عێراق.. خۆپێشاندان بەردەوامە و سبەی مانگرتنی فرەوان بەڕێوە دەچێت

:: PM:08:37:16/11/2019 ‌

خۆپێشاندانەكانی عێراق بەردەوامن و جیا لە بەغدای پایەتەخت، لە بەسڕە و بابل و نەجەف و كەربەلا و میسان و سەماوە و زیقاڕ و چەند ناوچەی تر رووبەڕووبوونەوە هەیە و بڕیارە سبەی مانگرتنی فرەوان بەڕێوە بچێت.

بەیاننامەكەی سیستانی خۆپێشاندانەكانی گەرمتر كرد
شەوی رابردوو تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەموو هەوڵی هێزە تەناهییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی گۆڕەپانی خلانی لە بەغدا بەردەوام بوو، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ هەوڵەكانیان شكستی هێناو و خۆپێشاندەران توانیان تا نیوەی پردی سنەك بچن و كۆنترۆڵی دەوروبەری ئەو ناوچەی بكەن، لەوكاتەی تا ئێستە لێكۆڵینەوە لە تەقینەوەكانی دوێنێی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و حبووبی لە ناسڕییە كۆتایی نەهاتووە، چەكدارانی نەناسراو چالاكێكیان لە بەغدا كوشت و بەوەش ژمارەی چالاكانی تا ئێستە كوژراون گەیشتووەتە حەوت.

فوئاد عمران، چالاكی مەدەنی لەو بارەوە دەڵێت، كۆنترۆڵكردنەوەی گۆڕەپانی خلانی پەیامێكە بە بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەكان، هێزە تەناهییەكان دوای تەقینەوەكانی دوێنێ رێگەكانین بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كردەوە، بۆیە خۆ پێشاندەران لە وەڵامی ئەوە بەرەو گۆڕەپانی خلانی و پردی سنەك چوون و كۆنترۆڵیان كردەوە.

ئەمڕۆ لە بەسڕە خۆپێشاندەران دەروازەی سنووری شەلامچەیان لەگەڵ ئێران داخست، وەك ناڕەزایەتییەك بۆ دەستوەردانی ئێران لە كاروباری عێراق، جیا لە گردبوونەوەی سەدان خۆپێشاندەر لەبەردەم كێڵگەی نەوتی مەجنوون، لە شاری ناسڕیە و شارەدێی غەراف لە پارێزگای زیقاڕ خۆپێشاندان بەردەوامە، بەهەمان شێوە لە دیوانییە و عمارە و سەماوە كە بڕیارە سبەی یەكشەم مانگرتنی سەرانسەری لەو پارێزگایانە بەڕێوە بچێت.

كۆمسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ لای خۆیەوە رای گەیاند كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە بەغدا و شارەكانیتر 125 كەس گیراون بەهۆی بەشداریكردنیان لە خۆپێشاندانەكانەوە، لای خۆیانەوە هۆزەكانی ئەلبو جەیاش لە پارێزگای موستەنا بڕیاریان داوە لە شاری سەماوە دەست بە مانگرتن بكەن و بەشداری لەو خۆپێشاندانانە بكەن كە بڕیارە سبەی یەكشەم لەو شارە بكرێت.

لای خۆیەوە حەسەن عەلەوی، سیاسەتوانی دێرینی عێراق لەوبارەی خۆپێشاندانەكانەوە گوتی، ناوچەكە بە وەرچەرخانێكی گەورەدا تێپەڕ دەبێت كە گۆڕینی چەندان رژێمی فەرمانڕەوایی لێ دەكەوێتەوە بێ پەنابردن بۆ كودەتای سەربازی و لە رێگەی جموجۆڵی كۆمەڵایەتی و جەماوەرییەوە كە ئەمەریكای لەپشتە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل