ئێران.. خۆپێشاندانەكان شارە گەورەكان دەگرێتەوە

:: PM:05:31:16/11/2019 ‌

لە دوێنێ هەینییەوە خۆپێشاندانی جەماوەری لە ئێران سەری هەڵدایەوە، دوێنێ قوربانی كوژراو بریندار هەبوو، ئەمڕۆ شەموو خۆپێشاندانەكان فرەوانتر بوون و دەیان شاری ئێرانی گرتەوە لەوانە تارانی پایەتەخت، لە بەرانبەردا هێزە تەناهییەكانی ئەو وڵاتە بە هاوشێوەی خۆپێشاندانەكانی عێراق بە گولە و بۆمبی فرمێسكڕێژ رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە.  

گەڕێكی تری هەوڵی چۆكدادان بە ئێران دەستی پێ كرد
دوێنێ حكوومەتی ئێران بڕیاری گرانكردنی نرخی بەنزینی بۆ سێ هێند دەركرد، كە بڕیارێكی دەستگرتنەوەی حكوومەتی ئێرانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەری سزاكانی سەری لەلایەن ئەمەریكاوە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەكەیەوە، ئەوەش وای كرد خەڵك ناڕەزایەتییەكەی بتەقێتەوە بەهۆی خراپتربوونی دۆخەكە، لەوكاتەی راپۆرتەكان لەبارەی پاڵپشتیكردنی ئێران بۆ گرووپە چەكدارەكانی لە لبنان و عێراق و یەمەن و سووریا بەردەوامن. 

ئەمڕۆ شەموو داواكاری گشتی ئێران رای گەیاند كە بەزەبری هێز رووبەڕووی خراپەكاران و ئەوانە دەبنەوە كە دۆخی تەناهی و گشتی دەشێوێنن، لەوكاتەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ئێران دوای كۆبوونەوەی دووپاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بە زیادكردنی نرخی بەنزین كردەوە و حكوومەتی ئێرانیش خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی لە چەند ناوچەیەك پچڕاند.

لە تارانی پایەتەخت و چەند شارێكی تری ئێرانی خۆپێشاندەران چەند شەقامێكیان داخست، هێزە تەناهییەكان رووبەڕوویان بوونەوە، هاوكات ئەمڕۆ شەموو حكوومەتی عێراق دەروازەی سنووری شەلامچەی لەگەڵ ئێران لەبەردەم هاتوچۆی خەڵك و گەشتیاران داخست، ئەوەش لەسەر داوای حكوومەتی ئێران.   

لە شاری كرماشان كە ناڕەزایەتییەكی فرەوان بەخۆیەوە دبینێت بەهۆی بڕیارەكەی حكوومەتی ئێران، خۆپێشاندەران ئاگریان لە بنكەیەكی پۆلیس بەرداوە و خۆپێشاندەران بەلێشاو رژاونەتە سەر شەقامەكان، لەوكاتەی زانیارییەكانی باسی ئەوە دەكەن كە لە 53 شار و شارۆكەی ئێران ناڕەزایەتی بەڕێوە دەچێت.  





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 155 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌