لە کۆنگرەى ڕابیتەى ئاوەدانکرنەوەى تواناى حکوومەتەکانى ناوخۆى وڵاتى هۆڵەندا کە ئێسته لە خوارووى ئەفهریقیا بەڕێوە دەچیت شارى دهۆک لە سەر ئاستى 38 شارى بەشداربوو بووهتە یەکێک لە پێنچ شارى ئاشتى لە سەر ئاستى جیهان.
بووه یهكهم و خهڵاتهكهى وهرگرت
سەلیم سەعید لێپرسڕاوى بەشى ڕاگەیاندن لە بۆردى کاروبارى مرۆڤایەتى لە پارێزگاى دهۆک بۆ "وشە" گوتى، "ئەمرۆ ئێوارە لە خوارووى ئەفهریقیا بە ئامادەبوونى جێگرى پارێزگارى دهۆک بۆ کاروبارى ئاوارە و پەنابەرەکان لەگەڵ بەرێوەبەرى بۆردى کاروبارى مرۆڤایەتى و بە بەشدارى 38 شار لە سەر ئاستى جیهان شارى دهۆک لە پێنچ شارى ئاشتى لە سەرئاستى جیهان هەڵبژێردرا.
زیاتر گوتى، دواتر له نێو ئهو پێنج شارهیش بووه یهكهم و خهڵاتهكهى وهرگرت.
ئەم ڕێو ڕەسمە لە میانەى کۆنگرەى ڕابیتەى ئاوەدانکرنەوەى تواناى حکوومەتەکانى ناوخۆى وڵاتى هۆڵەندا بووە کە ئیسته لە ئەفهریقیا بەڕێوەدەچێت و لەلایەن حکوومەتى هوڵەنداوە شارى دهۆک هەڵبژێردراوە و بە دوو سمینار لە سەر بارودۆخى پێکەوەژیان بەشداریکرد.
دواى سەرهەڵدانى داعش ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى سووریا و پارێزگاى موسڵ جێگاى خۆیان بەجێهێشتوون و ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کرد و زۆربەیان لە شارى دهۆک نیشتەجێبوون بەم هۆیەوە شارى دهۆک بە شارى پێکەوە ژیان ناسراوە بههۆى ئهوهى توانى ژمارەیەکى زۆر لە پەنابەر بەخۆیەوە بگرێت و بە ئاشتى تیایدا بژین.
دهۆك یەكێكە لە شارە قەشەنگەكانی كوردستان، دەكەوێتە پانتایی نێوان زنجیرە چیاكانی شەندۆخا لە باشوور و چیایی سپی لە باكوور و چیای مام سین لە ڕۆژهەڵات. هاوسنوورە لەگەڵ وڵاتى توركیا و سووریا، لە سنووری پارێزگای دهۆك نەتەوەكانی (كورد، كلدان، ئاشوور و ئەرمەن) دەژین و پەیرەوانی ئایینەكانی (ئیسلام، مەسیحی و یەزیدی) لەم شارە پێكەوە دەژین. چەندان شوێنەوار و هەڵكۆڵدراو و مۆزەخانەی شوێنەواری و كەلتووری، هەروەها موزەخانەی كولتووری ئیزیدیەكانی لێ یە. چەندان سەنتەری رۆشنییری و زانكۆ لە شاری دهۆك هەیە، سنووری پارێزگاكە چەندان شوێنی گەشتیاری و شوێنەواری لە دەوروبەریدا هەیە. سەری چیای زاوا و گەڵی دهۆك دوو شوێنی گەشتیاری نزیكی ئەم شارەن.
دهۆک/ دێژین سدقى