وەزیری بەرگری عێراق هۆكاری كوژرانی ئەو ژمارە زۆرەی خۆپێشاندەران ئاشكرا دەكات

:: PM:07:53:16/11/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوامن و قوربانییەكی زۆر لە ریزی خۆپێشاندەران لە كوژراو بریندار هەیە، وەزیری بەرگری عێراق لەلایەك ئاماژە دەكات كە هێزە تەناهییەكانی عێراق نیازی كوشتنی كەسیان نییە و هێزی سێیەمە ئەو كارە دەكات، لەلایەكی تر ئاشكرای دەكات كە هێزە تەناهییەكان لەسەر شەڕ راهاتوون، بۆیە ئەوان بۆمبی فرمێسكڕێژ ئاراستەی سەری خۆپێشاندەران دەكەن و دەیانكوژن.

لایەنی سێیەم تەقە لە خۆپێشاندەر و هێزە تەناهییەكان دەكات
نەجاح شمەری وەزیری بەرگری عێراق بەم دواییە لە تۆمارێكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وەك بەشێك لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنی بڵاو كراەووە رای گەیاند كە ئەو بۆمبانەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندەران بەكار دێت، سێجار گەورەترن لە ئاسایی و ئەوانە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هاوردە نەكراون و هێزێكر تر هەن كە هێزە تەناهییەكان و خۆپێشاندەران دەكوژن. 

شمەری لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی "فرانس24"ی فڕەنسی گوتی، لەبارەی كوشتنی خۆپێشاندەران تێكهەڵكێشییەك هەیە، لای ئێمە هیچ رێنوێنییەك نییە بۆ تەقەكردن لە خۆپێشاندەران، واتە هیچ هێزێكی عێراقی بۆی نییە، بەڵكو ئەوانەی تەقە دەكەن لایەنی سێیەمن و دەیانەوێ دۆخەكە وا پێشان بدەن وەك ململانێی نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان.

زیاتر گوتی، حكوومەت و سوپا و هێزە تەناهییەكان هەموویان پاڵپشتی لە داواكاری خۆپێشاندەران دەكەن و لە 2ی تشرینی یەكەمی رابردوو فەرمان دەرچووە بە بەكارنەهێنانی چەك و تا ئێستە هەروایە، بۆیە لایەنی سێیەمە كە خۆپێشاندەران دەكوژێ و ئێمەش سوورین لەسەر دوورخستنەوەی ئەوان و تا ئێستە فەرمانی گرتن بۆ 200 كەس دەرچووە كە ئەوان لایەنێكی كۆنترۆڵ نەكراون و دووپاتی ناكەینەوە كە سەر بە حەشدی شەعبین یان نا.  

وەزیری بەرگری عێراق دانی بەوەدا نا كە دزەكردنێكی زۆر بۆ ناو هێزە تەناهییەكان هەیە، جیا لەوە ئەوان هێزی شەڕوانن و ئامادەنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپێشاندانەكان، بۆیە كەوتنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانی بەهۆی بۆمبی فرمێسكڕێژ ئەوەیە كە ئەوان بۆمبەكان ئاراستەی سەری خۆپێشاندەر دەكەن و دەیكوژن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل