دەرهێنەرانی كورد داوای دامەزراندنی سەنتەرێكی سینەمایی و بایكۆتی دراما بیانییەكان دەكەن

:: AM:09:00:16/11/2019 ‌

زنجیرە دراما بیانییەكان بەتایبەت درامای توركی، باڵیان كێشاوە بەسەر زۆربەی خێزان و تاكی كوردیدا و خێزانەكان بەشێوەیەك ئالوودەی بوون، ئەوەیش نیگەرانی لێكەوتووەتەوە ماوەیەكە گفتوگۆی رژد لەو رووەوە دەكرێ، بەتایبەت كە توركیا بەردەوام ستەم لە كورد دەكات، كەچی دراماكانی لە ماڵاندایە. جیا لەوەی هیچ پاڵپشتی نییە بۆ درامای كوردی.

شارەزایانی بواری هونەر پێیان وایە بینەری تەلەڤزیۆن لە نمایشكردنی درامای بیانی بێزارە و گلەیی زۆریان لە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەیە كە تا ئێستە نەیتوانیوە درامایەكی كوردی باش بەرهەم بێنێت، بۆچوونێكی تر دەڵێ، پێویستە حكوومەتی هەرێم پشتگیریی دارایی بەرهەمە كوردییەكان بكات تا بەرهەمی هونەری بچێتە قۆناغێكی نوێی پێشكەوتوو. بەگشتیی دەستپێشخەری رەتكردنەوەی درامای توركی لەناو خەڵكەوە سەری هەڵدا و پەرەی سەند.

لەم بەدواداچوونەدا "وشە" چەند دەرهێنەرێكی بە ئەزموونی دراما و سینەمای دوواندووە و لەبارەی گرینگیدان بە بەرهەمی ناوخۆ و ئاشتبوونەوەی بینەری كوردی، سەرنجی خۆیان دەخەنە ڕوو.

ئومێد كەمال نووسەر و دەرهێنەری دراما، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، گرنگیدان بە درامای كوردی ئەركی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و دەبێ بایەخی زۆری پێ بدات، دەكرێ كۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی دراما دابمەزرێت، چونكە ئەوكات دەتوانرێ لە ڕێی كادر و كەسانی شارەزای وڵاتانی ترەوە خزمەت بەم بوارە بكرێت و بەرهەمێكی كوردی بە ستافێكی پیشەیی بیانی، خزمەت بە كاری خۆماڵی بكات و  جێی درامای دۆبلاجی بێ كەڵك و بازرگانی بگرێتەوە. 

ئومێد رەخنە لە كەناڵەكان دەگرێ و دەڵێ، زۆربەیان بەبێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی، تەنیا بیر لە پارە پەیداكردن دەكەنەوە، لە كاتێكدا دەتوانن بە پارەی كڕینی ئەم دراما بیانییانە، كاری كوردیی زۆر جوان دروست بكەن، ئەمەش پێوەستە بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی كە لای زۆر لەم كەسانە نییە كە تیڤییەكانیان بە دەستە و زۆربەیان هیچ شارەزاییەكیان لە بوارەكە نییە، تەنیا تەلەڤزیۆنەكانیان كردووەتە دووكانێكی ساغكردنەوەی كاڵای بێگانە، وەك چۆن بازاڕەكانیان لە خزمەتی كاڵاكانی ئەواندایە.
پەخشكردنی درامای بیانی بۆ ماوەی چەند ساڵێك ڕابگیرێت و سەنتەرێكی سینەمایی بۆ بەرهەمهێنانی فیلم و دراما دابمەزرێت.


هاوكات مەهدی ئومێد دەرهێنەری ناسراوی كورد، لە "وشە"وە داوای ڕاگرتنی دراما بییانییەكان دەكات و پەیامێكیش ئاراستەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێ، "دەمێكە بینەری تەلەڤزیۆنەكان لە نمایشكردنی دراما بیانییەكان بێزارن و گلەیی زۆریان هەیە، من ئەم پێشنیازە دەخەمە بەردەستی هەمووان كە پەخشكردنی درامای بیانی بۆ ماوەی چەند ساڵێك ڕابگیرێت، سەنتەرێكی سینەمایی  بۆ  بەرهەمهێنانی فیلم و دراما دابمەزرێت و بۆ ماوەیەك ئەم سەنتەرە وەك ناوەندێكی هونەری سەربە ئەنجوومەنی وەزیران بێت، بەوردی هەموو لایەنە هونەری و هزری و داراییەكانی بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و پێشكەوتن و چاودێریكردن تەرخان بكرێت، هەروەها كۆمپانیایەكی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت سەرپەرشتی بكات، بۆ ئەم مەبەستەیش هەموو تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان وەك ئەركێكی نیشتمانی لە هاوكاریكردنی ئەم پڕۆژەیەدا هاوبەش بن."

لای خۆیەوە عەدنان عوسمان دەرهێنەری سینەمایی، بە پێویستی دەزانێ حكوومەتی هەرێم پاڵپشتی دارایی بەرهەمە هونەرییە ناوخۆییەكان بكات و بە"وشە" دەڵێت، ”دەبێ فیلم و حەڵقەی تەلەڤزیۆنی هاوبەش بەرهەم بهێنرێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی داودەزگا تایبەتییەكانی، پشتگیریی دارایی بەرهەمەكان بكات و كۆمپانیا هونەرییەكانیش لە ڕێی سپۆنسەرەكانەوە بەشێك لە خەرجییەكان دابین بكەن".
"بەم شێوەیە بەرهەمهێنانی هونەری دەچێتە قۆناغێكی نوێ، لە ئەنجامدا هەم حكوومەت پاڵپشتی دارایی بەرهەمە ناوخۆییەكانی كردووە و هەم كۆمپانیا هونەرییەكانیش دەبووژێنەوە و بەرهەمی باش دروست دەكەن و بە دوای بازاڕ و قازانجدا دەگەڕێن" عوسمان وای گوت.
بەگوتەی ئەو، ئەگەر ئەم كارە بۆ ماوەی چەند ساڵێك بەردەوام بێت، كاری بەرهەمهێنان دەكەوێتە سەر ڕێڕەوی راستەقینەی خۆی و هونەرمەندی كورد وەك هونەرمەندانی هەموو دنیا لە قازانج و فرۆشتنی بەرهەمەكانیان سوودمەند دەبن و كاری هونەری دەبێتە پیشە و كاردانەوەی ئەرێنیی لێ دەكەوێتەوە.

بەڵام كامەران مەنسووڕ دەرهێنەری دراما و سینەما، هۆی گرینگی نەدان بە فیلم و درامای كوردی بۆ تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە و باس لەوە دەكات كە ساڵی 2014 كە تەنگژەی دارایی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد، ڕاستەوخۆ كاریگەری هەبوو لەسەر هونەر بەگشتی.

كامەران بە"وشە"ی راگەیاند، ”لەم تەنگژەیە زیانمەند بووم، چونكە خالید دۆسكی لەگەڵ دەستبەكاربوونی بۆ پۆستی وەزیری ڕۆشنبیری، ڕەزامەندی دەربڕی بە خەرجكردنی پارە بۆ بەشی دووەمی درامای (لاپەڕەكانی كەركووك)، بەڵام ئەوكات بەهۆی تەنگژەی دارایی پارەكە خەرج نەكرا، هەروەها تا ئێستە وەزارەتی ڕۆشنبیری هیچ درامایەكی بەرهەم نەهێناوە و بەشی زۆریان لە ڕێی كەرتی تایبەتەوە بەرهەم دەهێنرێن".

"وەزارەت پێویستە بزانێ پارە بۆ كام دەرهێنەر خەرج دەكات، بەداخەوە كارەكان هەمووی لەسەر بنەمای خزمایەتی و هاوڕێیەتی بەڕێوە دەچن و دەرهێنەری باش زۆرجار مافی دەخورێت و هیچ پارەیەكی بۆ تەرخان ناكرێت بۆ ئەوەی خزمەتی هونەر و بینەری كوردی بكات" كامەران وای گوت.
وشە/راپۆرتی گەرمیان گلی






وشە - وشه‌