كۆمپانیای DNO لە دوو ساڵدا بەرهەمهێنانی نەوتی لە كوردستان دوو هێندە بەرز كردووەتەوە

:: AM:08:52:16/11/2019 ‌

هەرێمی كوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا توانیویەتی بە خێرایی پەرە بە بەرهەمهێنانی نەوتەكەی بدات و لەو رووەوە رۆڵێكی زۆر كاریگەر بگێڕێت، ئەمەش بووەتە جێی سەرنجی گۆڤار و دامەزراوە ئابوورییە ناسراوەكانی دنیا. بەڵام پسپۆڕێكی بواری جیۆلۆجی دەڵێ "كۆمپانیا و سەرچاوەكان، هەموو كاتێك لە بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان زێدەبێژییان كردووە و ژمارەی راستەقینە كەمترە لەو ژمارەیەی باس دەكرێت".

دوو ساڵ لەمەوبەر، لە دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و بەناچاری كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان، بەشێك لە گرنگترین كێڵگە نەوتییەكانیش كەوتنە دەست حكوومەتی بەغدا و میلیشیاكان و چیتر هەرێمی كوردستان نەیتوانی بۆ هەناردەكردنی نەوت، پشت بەو كێڵگانە ببەستێت. 

"هاڤانا و بای حەسەن" لە كەركووك، گرنگترین ئەو كێڵگانە بوون كە هۆكار بوون بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بتوانێت رۆژانە سەرووی 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكان بكات.

دوای ئەم رووداوە، توانای بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ خوارووی 200 هەزار بەرمیل كەم بووەوە. هەوڵەكانی حكوومەتی ناوەند بەو ئاراستەیە بوو هەرێمەكە چیتر نەتوانێ نەوت هەناردە بكات و كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری نەوت لێ بكشێنەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە رۆڵی ئەم كۆمپانیایانە زیاتر بوو و حكوومەت كە تا ئەو رۆژە بۆ هەناردەكردنی نەوت زیاتر پشتی بە كێڵگەكانی كەركووك دەبەست، ئەمجارە كێڵگەكانی ناوەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانی پەرە پێ دا.

رێك لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بە خێرایی زیادی كردووە، تەنیا لە كێڵگەكانی ناوخۆ نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، جگە لەو 200 هەزار بەرمیل نەوتەی كە لە كێڵگەكانی كەركووكەوە هەناردەی دەكات.
"پێترۆلیۆم ئێكۆنۆمیست" لە راپۆرتێكدا باسی چالاكییەكانی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی نەوت كردووە و نووسیویەتی، بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان رۆژ بە رۆژ روو لە زیادبوون دەكات و دەتوانێ لە داهاتوودا پێگەی زۆر بەهێزتر بكات، بەتایبەت ئەگەر كێشەكانی لەگەڵ بەغدا یەكلا بكاتەوە.

ئارامیی كوردستان هۆكار بووە لەوەی كۆمپانیا بیانییەكانی نەوت پەرە بە كارەكانیان بدەن.

یەكێك لەو خاڵانەی گۆڤارەكە تیشكی خستووەتە سەر، ئارامیی هەرێمی كوردستانە بەراورد بە سەرجەم ناوچەكانی تری عێراق و بەتایبەتی دوای شكستی داعش، ئەو هەرێمە سوودی لەو ئارامییە وەرگرتووە. 

گۆڤارەكە ئاماژەی بە كۆمپانیای DNOی نەرویجی داوە كە وەك سەركەوتووترین كۆمپانیای بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان كار دەكات، لە 2004ـەوە مافی كاركردن لە كێڵگەی تاوكێی بە فەرمی پێ دراوە، لە ساڵی 2017ـیشەوە لە كێڵگەی پیشخابوور دەستی بە پەرەپێدانی كێڵگەیەكی تری نەوت كردووە و توانیویەتی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت لە 55 هەزار بەرمیل بۆ 120 هەزار بەرمیل بەرز بكاتەوە.

هەرچەندە DNO  و گەنەل ئینرجی لە ساڵی 2016 و 2017 لە هەندێك كێڵگە بەرهەمهێنانیان دابەزی، بەڵام نەوەستان و پەرەیان بە كارەكانیان دا. 

هەروەها هەریەك لە گەنەل ئینرجی و گۆڵف كێستۆن بە دووەم و سێیەم گەورەترین وەبەرهێنەر لە كەرتی نەوتی كوردستان هەژمار دەكرێن، لە دوو ساڵی رابردوودا توانیویانە لە بەرهەمهێنانی نەوت ژمارەی پێوانەیی تۆمار بكەن. سەرەڕای كەمێك پاشەكشەی گەنەل لە تەقتەق، دواتر كۆمپانیاكە لە هەریەك لە كێڵگەكانی بینەباوێ و میران پەرەی بە كارەكانی دا.

دكتۆر گۆڤەند حوسێن شێروانی پسپۆڕ لە جیۆلۆجیای نەوت، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد، هەرێمی كوردستان ناتوانێ ئەو بڕە نەوتە بەرهەم بهێنێت كە پێشتر حكوومەت قسەی لەسەر دەكرد و دەیگوت، لەو ماوە دیاریكراوەدا دەیگەیەننە 800 هەزارو دواتر ملیۆنێك بەرمیل و بەرزتر لە رۆژێكدا.

شێروانی دەڵێ، "ئەوەی لە رابردوودا كرا و پێشبینی بۆ كرابوو، لە رووی تەكنیكییەوە راست دەرنەچوو، چونكە بەرهەمهێنانی نەوت و پەرەپێدانی كارێكی زۆر ئاسان نییە و پێویستی بە لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و دواتر بەرهەمهێنان و دواجار سەقامگیری لە بەرهەمهێنان هەیە، لەوانەیە لە حاڵەتی ئەزموونی بڕە نەوتێك بەرهەم بێت و بەرچاو بێت، بەڵام دەبێ چاوەڕێی سەقامگیری و ئاساییبوونەوەی بەرهەمهێنانەكە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێ توانای لە درێژخایەندا چەندە".

بە بۆچوونی شێروانی، زۆرجار كۆمپانیاكان و تەنانەت سەرچاوەكانیش هەندێك زێدەبێژی دەكەن لە خستنەڕووی بەرهەمهێنان، ئەگەرنا كاتی خۆیشی كە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ هەناردەی نەوت كرا، بەگوێرەی توانا پشكی هەرێم دیاری كرابوو.

"بۆ نموونە، لە ساڵی 2014 رێككەوتنەكە ئەوەبوو هەرێم 250 هەزار بەرمیل لە هی خۆی و لە هی كەركووكیش 200 هەزار بەرمیل هەناردە بكات. دوای رووداوەكانی كەركووك كە كورد بەشێك لە نەوتەكەی لە دەست دا، دەكرێ بگوترێ بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان لەو دوو ساڵەدا زیادی كردووە، بەڵام زۆر بەرچاو نییە، چونكە پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت بە تەكنیك و ئەنجامی ئەو كارانەوە گرێ دراوە كە لە كێڵگەكانی كوردستان بۆ نموونە لە شێخان و زاخۆ و شێواشۆك دەكرێن" شێروانی وای گوت.

هەرچەندە هەرێمی كورستان لە چەند ساڵی رابردوودا تووشی كۆمەڵێك ململانێ و شەڕی داسەپاو و تیرۆر و چەندان كێشەی تر بووەوە، بەڵام لانی كەم ئارامی و ئاسایش و سەقامگیری و لەناوبردنی داعش، هۆی سەرەكی بوون بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان لە كوردستان پەرە بە كارەكانیان بدەن.





وشە - سلێمان تاشان