سێشەم نۆڕینگە پزیشكییەكانی هەولێر دادەخرێن

:: AM:11:41:16/11/2019 ‌
پزیشكانی ددان لە هەولێر داوای دامەزراندن دەكەن و لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی داواكارییەكەشیان، ڕۆژی سێشەم سەرجەم نۆڕینگەكانیان دادەخەن.

ئەمڕۆ شەموو 16ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكی سەندیكای پزیشكانی ددان لە شاری هەولێر هاتووە، وەك ئەنجوومەنی لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی ددانی كوردستان پاڵپشتی تەواوی داواكارییە رەواكانی پزیشكانی ددانی دانەمەزراو دەكەین بۆ وەرگرتنی كەمترین مافە سەرەتاییە یاساییەكانی خۆیان بۆ دامەزراندن و درێژەدان بە تەواوكردنی پێداویستی كاركردن بە بڕوانامەی پیشەیی خۆیان كە بەپێی یاسا دامەزراندنیان پێداویستییەكی سەرەكی پیشەیی تەندروستییە.

ئەنجامدانی گردبوونەوەیەك لە بەردەم بارەگای لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی ددان 
ئەو سەندیكایە ئاشكرای كردووە، وەك پاڵپشتییەك لە هاوپیشەكانیان داوا لە گشت پزیشكانی ددانی سنووری شاری هەولێر دەكەن رۆژی سێشەم نۆڕینگەكانیان دابخەن بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەیەك لە بەردەم بارەگای لقی هەولێری سەندیكای پزیشكانی ددان.

ئەو پشتگیرییەی سەندیكا لە كاتێكدایە ڕۆژی پێنجشەم پزیشكانی دانەمەزراوی ددان بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و تێیدا داوای دامەزراندنیان كرد.



وشە - رامیار جەواد