واشنتن داوا لە وڵاتانی كەنداو دەكات رووبەڕووی ئێران ببنەوە

:: PM:05:58:16/11/2019 ‌

دێڤید گۆڵدفین، سوپاسالاری هێزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكا داوای لە وڵاتانی كەنداو كرد كە ناكۆكییەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن و هەوڵ و توانا سەربازییەكانیان لە سایەی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكانیان لەگەڵ ئێران یەك بخەن. 

هاندانی ناراستەوخۆی ئەمەریكا لەدژی ئێران بەردەوامە
لەوكاتەی ئەمەریكا بەردەوامە لە سەپاندنی سزا ئابوورییەكان بەسەر تاران و تا دێت ئەو سزایانە توندتر دەكات، ئەو دوای ئەوەی پێشانی هاوپەیمانەكانی دا كە ئێران هەڕەشەیەكی بەردەوامە بۆ سەر كەنداو و وڵات و رێڕەوی هاتوچۆی نەوت و گەرووی هورمز، هاوكات ئەوروپا بەوەی ئێران بەبەردەوام هەڕەشەی دەستكردنەوە بە چالاكییە ئەتۆمییەكانی دەكات، ئێستە هانی ئەوان دەدات بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانیان و دەسبەتاڵبوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران. 

گۆڵدفین لە دوبەی لەبەردەم كۆنگرەیەكی فەرماندی هێزە ئاسمانییەكان گوتی، ئەوكاتەی مووشەكێك یان فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان لە ئێران دەردەچێت، كاتی یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی رابردوو نییە، بەڵكو ئەمڕۆ و ئێستە كاتی ئەوەیە كە ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێت.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو چەند هێرشێك لە ناوچەی كەنداو روویان دا لەوانە بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان و دامەزراوە نەوتییەكانی سعوودیە كە هەمووی لەسەر ئێران ساغ بووەتەوە، لەو كاتەی بەهۆی ناكۆكی نێوان قەتەڕ و سعوودیە و ئیمارات و میسڕ نەتوانراوە هەڵوێستێكی یەكگرتووی كەنداو لەبەرانبەر ئەو رەفتارانەی ئێران هەبێت. 

هاوكات لەگەڵ بوونی چەند بنكەیەكی سەربازی ئەمەریكا لە وڵاتانی كەنداو لەوانە بنكەی عودەید لە قەتەڕ و بارەگای كەشتیگەلی پێنجی ئەمەریكا لە بەحرێن و بوونی سەربازی ئەمەریكا لە سعوودیە و كوێت و واژووكردنی گرێبەستی سەربازی لەگەڵ عومان، بەڵام ئەو فەرمانە ئەمەریكاییە دووپاتی كردەوە هیچ لە وڵاتانی كەنداو بەتەنیا توانای بەرگریكردنیان لەخۆیان نییە، بەڵام ئێمە هەموومان بەیەكەوە دەتوانین ئەو كارە بكەین. بۆیە با ئێستە دەست پێ بكەین كە دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە و دەستی بە رەفتارێكی خراپەكاری گرتووە لە ناوچەكە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل