چوار خاڵی هاوبەشی خۆپێشاندانەكانی عێراق و ئێران

:: PM:09:44:16/11/2019 ‌
پاش ئەوەی پەتای ناڕەزایەتییەكانی عێراق و لبنان گەیشتە تارانی پایتەخت، ترسی دەسەڵاتدارانی ئێرانی لە خۆپێشاندەران بووەتە راستی و تا ئێستە كەسێك گیانی لە دەستداوە و دەیانی تریش بریندارن. دەسەڵاتدارانی ئێران ئەزموونی عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی خۆپێشاندەران دووبارە دەكەنەوە، بە خیانەتكار تۆمەتباريان دەكەن و ئینتەرنێتیان لەسەر دەبڕن.

بەهۆی گرانكردنی نرخی بەنزین كە بەرپرسانی ئێرانی دووپات لەوە دەكەنەوە گرانكردنەكە لە بەرژەوەندی هەژاران دایە، خۆپێشاندان لە تاران و ژمارەیەك شاری ئێران و كوردستانی رۆژهەڵات دژ بە بڕیارەكەی حكوومەت دەستی پێ كرد.

پێش خۆپێشاندانەكانی ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە پێیان وابوو ئەوەی لە عێراق و لبنان لە ماوەی 45 رۆژی رابردوو دەگوزەرێ، ژمارەیەك وڵاتی رۆژئاوا و هەرێمایەتی لە پشتەوەی خۆپێشاندەرانی ئەو دوو وڵاتەن بۆ تێكدانی رەوشی تەناهی ئەو وڵاتانە و خۆپێشاندەرانیش بە گێرەشێوێن ناو دەبەن بەوەی ئەمەریكا و ئیسڕائیل لە پشتەوەی خۆپێشاندەرانن. 

چاودێران پێیان وایە هەڵوێستی تاران بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی عێراق و لبنان، هەنگاوێكی پێشگیری بوو بە مەبەستی رێگرتن لە هەر خۆپێشاندانێك لە وڵاتەكەیان كە بەدەست داڕمانی دۆخی ئابووری گیرۆدە بووە و بەهای دراوی ئەو وڵاتە داتەپیوە.
چاودێران دەڵێن، دەسەڵاتدارانی ئێران بە هەمان رێگەی عێراق رووبەڕووی خۆپێشاندەران بووەتەوە و بە خیانەتكار تۆمەتباریان دەكات و هێڵی ئینتەرنێتیان لەسەر دەبڕێت. تا ئێستە دیارترین چوار خاڵی هاوبەشی نێوان خۆپێشاندانی هەردوو وڵات ئەمانەن:

بڕینی هێڵی ئینتەرنێت
دوای چەند رۆژێك لە بەردەوامی خۆپێشاندان لە ئێران، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە ئێوارەی دوێنێوە هێڵی ئینتەرنێتیان بڕی تا بەیانی ئەمڕۆ، ئەمەش دەستوەردانێكە بە ئامانجی رێگرتن لە رووماڵی میدیایی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەكان وەك ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراقیش ئەنجامیاندا، لە ترسی بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی توندوتیژی و سەركوتكردنی خۆپێشاندەران لەلایەن دەزگا تەناهییەكان. 
روانگەی نتبلوكسی تایبەتمەند بە هێڵی ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهان دەڵێ، تاران و مەشهەد و شیراز و ئەهواز دیارترین ئەو ناچانەی ئێرانە كە شەوی رابردوو هێڵی ئینتەرنێتی لەسەر بڕاوە

بڕینی ئینتەرنێت و تۆمەتباركردن بە خیانەتكار دوو خاڵی هاوبەشی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق و ئێرانە بەرانبەر بە خۆپێشاندەران


تۆمەتباركردنیان بە خیانەتكار
ماڵپەڕیی فەرمی و كەناڵی فەرمی حكوومەتی ئێران، میدیا بێلایەنەكانی تۆمەتباركرد بەوەی بەنزین بە ئاگردا دەكات و هەواڵی درۆینە بڵاودەكاتەوە و گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی درۆ لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو دەكاتەوە تا وای نیشانبدات خۆپێشاندانەكان زۆر جەماوەری و گەورەن.
میدیای دەوڵەتی ئێرانی دەیەوێت هاوشانی عێراقی جیاكاری بخاتە ناو ریزی خۆپێشاندەران بەوەی هەندێك لە "گێرەشێوێن" خۆیان خزاندۆتە ناو خۆپێشاندران كە لە بنەڕەتدا ئەوان دژی كۆماری ئیسلامی ئێرانن. محەمەد جەعفەر مونتەزری داواكاری گشتی ئێران دووپاتی لێكردەوە، هەروەك فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە حەوتی ئۆكتۆبەری رابردوو رای گەیاند، میلیشیاكانی حەشد ئامادەن بۆ دەستوەردان و رێگرتن لە هەر كودەتایەك، زیاتر گوتی "دەزانین كێن ئەوانەی لە پشتەوەی خۆپێشاندانەكانن و پیلانی رووخاندنی حكوومەت دادەنێنن، سزای هەموو ئەوانە دەدەین كە دەیانەوێت زیان بە عێراق بگەیەنێت". 

گرتنی رێگا
یەكێكی تر لە وێنە هاوشێوەكانی خۆپێشاندانەكانی عێراق و ئێران، گرتنی رێگایە لەلایەن خۆپێشاندەران. لە تارانی پایتەخت، خۆپێشاندەران شەقامی ئیمام عەلی كە سەرەكیترین شەقامی ئەو شارەیە، داخست، هەروەها شەقامی ئایەتوڵا كاشانییشیان لە تاران داخست. 
هەمان دیمەنی داخستنی شەقام لە شارەكانی تریش روویاندا، سەنندج رۆژئاوای ئێران، كەرەج ناوەڕاستی ئێران، شیراز و تاران و ئەسفەهان، خۆپێشاندەران رێگایان داخست. 
ئەم دیمەنی داخستنی شەقامە هاوشێوەی سەرەتای خۆپێشاندانەكانی بەغدایە كە خۆپێشاندەران لە رێگەی سووتاندنی تایە رێگاكانیان دادەخست بە مەبەستی رێگرتن لە هێزە تەناهییەكان تا نزیكیان نەبنەوە. 
 
داخستنی رێگاكان و گۆڕینی داخوازی لە خزمەتگوزاری و ئابووری بۆ دروشمی گۆڕینی سیستم حوكمڕانی دوو خاڵی هاوبەشی خۆپێشاندەرانی عێراق و ئێران


لە ئابوورییەوە بۆ خستنی سيستم
خۆپێشاندانەكانی ئێران ئەوەی جیای دەكاتەوە لەوەی عێراق، هۆكاری هەڵگیرساندنی بوو، ئەوان بەهۆی تەنگژەی ئابووری و گرانكردنی نرخی بەنزین رژانە سەر شەقام، كاتێك دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە نرخی بەنزینیان 50% گران كرد. بەڵام ئێستە خۆپێشاندەران داوای دوورخستنەوە و گۆڕانكاری لە سيستمی سیاسی وڵات دەكەن و دروشمی جێهێشتنی دەسەڵات لە دژی حەسەن روحانی سەرۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرز دەكەنەوە، جگە لەم دروشمە، دروشمی مەرگ بۆ دیكتاتۆر لە ناوەڕاستی تاران بەرز كرایەوە و لە شاری كرمساریش خۆپێشاندەران دروشمی (نا بۆ غەزە و لبنان، روحمان قوربانی ئێران) وەك ئاماژەیەك بۆ دەستوەردانی ئێران لەم دوو ناوچەیە، هاوكات خۆپێشاندەران لە شاری ئیسلامی شەهر، وێنەی خامنەیی رابەری ئێرانیان سووتاند.
دیمەنی سەرەتای خۆپێشاندانەكەی ئێران هاوشێوەی عێراقە، كاتێك خۆپێشاندەران لە عێراق بۆ داخوازی چاكسازی، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بێكاری رژانە سەر شەقام، دوای پشتگوێخستنی داواكارییەكانیان بە خێرایی داواكەیان گۆڕی بۆ كەوتنی حكوومەت و دەستلەكار كێشانەوەی حكوومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و رێگرتن لە هەژموونی ئێران بەسەر وڵات.
لە زۆرێك لە شارەكانی عێراقی، وێنەی خامنەیی و قاسم سولێمانی لەلایەن خۆپێشاندەران سووتێنران و خۆپێشاندەرانیش دروشمی دژ بە ئێرانیان بەرز كردەوە تا گەیشت بە سووتانی كونسڵخانەی ئێران لە كەربەلا.



وشە - فه‌رمان سادق