خۆپێشاندان رۆژهەڵاتی كوردستان و دەیان شاری ئێرانی گرتەوە

:: PM:02:34:16/11/2019 ‌

ناڕەزایەتییەكان لە دژی حكوومەتی ئێران كە دوێنێ هەینی دوای بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزین دەستی پێ كرد، ئەمڕۆ شەموو گەرم و گوڕتر لە دوێنێ درێژەی هەیە و دەیان شاری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاری و گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كراونەتەوە، خۆپێشاندەران ئەمڕۆ زۆر تووڕەتر لە دوێنێ هەینی هاتوونەتە سەر شەقام و لە چەندان شوێنیش رووبەڕووبوونەوە لە نێوان پۆلیس و خۆپێشاندەران هاتووەتە كایەوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" ئەمڕۆ لە ورمێ، سنە، هەمەدان، كرماشان، سیرجان، مەشهەد، ئەهواز، ئابادان، پۆلدۆختەر، بەندەر ریگ، شیراز، تەورێز، سەقز، چابەهار، ئیسلامشار، تاران، گەچساران، زاهیدان، نیشابوور، خوڕەم ئاباد، بابۆل، كەرەج، قەزوین، هەمەدان و دەیان شاری تر خۆپێشاندان دەستی پێ كردووە.

لە سنە خۆپێشاندەران بە بەرد لە هێزەكانی پۆلیس دەگرن

بەربڵاوترین خۆپێشاندان لە سیرجان بووە كە بە هۆیەوە كەسێك كوژراوە. هاوكات بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە لە سنە خۆپێشاندەران بە بەرد لە هێزەكانی پۆلیس دەگرن و هێزەكانی پۆلیسیس لە كاتێكدا بە ماتۆڕ بە ناو شاردا دەسووڕێنەوە ناتوانن رێ لە خۆپێشاندانی خەڵك بگرن.

لە مەشهەد هێڵی ئینتەرنێت لەسەر خەڵك پچڕاوە و لە كۆی ئێرانیش خێرایی ئینتەرنێت زۆر خاو كراوەتەوە

دوێنێ هەینی بە بڕیارێكی كۆمپانیای نیشتمانی دابەشكردنی بەنزین، نرخی بەنزین لە ئێران سێ هێندە گران بووە و ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵك و خۆپێشاندانی لە چەندان شاری ئێران لێ كەوتەوە.

بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە نرخی هەر لیترێك بەنزینی نۆرماڵ كە بە بیتاقە دابەش دەكرێ، بە هەزار و 500 تمەنە و بەنزینی ئازادیش بە سێ هەزار تمەنە. پێشتر لیتری بەنزینی ئازاد بە هەزار دینار بوو و بەو پێیە نرخی هەر لیترێك سێ هێندە لەسەر خەڵك گران كراوە. بەپێی ئامارێك كە كۆمپانیاكە بڵاوی كردووەتەوە لە ئێران رۆژانە سوود لە 90 ملیۆن لیتر بەنزین وەردەگیرێت.

كاریگەری سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هۆكار بووە لەوەی حكوومەت بۆ بەرزكردنەوەی داهاتەكەی هانا بۆ گرانكردنی خزمەتگوزارییەكان و سەپاندنی باج و رسووماتی زیاتر بەرێت.

هەفتەی رابردوو نوێنەرێكی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە دەرهێنانی داهاتی نەوت لە بودجە بە قەبارەی 60 تریلیۆن تمەن پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر حكوومەت كە بە های دۆلار و بەگوێرەی نرخی دۆلار، لە بانكی ناوەندی ئێران دەگاتە سەرووی 15 ملیار دۆلار. هاوكات سەرۆكی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمانی ئێران گوتبووی بە گۆڕینی سیستمی باج و رسوومات هەوڵ دەدەن ئەم كورتهێنانە پڕ بكەنەوە.





وشە - سلێمان تاشان

ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌