حكوومەتی عێراق: وەزیرە نوێیەكان لە دەرەوەی پارتە سیاسییەكان دادەنرێن

:: PM:07:24:16/11/2019 ‌

دوای ئەو زانیاریانەی باس لە گۆڕانكاری گەورەی وەزیرەكانی عێراق دەكەن كە 8-10 وەزیر دەگرێتەوە، سەعد حەدیسی گوتەبێژ بەناوی حكوومەتی عێراق ئاشكرای كرد كە ئەو گۆڕانكارییەی لە كابینەی حكوومەتی عێراق دەكرێت لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكان دەبێت.
حكوومەت لە هەوڵی هێوركردنەوەی شەقام بەردەوامە
حەدیسی لەوبارەوە گوتی، كار لەسەر گۆڕانكاری ویزاری دەكرێت كە وەزارەتە خزمەتگوزاری و ئابوورییەكان دەگرێتەوە و وەزیرانی نوێش كەسانی سەربەخۆ دەبن لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكان و بەمنزیكانە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گۆڕانكارییەكە دەباتە ناو پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەریان.

زیاتر گوتی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ ئەو گۆڕانكاریانە پشت بە پێوەری نوێ دەبەستێت و لە دەرەوەی هێزە سیاسییەكان كاندیدانی دیاری دەكات و ئەو ئەو كەسانە پێشكەش پەرلەمان دەكات كە خۆی هەڵیان دەبژێرێت لەسەر بنەمای توانای ئەوان، واتە نزیكەی نیوەی كابینەی حكوومەتەكە دەگۆڕێت و ئەوەش دەبێتە بەشێك لەو چاكسازیانەی وەك وەڵامدانەوەی داوای خۆپێشاندەران دەیكات.

دوای بەیاننامەكەی هەینی رابردووی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف كە زیاتر پاڵپشتی جەماوەری خۆپێشاندەری لە بەرانبەر پارتە سیاسییەكانی عێراق كرد، هەوڵەكانی پەرلەمان و حكوومەتی عێراقی خێراتر كرد بۆ وەڵامدانەوەی داواكاری خۆپێشاندەران بە چاكسازیكردن، لەوكاتەی خۆپێشاندەران لەسەر داواكارییەكانیان سوورن بەوەی دەبێت هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرێت و پەرلەمان و حكوومەت بێنە هەڵوەشانەوە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل