ئەڤین عەبدوڵا: ساڵی داهاتوو لە درامایەكی 80 حەڵقەیی بەشداری دەكەم

:: PM:02:11:14/11/2019 ‌

ئەڤین عەبدوڵا خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، ماوەی سێ ساڵ و نیوە كاری هونەری دەكات، تا ئێستە بەشداری لە چەند فیلم و دراما و ڤیدیۆ كلیپ و كاری مۆدێل كردووە. لەم دیمانەیەی "وشە"‌ باس لە كارە هونەرییەكانی دەكات و ئاماژە بەوە دەدا، بەشداریی درامای "ئەرخەوان" دەكات لە دەرهێنانی كاروان ئاوات، هەروەها لە درامای "گورگەكان"یش ئەو یەكێكە لەو ئەكتەرانەی ڕۆڵ دەبینێت.

كەی بۆ یەكەم جار هاتیتە ناو دنیای هونەر و نواندن؟

نزیكەی سێ ساڵ و نیوە كاری هونەری دەكەم و یەكەم دەركەوتنیشم لە كلیپی وریا شێرزاد و زنجیرە درامای "پووت" بوو لە دەرهێنانی هونەرمەند عەلی عەبدولباقی، هەروەها لە درامای "عەلی باشی بیلال"ـی توركمانی و ئەڵقەی توركمانی بۆ كەناڵی توركمانی كەركووك بەشداریم كردووە. هاوكات لە چەندان ڕێكلام و فۆتۆ مۆدێل و ساڵۆن بەشداریم كردووە.

ئێستە هیچ پێشنیازێكت بۆ هاتووە تا بەشداری كاری نواندن بكەیت؟

بەڵێ بێگومان، لە درامای "ئەرخەوان" پێشنیازم بۆ هاتووە و منیش بەو داوایە ڕازی بووم، ئەم درامایە لە دەرهێنانی كاروان ئاوات و كۆمەڵێك لە ئەكتەرە دیار و ناسراوەكانی كوردستان تێیدا بەشدارییان كردووە.

دیارترین ئەو كەسانەی بەشداری تێدا دەكەن كێن؟

دیارترینیان حەمەعەلی خان، ڕێكان شێخ سەلام، هەڤاڵ زاخۆیی و شەهێن جەمال.

بەمدواییە پڕۆژەیەك ڕاگەیانرا بۆ بەرهەمهێنانی درامایەكی كوردی، تۆ بەشداری لەم درامایە دەكەیت؟

بەڵێ ئەو پڕۆژەیەی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری ڕاگەیەنرا، درامایەكی كوردی بوو بە ناوی "گورگەكان" لە دەرهێنانی "میهران شیری" و بەرهەمی كۆمپانیای سام پرۆ، هەروەها پشتیوان عەبدوڵا بەڕێوەبەری هونەرییە و دراماكە لە 80 حەڵقە پێكدێت، ئەكتەرەكانیش لە هەولێر و سلێمانی بەشداری تێدا دەكەن و بڕیارە لە نیسانی 2020 لە كەناڵی نێت تیڤی یەكەم حەڵقەی پەخش بكرێ.

ماوەیەكە لەگەڵ ئەكتەرە میلییەكانی هەولێر پێوەندیت بەهێزە، تا ئێستە لەگەڵ ئەوان بەشداری هیچ كارێكی نواندنت كردووە؟

پێوەندیم لەگەڵیان زۆرباشە و هەمووان لە نزیكەوە دەناسم، هەمیشە پێم دەڵێن لە ماوەیەكی زۆر كەم لە كارەكانم، زۆر زوو گەشەم كردووە و جێی خۆمم لەناو دڵی خەڵك كردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە بەشداری هیچ كارێكی نواندنم لەگەڵیان نەكردووە، بە نیازم بەمنزیكانە لەگەڵ ئەوانیش دەست پێ بكەم.

كام لە هونەرمەندان بەلای تۆوە گرنگ و سەركەوتووترینە؟

بەلای منەوە هەموو هونەرمەندانی كوردستان گرنگن و هەموویشیان گەورە و بەرزن و بۆ من مامۆستان، چونكە هەمووان تەمەنی خۆیان لەپێناو هونەر داناوە و هەر یەكێكیش لەوان تایبەتمەندی خۆی هەیە.

لە كوردستان هونەر چۆن دەبینی؟

لە ڕوانگەی خۆمەوە لە كوردستان هونەرمەند و ئەكتەری بە توانا و دەرهێنەری باشمان هەیە، بەڵام بەداخەوە كاری هونەری كەم بەرهەم دێنن، زۆریشیان گلەیی لە بودجە و كەمی پارە دەكەن، بەڵام حەیفە ئەوەندە گرنگی بە فیلم و درامای دۆبلاجكراو دەدرێ، دەكرێ كاری زیاتر بكەین لەپێناو خزمەتی زیاتر بە بەرهەمی كوردی و پێویستە پشتگیری لە بەرنامە و درامای كوردی بكەین.

وشە/ محەمەد جەمال













وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 1992 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌