە ئالوودەی خوێندنەوە بوون. ئەگەر شیاو بێت وشەی ئالوودەبوونی بۆ بەکار بهێنین، ئەوا بە دڵنیایییەوە جوانترین جۆری ئالودەیییە.

کۆشکی کتێب کە بەداخەوە نەکراوەتە کوردی، بە عەرەبی لە بازاڕەکانی کوردستاندا هەیە و خوێنەر دەتوانن ساڵانە لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر دەستیان بکەوێ، چونکە دەزگەی مەدا چاپی کردووە کە سپۆنسەری پێشانگەکەن. 

نووسەری ئەم کتێبە کە وەک خوێنەر قسە لەسەر کتێبی خەڵکی دەکات، تێیدا ناوی بۆدلێر و بافیزی و زۆر کەسی دیکە دەبینین و زۆر بە زمان و هەڵسەنگاندنێکی جیاوازتر لێیان دەڕوانێ کە پێشتر بیستووتن. بۆ نموونە بە ئۆنرێ دی بلبزاک دەڵێ مرۆڤی بازاڕی، وێڕای ئەوەی سەرسامیی خۆیشی لەسەری ناشارێتەوە. مارسیل پرۆست بە مێروو وەسف دەکات کە پێوەت دەدات و ئیدی خوران وازت لێ ناهێنێ.

با بێینەوە سەر دەستپێک و کەمێک لە نووسەرەکەمان دوور بکەوینەوە. پرسیارێک لێرە با بکەین و خۆت وەڵام بدەرەوە. پێش ئەوەی پرسیارەکە دەرخەم، دەبێ ئەوە بڵێم، ئایا تۆ خوێنەری؟ ناڵێم لە ئاستی ڕۆجەر گرینیێ کە ڕەنگە ئەمە نموونەیەکی کەموێنە بێت، بەڵکوو لە ئاستێک کە هەمیشە خوێندنەوە یەکێک بێت لە خوولیا سەرەکییەکانی ژیانت! تۆ وایت؟ کەواتە با بڕۆینە سەر پرسیارەکە، ئایا کاتێک دەقێک دەخوێنیتەوە، لەگەڵیدا ژیاویت؟ بەو شێوەیە نا کە هەموومان لە خوێندنەوەی ڕۆماندا تێی دەکەوین، بەو شێوەیەی وەک بڵێی خۆت نووسیوتە، یان وەک بڵێی یەکێک نووسیویەتی و تۆ دەتەوێ هەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت، ئەمەت بەسەردا هاتووە؟ ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بێت، لێرەدا تۆ هەنگاوت بەرەو خوێنەری ڕژد بڕیوە. دوور نییە و درۆش نییە ئەگەر بگوترێ، هەنگاوێکیش لە شتێک نزیک بوویتەتەوە کە ڕەنگە بڕوات نەکردبێ ئەویش ئەوەیە، بوویت بە ڕەخنەگر. هەر ئەمەیشە وا دەکات، تۆی خوێنەر و ڕەخنەگر، لە هەناوتدا توانایەک دەیەوێ سەر دەربێنێ، ئەویش نووسینە. هەمیشە خوێنەری ڕژد، دەبێتە نووسەری ڕەخنەگر کە باڵاترین پلەی نووسینە.



وشە - كوردۆ شابان